ئاگر بەربوونی قوتابخانەکەی شیناوێ
ئاگر بەربوونی قوتابخانەکەی شیناوێ بریتییە لە ڕووداوی ئاگر بەربوون لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچانەی گوندی شیناوێ لە شاری پیرانشاری ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا.
قوتابخانە لە دوو بینا پێکھاتووە: یەکیان ڕوو بە ڕۆژاوایە و بینای سووتاویش ڕوو بە ڕۆژھەڵاتە کە بریتییە لە دوو وەتاغ و پاشخانەیەک. ئەو شوێنە زیاتر لە کەلاوە دەچێ ھەتا قوتابخانە! لە گۆشەی لای چەپی ژوورەکاندا دوو مەخزەنی گەورەی نەفتی لێیە. ئەم قوتابخانەیە سەرجەم ١٧٨ قوتابی لێدەخوێنن و کەوتووەتە نێوەڕاستی شیناوێ. شیناوێ ماوەی ١٠ ساڵە گازی بۆ چووە، بەڵام ئەم قوتابخانەیە بێ گازە.
ڕووداو
دەستکاریکاتژمێر ھەشت و نیوی سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ ھەتاوی، ھێشتا چەند خولەکێک لە کرانەوەی دەرگای ژووری پۆلەکانی قوتابخانە تێنەپەڕیبوو کە بە ھۆی ئاگر گرتنی سۆبەی نەوتی، پۆلی چوارەمی سەرەتایی کچانی شیناوێ بە ٣٦ قوتابییەوە بوو بە نێچیری ئاگر و دووکەڵ.
کاتژمێر حەوت و پازدە خولەکی بەیانی، پێشخزمەتی قوتابخانە، نەوت دە سۆبەکان دەکا و ھەڵیاندەکا. قووتابییەکانی ئەم پۆلە سووتاوە، کاتێ دەچنە ژوورەوە، بە جێگای گەرما و تینی سۆبە کۆنەکەیان، زیاتر بۆنی نەوتیان بۆ دێ. بۆیە بە تەواوی دەرگا دەکەنەوە. کاتژمێر ھەشت و چەند خولەک، مامۆستای پۆل (خانم حیسامی) دەچێتە ژوور و بۆ بەرگری لە سەرما دەرگاکە پێوەدەداتەوە. منداڵەکان دەڵێن خانم بۆنی نەوت دێ. ھەر دەو کاتیدا سۆبە بە تەواوی ئاگر دەگرێ، منداڵەکان ترسیان ڕێدەکەوێ و وە جموجۆڵ دەکەون. مامۆستا دەنگیان دەدا و پێیان دەڵێ: «کەس جووڵەی نەکا، ئەمن دەچم بانگیان دەکەم تا کەپسوول بێنن و بیکوژێننەوە.» کە دێنەوە دەبینن سۆبەکە ئاگری گرتووە، نازانن کەپسوولە بە کار بێنن یان ھەر بەتاڵ دەبێ. پێشخزمەت ھەر بە تەنیا پڕ دەداتە سۆبەکە و پشتاوپشت بۆ لای دەرگا دەڕوا کە لەبەر گڕی ئاگر، لە نێو شیپانەی دەرگا، لە دەستی بەردەبێتەوە و گڕەمشقەڵی ئاگر بە تەواوی دەرگا لە قوتابیان دەگرێ و نەوت و ئاگر بە نێو کلاس وەردەبێ. قوتابیان لە ترسی گڕ و گەرما بۆ لای پەنجەرە دەچن، بەڵام وادیارە پێشتر مەحکەمکاری بۆ ئەم ژوورە کراوە. بۆیە لەبەر نەردەی پەنجەرەکان ناتوانن دەرپەڕنەدەر. ھەڵبەز دابەزی قوتابیان ھەر لە نێو ئاگردایە و بەس. ھیچ دەرەتانێک بۆ قوتار بوون نامێنێ. لەو کاتیدا مامۆستای پۆلەکەی تر ھەڕا دەکا بۆ ڕزگار کردنی قوتابییەکان، بەڵام بە تەنیا زەفەر بە ئاگرەکە نابا.
