گلڤانۆمیتەر (بە ئینگلیزی: Galvanometer) دەزگایەکە، بەکاردەھێنرێت بۆ دروستکردنی ھەر یەکە لە ڤۆڵتمیتەر (بۆ پێوانی جیاوازیی ئەرک) و ئەمیتەر (بۆ پێوانی توندیی تەزوو).

پێکھاتەکانی گلڤانۆمیتەر و چۆنیەتیی ئیشکردنی دەستکاری

ڕێگەی ئیشکردنی گلڤانۆمیتەر بەندە لەسەر ئەو ھێزە موگناتیسییەی کە بواری موگناتیسی کاری پێدەکاتە سەر تەلی تەزووھەڵگر. دەزگاکە لە تەلێکی ھەڵپێچراو لەسەر پارچە ئاسنێکی گونجاو پێکدێت، دەتوانێت بە ئاسانی لەناو ئەو بوارەدا بخولێتەوە کە لە موگناتیسێکی ھەمیشەیییەوە پەیدابووە، ئەو زەبرەی کار لە کۆیلەکە دەکات لەگەڵ توندیی تەزووەکەدا ڕاستەوانە دەگۆڕێت، واتە ھەتا تەزووی تێپەڕبوو زیاتر بێت، زەبری خولێنەری کۆیلەکە زیاتردەبێت، پێش ئەوەی زەبرە گەڕێنەرەوەکەی سپرینگەکە بیوەستێنێتەوە. بۆیە لادانی نیشاندەری دەرزی گلڤانۆمیتەرەکە لەگەڵ توندیی ئەو تەزووەی کە پێیدا تێپەڕدەبێت ڕاستەوانە دەگۆڕێت، ئەگەر ھیچ تەزوویەک بە کۆیلەکەدا نەڕوات ئەوا سپرینگەکە دەرزییەکە دەگەڕێنێتەوە سەر سفر. دوای ڕێکخستنی پێوەری دەزگاکە دەکرێت لەگەڵ بەشی تری سووڕی کارەبایی وەک ئەمیتەر یان ڤۆڵتمیتەر بەکاربھێنرێت. گلڤانۆمیتەر تەزووە زۆر لاوازەکان دەپێوێت بەیەکەی (مللیئەمپێر) یان (مایکرۆئەمپێر)، بەڵام دەکرێت گلڤانۆمیتەر بکرێت بە ئەمیتەرێک کە تەزووی بەرز بپێوێت، ئەویش بە بەستنی بەرگرییەکی زۆر بچووک بە ھاوڕێکی لەگەڵیدا، ئەم بەرگرییە پێی دەوترێت تەزووبەشکەر «shunt»، ئەم دووانە بە شێوەیەک ڕێکدەخرێن زۆربەی تەزووەکە بە بەرگرییەکەدا بڕوات و تەزوویەکی زۆر کەم بە گلڤانۆمیتەرەکەدا بڕوات، کە بتوانرێت بپێورێت. ھەروەھا دەکرێت گلڤانۆمیتەر بگۆڕدرێت بۆ ڤۆڵتمیتەر ئەویش بەبەستنی بەرگرییەکەی زۆر گەورە بەدواییەک لەگەڵیدا. لەبەرئەوەی جیاوازی ئەرک لەگەڵ بەرگریدا ڕاستەوانە دەگۆڕێت بۆیە زۆرترین جیاوازیی ئەرک لەنێوان جەمسەرەکانی بەرگرییەکەدا دەبێت و جیاوازییەکەی ئەرکی زۆر کەم لەسەر جەمسەرەکانی گلڤانۆمیتەرەکە دەبێت، بەوەش تەزووی ئەم لقە زۆر لاوازدەبێت چونکە نرخی بەرگرییە دواییەکەکە زۆر گەورەیە.

سەرچاوە دەستکاری

  • پەرتووکی فیزیا ١٢، چاپی دووەم - ٢٠١٢، «وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان».