کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار

کۆنیشانەی ڕیخۆڵەی ھەستیار دۆخێکی ڕیخۆڵەکانە کە دەبێتە ھۆی ژان و برک و زگەشۆرە یان گرفت و گیری.[١] مێشک و کۆئەندامی ھەرس بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یەکتر ھەیە. کاریگەری مێشک لەسەر کۆئەندامی ھەرس لەڕێگەی جووڵەدەماری ڤاگەس و چەندەھا فاکتەری کیمیاوی (دەمارەگەیەنەر) دەبێت، ھەروەھا فشاری دەروونی دەبێتە ھۆی ئازاری سک، ھێڵنج، ئاوسانی سک و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن. بەپێچەوانەوە، کۆئەندامی ھەرس کاریگەری ھەیە لەسەر مێشک لەڕێگەی بەکتریای ناو قۆلۆن. ئەو بەکتریا سوودبەخشانە ھاوسەنگی ناو قۆلۆن ڕادەگرن، ھەروەھا تەندروستی مێشک ڕادەگرن لەڕێگەی بەرھەمھێنانی چەندەھا ماددەی سوودبەخش.

گرژبوونی قۆلۆن پەیوەندی زۆر بەھێزی ھەیە لەگەڵ حاڵەتی دەروونی ئەو کەسە، بۆیە گرنگترین ھۆکاری چارەسەری بریتییە لە چارەسەری دەروونی لەلایەن پزیشک و نەخۆشەوە.

ھەندێک جار ئاڵۆزی دەروونی زۆر بە بە ڕوونی لە نەخۆشەکە بەدی دەکرێت لە کاتی گفتوگۆی نێوان پزیشک و نەخۆش. بۆ نموونە؛ نەخۆشەکە ھەمیشە وا بیردەکاتەوە کە نەخۆشیەکی ترسناکی ھەیە و ھیچ پزیشکێک نەیتوانیوە دەستنیشانی بکات و سوودی لەو ھەموو چارەسەرە جیاوازەی پزیشکانی پێشووی نەبینیوە، تەنانەت کاتێک ھەموو جۆرە پشکنینێکی بۆ کراوە بە نازووری قۆلۆنیشەوە.

ئەو بێ متمانەییە حاڵەتی دەروونی نەخۆشەکە ئاڵۆزتر دەکات و ناچاری دەکات واز لە ھەموو ڕێنمایی و چارەسەرکانی پزیشک بێنێت.

تێنەگەیشتنی نەخۆش لە سروشتی گرژبوونی قۆلۆن گرنگترین ھۆکارە بۆ چاک نەبوونەوەی نەخۆش.

نەخۆش ھەمیشە ئەو حاڵەتە بەراورد دەکات لەگەل نەخۆشییەکانی تری قۆلۆن وەک شێرپەنجە و چاوەڕوانی ئەوە لە پزیشکی خۆی دەکات بڵێت بە نەشتەرگەری نەخۆشییەکەت بنەبڕ دەبێت بەتایبەتی کاتێک کەسێکی نزیکی نەخۆش نەشتەرگەری بۆ کرابێت بۆ شێرپەنجەی قۆلۆن.

کەمدەرامەتی، سەرقاڵبوونی لەڕادەبەدەر لە کاروباری ڕۆژانە، تێکچوونی باری خێزانی بەھەر ھۆکارێک کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر تێکچوونی باری قۆلۆن بەتایبەتی کاتێک ئەو ھۆکارانە نەگۆڕبن و نەخۆش نەتوانێت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە.

سایکۆثێراپی (چارەسەری دەروونی) لەلای پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری دەروونی ھەمیشە لەلایەن ئەو جۆرە نەخۆشانە پشتگوێ دەخرێت یان بەھۆی نەبوونی قەناعەتی تەواو بەوەی حاڵەتەکەی پەیوەستە بە باری دەروونی خۆیەوە یان بەھۆی شەرمەوە کاتێک وا بیردەکاتەوە کە ڕاوێژی دەروونی تەنھا بۆ کەسێکی شێتە کە لە کوچەو کۆڵانەکان ژیان بەسەر دەبات.