کارەکانی دوای ڕووداوەکە
دەستکاریکاتێک دایک و باوکی قوتابیان و خەڵکی دەوروبەر خەبەردار دەبن، دایرەی ئاورکوژێنەوە و ١١٥ ئاگادار دەکەنەوە و ئەوان خۆ دەگەیەننە شوێنی ڕووداوەکە. ٣٦ کچۆڵەی قوتابی، بەسەر یەکدا ھەڵدەقرچێن. پەنجەرە و نەردەی قوتابخانە تێکدەشکێنن و منداڵەکان لە گەرووی ئاور دەردەکێشن. ھاوکات ماشینەکانی ئاورکوژێنەوە و ئامبوڵانسەکانی خەستەخانەی پیرانشار دەگەنە جێ، بەڵام مەخابن لە بەر ئەوەی قوتابخانە دەروازەی دەرەوەی ماشێنڕۆ نابێ، لە خێرایی کوژاندنەوەی ئاگر و خێرا ڕاگوێزتنی سووتاوەکان، کەم دەبێتەوە. خەستەخانە لە بەر نەبوونی پێداویستی پزیشکی، ھەروەھا ژمارەی زۆری قوتابیان و ڕێژەی زۆری سووتانی لەشیان، نەیتوانی تیماریان بکا و بۆیە بەخێرایی بۆ شارەکانی ورمێ و تەورێز ڕەوانە کران. لەو قوتابییە سووتاوانە، ١٥ کەسیان ڕەوانەی تەورێز دەکرێن کە حاڵیان شڕترە لە وانەی لە ورمێ ماونەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ھەواڵ
دەستکاریئەو کارەساتە ئەوەندە بەگوڕ و تراژیدیا بوو کە بە لەز لە سەرجەم میدیا و ڕۆژنامە ھەواڵییەکانی جیھان بڵاو بۆوە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر کۆمەڵگای مرۆیی دانا. ئەو کارەساتە لە دوو گۆشەنیگاوە جێگای تێڕاونین و لێوردبوونەوەیە، لە لایەک ئامووزش و پەروەرش و لە لایەکی دیکە شایەتحاڵانی کارەساتەکە. بەداخەوە بە ھۆی ئاڵۆزیی باری ڕاگەیاندن و پاکانە کردنی تاوانبارانی سەرەکی کارەسات، ڕاستییەکە لە پێناو بەرژەوەندی سڕینەوەی تاوان، چەواشە دەکرێ، کۆمەڵانی خەڵک لە ھەقیقەتی جۆری ڕوودانی کارەسات بێبەش دەکرێن.
کاردانەوە
دەستکاریلە پاش ئەم کارەساتە بە پێی ڕاگەیندراوی فەرمی لە لایەن مورتەزا ڕێیسی جێگری وەزیری ئامووزش و پەروەرش پازدە لە سەتی قوتابخانەکانی وڵات کۆنن و کاتی کەڵک لێوەرگرتنیان بەسەرچووە کە چی ئێستا دەیان کارەساتی ھاوشێوە ڕوویان داوە، بەڵام ڕێگاچارەی بنەڕەتی کە بەر بەو ڕووداوە نەخوازراوانە بگرێ، وەبەر چاو نەگیراوە.
بە وتەی نوێنەری پیرانشار و سەردەشت، دوکتۆر خزری، بڕی دوو میلیارد تمەن بوودجەی تەرخانکراو بۆ ساز کردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی پیرانشار، بۆ ناوەندی پارێزگا گەڕێندراوەتەوە.
سەرچاوەکان
دەستکاری- گۆڤاری مەھاباد، ساڵی دوازدەیەم، ژمارە ١٤١، ساڵی ١٣٩١، ئاگر گرتنی قوتابخانەی کچانەی شیناوێ، عومەر ئیمام
- کوردپرێس[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ھەواڵی کوردیی ئێران[بەستەری مردوو]