ئەتۆمیزم ناوی قوتابخانەیەکی فەلسەفییە لە بابەت سروشتەوە کە وەھا ئامۆژگاری دەکا کە گەردوون لە تیکەگەلی بنەڕەتیی زۆر ورد و نەشیاوی دابەشکردن ناسراو بە ئەتۆم دروست بووە.[١]

ئاماژەکان بە تێگەیشتەی ئەتۆمیزم و ئەتۆمەکان ھەم لە یۆنانی کۆندا و ھەم لە نەریتە فەلسەفییەکەی ھیندستانی کۆندا بەدی دەکرێن. لیوکیپۆس، فەیلەسووفی یۆنانیی پێش سوقرات، بە داھێنەری ئەتۆمیزم دادەنرێ. ئەو، وێڕای ئەتۆمیستەکاتی تری یۆنانی کۆن، بناخەی تیۆرییەکیان داڕژاند کە دەیوت سروشت لە دوو سەرچاوە پێک ھاتووە: ئەتۆم و بەتاڵی. بە پێی ئەو تیۆرییە، ھۆکاری گۆڕان و جووڵە لە دنیای شتە گەورەکاندا ڕێکخرانەوەی کۆمای ئەتۆمەکانە. ئەتۆمەکان قەبارە و شێوە و جێگە و پێگەی جیاوازیان ھەیە و لە ناو بەتاڵیدا بەم لا و بەو لا دەبزوێن و، بە ھۆی ئەو قولاپ و ڕیشاڵە چکۆلانە کە ھەیانە، ھەندێکیان دەتوانن بۆ ماوەیەک خۆیان بلکێنن بە ھەندێکی تریانەوە و، بەم جۆرە، لە ئاکامی پێکەوەلکانی ئەتۆمەکان، شتە گەورەکان، وەک بەرد و کێو و دار و ئەسپ و کەروێشک و مرۆڤ، دروست دەبن.[٢]

کیمیازانانی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم بەڵگەی ڕوونیان لە تاقیگە دەست کەوت کە ھەموو ماددەیەک لە کۆمەڵێک پارچۆلکەی ورد ورد پێک ھاتووە. ئەو کاتە وایان دەزانی ئەو پارچۆلکە وردانە لەوە وردتر نابن، یانی چیدیکە لەتکردن و دابەشکردن ھەڵناگرن. بۆیە ناوی «ئەتۆم»یان بۆیان ھەڵبژارد کە نزیکەی ۲۵۰۰ ساڵ لە لایەن فەیلەسووفە ئەتۆمیستەکانەوە بە کار دەھات.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "atomism | Definition, Philosophy, History, & Facts | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-10-25.
  2. ^ Berryman, Sylvia. "Ancient Atomism". plato.stanford.edu (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-10-25.