ھەڵەکردنی نەخۆش لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکەی وای لێدەکات بکەوێتە جەنگ لەگەڵ خۆی و ھەندێک جار ناچاری دەکات پەنا بباتە بەر ھەندێک چارەسەر کە زیانی زۆری پێدەگەیەنێت.

کاتێک پزیشک بەنەخۆش دەڵێت ئەو حاڵەتە چارەسەری بنەبڕی نییەو دەبێت خۆی لەگەڵ بگونجێنێت، نەخۆش بەجارێک دەست لە خۆی بەردەدات و چاوەڕوانی مەرگی خۆی دەکات و لەبیر دەکات کە چارەسەری لەلای خۆیەوە دەست پێ دەکات و ئەوەیان حاڵەتێکە و لەگەڵ بەتەمەن چوون کۆتایی دێت و ھیچ کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستەی جێناھێڵێت.

کێن ئەوانەی تووش دەبن؟

گرژبوونی قۆلۆن سەرھەڵدەدات لەنێوان تەمەنی ٢٠–٣٠ ساڵی لە ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، بەڵام دەکرێت پێش ٢٠ ساڵیش نیشانەکانی سەرخات، ھەروەھا ھەندێک جار تا تەمەنی ٤٠ ساڵی درێژە دەکێشێت.

ڕەگەزی مێ دووقاتی ڕەگەزی نێر تووشی گرژبوونی قۆلۆن دەبن ڕەنگە بەھۆی کاریگەری ھۆرمۆنە مێینەکانەوە بێت چونکە ھەندێک جار نیشانەکان تووندتر دەبن لەکاتی دووگیانییدا.

ھۆکاری تووشبوون بە گرژبوونی قۆلۆن چییە؟

ھەڵچوون و ناھاوسەنگی باری دەروونی گرنگترین ھۆکاری تووشبوونە بەو حاڵەتە، ھەروەھا بۆماوە ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە کاتێک زیاتر لە ئەندامێکی خێزان تووش دەبێت. ھەندێک جار سکچوون بەھۆی ھەوکردنی ڕیخۆڵەکان ھۆکاریکی دیکەیە بۆ سەرھەڵدانی گرژبوونی قۆلۆن.

نیشانەکانی:

ژانەسک گرنگترین نیشانەی گرژبوونی قۆلۆنە. دەکرێت ژانەکە لەھەر شوێنێکی سک بێت بەتایبەتی لای چەپ.

زۆربەی کاتەکان ژانەکە ڕاستەوخۆ دوای خواردن دەبێت. ئاستی ژانەکە لە پێچێکی سووک تا ژانێکی توند دەبێت و لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە.

خواردنەوە گازییەکان، شیرەمەنییەکان (ماست، پەنیر…)، کافایین (چا، قاوە، تایگەر…)، خواردنی دەوڵەمەند بە پرۆتین بەتایبەتی گۆشت دەبنە ھۆی دروستبوونی ژانی قۆلۆن لە شێوەی پێچێکی توند کە زۆربەی جار بەشی چەپی سک و سەرمیزڵدان دەگرێتەوە و تەنانەت ھەندێک جار کەسەکە خۆی دووقەد دەکاتەوەو ھەناسەی سوار دەکات تا ئەو کاتەی پێچەکە سووکتر دەبێت.

ژانەکە ھەمیشە نامێنێت یان بەلای کەمەوە سووکتر دەبێت پاش چوونە سەر ئاو بۆیە ھەندێک جار کەسەکە خۆی بەدوور دەگرێت لە خواردن ئەگەر شوێنێکی گونجاوی دەستنەکەوێت بۆ سەرئاوکردن.

ئەو جۆرە ژانە ڕشانەوەی لەگەل نییەو ھیچ کاتێک ڕەنگی پیسایی ناگۆڕێت، بەڵام ھەندێک جار لەبری پیسایی تەنھا شلەیەکی لینجی لە شێوەی چڵم دێتە دەرەوە و ژانەکە نامێنێت.

گرژبوونی قۆلۆن سێ جۆری ھەیە:

  1. ئەوانەی زۆربەی کات سکچوونیان ھەیە لەدوای خواردن بەجۆرێک ھەرلەسەرەتای دەستپێکردنی نانخواردن ژانەسک دەگرێت و کەسەکە ناچاردەکات سفرە جێبھێڵێت بۆ ئەوەی سکی بەتاڵ بکاتەوە. ئەم جۆرەیان کەسەکە ئیحراج دەکات لە ناو خەڵک چونکە پێچی قۆلۆن قوڕەقوڕێک دروست دەکات کە تەنانەت خەڵکیش گوێبیستی دەبن.
  2. ئەوانەی زۆربەی کات قەبزن و پێیان خۆش نییە سەرئاو بکەن چونکە زۆر بە ئەستەم پیسایی دەکەن.
  3. جۆری تێکەڵ، ھەندێک جار سکچوون و ھەندێک جار قەبزی.
  4. سک ئاوسان بەھۆی غازات.
  5. بێتاقەتی و خەوزڕان.

چارەسەری:-

پێش باسکردنی چارەسەری دەمەوێ ئاماژە بە ھەندێک خاڵی گرنگ بکەم:

  • گرژبوونی قۆلۆن نەخۆشییەکی جەستەیی نییە؛ واتە ھیچ گۆرانکاریێکی شانەیی بەسەر قۆلۆن نایەت و ھیچ کاتێک مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست ناکات.
  • کاتێک باسی قۆلۆن دەکرێت لەلایەن پزیشکەوە؛ مەبەستی گرژبوونی قۆلۆنە نەک شێرپەنجە و بابەتەکانی تری قۆلۆن.
  • بەھیچ شێوەیەک نابێت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ نەخۆشی قۆلۆن دەستنیشان بکرێت و چارەسەری وەربگیرێت.
  • گرژبوونی قۆلۆن نەخۆشییەک نییە بە دەرمان یان نەشتەرگەری بنەبڕ بکرێت بەڵکو بە زیاد بوونی تەمەن نامێنێت.
  • ھەندێک نیشانەی ترسناک ھەن کە ئەگەر بەدیکران لەو کەسانەی گرژبوونی قۆلۆنیان ھەیە دەبێت بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات کە ئەمان:

 لەدەستدانی کێشێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا بەبێ مەبەست؛ واتە بە ڕیجیم یان وەرزش کردن.

 بوونی خوێن لەگەڵ پیسایی.

 بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

 کەمخوێنی لەجۆری کەمی توخمی ئاسن لە خوێن دا.

 ژانەسکێک کە بەچوونە سەرئاو باشتر نابێت.

 ژانەسکێک کە شوێنەکەی جێگیرەو ناگەڕێت بەناو سکدا.

 ژانێک کەسەکە خەبەر بکاتەوە لەخەو.

 سکچوونی بەیانیان زوو.

چارەسەری: بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت.

١. گرژبوونی قۆلۆن لە جۆری سکچوون: ھەندێک خواردن دەبنە ھۆی ورووژاندنی قۆلۆن و ژانەسک، بۆیە تا بکرێت دەبێت خۆی لێیان بەدوور بگرێت؛ بەڵام باشترین چارەسەر بریتییە لە تاقیکردنەوە، واتە ھەرجارەو جۆرە خواردنێک لەخۆی بگرێتەوە بۆ چەند ڕۆژێک ئەگەر ژانی نەبوو مانای ئەوەیە خواردنەکەی لێناکەوێت و دەبێت خۆی لێ بەدوور بگرێت.

  • ڕیشاڵە خۆراکییەکان؛ دوو جۆرن: ڕیشاڵە تواوەکان (بۆ سکچوون بەسوودن) و ڕیشاڵە نەتواوەکان (بۆ قەبزی بەسوودن). ڕیشاڵە خۆراکییە تواوەکان بەسوودن بۆ کەمکردنەوەی سکچوون چونکھ کاتێک دەگەنە ناو ڕیخۆڵەکان ئاو دەمژن بەمشێوەیە پیسایی خەست تردەبێتەوە و کەمتر پێویستی بە سەر ئاو دەبێت. سەرچاوەکانی ڕیشاڵە خۆراکییە تواوەکان بریتین لە؛ سێو، پڕتەقاڵ، فڕاولە، گێوژ، بازیللا، نۆک، شۆفان، گەنم، جۆ، برنجی بە چەڵتوک، نیسک، چەرەزات.
  • ھەستیاری ڕیخۆڵەکان بۆ گلوتین ھۆکارێکی گرنگی سکچوونە لەھەندێک ئەو کەسانەی کە ھەڵچوونی قۆلۆنیان ھەیە لە شێوەی سکچوونی درێژخایەن. گلوتین جۆرێک پڕۆتینە کاتێک بەر ناوپۆشی ڕیخۆڵەکان دەکەوێت ھەستیاریێکی بەھێز دروست دەکات و ڕیخۆڵەکان دەوروژێنێت و سکچوون دروست دەکات. گرنگترین سەرچاوەکانی گلوتین بریتین لە؛ گەنم (ھەر شتێک لە گەنم دروست بکرێت وەک نان، سەموون، کێک… ھتد)، جۆ، شۆفان، سمید، نیشاستە، مەعکەرۆنە و پاستا و ئێندۆمی، خواردنەوە ترشاوەکان وەک ئاوی جۆ و ھی تر. ئەو جۆرە کەسانە تەنھا بە وازھێنان لە بەرھەمانە بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک دەزانن ئایا ھەستیارییان بە گلوتین ھەیە یان نا، ئەگەر ھەستیاربن دەبێت بە ھیچ شێوەیەک ئەوانەی سەرەوە نەخۆن.
  • ھەندێک نەخۆشی بۆماوەیی دەگمەن دەبنە ھۆی تووشبوون بە سکچوون کاتێک ھەندێک جۆر شەکر دەخورێن وەک شەکری فرەکتۆز (کە بە ڕێژەیەکی زۆر ھەیە لەناو میوەکان، ھەنگوین، خواردنەوە گازییەکان، کاتچەپ… ھتد)، یان شەکری لاکتۆز (بە ڕێژەیەکی زۆر لەناو شیر و بەرھەمەکانی ھەیە)یان سۆربیتۆڵ (دەچێتە پێکھاتەی دەرمانەکان 'شڕووبی کۆخە و زۆر جۆرە حەب'، خواردنەوە گازییەکان، بنێشت یان وەک جێگرەوەی شەکر بۆ شیرنکردنی چا بەکار دێت لەلایەن تووشبووانی نەخۆشی شەکرە. تاکە چارەسەر بۆ ئەو حاڵەتە دەگمەنانە ئەوەیە کە دووربکەونەوە لەو بابەتانەی ئەو جۆرە شەکرانەیان تێدایە.
  • دەرمانەکان: لووسە ماسوولکە خاوکەرەوەکان دەک دەسپاتالین بەڕێژەیەکی بەرچاو ژانەسک و سکچوون کەمدەکاتەوە. ھایوسین، ڕیابال و لیبراکس ژانەسک کەمدەکەنەوە بەڵام کاریگەری نەرێنییان ھەیو لەسەر ئەوانەی ئاوسانی پڕۆستات یان ئاوی ڕەشی چاویان ھەیە، ھەروەھا دەبنە ھۆی و وشکبوونی دەم، دڵەکوتە و قەبزی ئەگەر بەبەردەوامی بەکاربێن بە پێچەوانەی دەسپاتالین کە ھیچ لەو کاریگەرییانەی نییە.

٢. گرژبوونی قۆلۆن لەجۆری قەبزی:

  • خواردنەوەی ئاوێکی زۆر.
  • ڕێکردن و وەرزش کردن.
  • زۆرخواردنی ڕیشاڵە نەتواوەکان: دانەوێڵە چەڵتووکدارەکان، سەوزە و میوە ڕەگدارەکان وەک گیزەر، پەتاتە، شێلم، کەرەوز…، پاقلە، نیسک، چەرەزات… ھتد.
  • ڕەوانکەرەوەکان: زۆر جۆر دەرمان ھەن لەشێوەی سروشتی و دەستکرد کە دەتوانن جووڵەی ڕیخۆڵەکان زیاد بکەن و ئاوێکی زیاد بکێشنە ناو ڕیخۆڵەکان و بەمشێوەیە قەبزی ناھێڵن.
  • ھێورکەرەوە دەروونییەکان کاریگەرییان لەسەر ھەردوو جۆری گرژبوونی قۆلۆن ھەیە و سوودێکی زۆریان ھەیە بۆ ئەوانەی باری دەروونیان زۆر ناجێگیرە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ «irritable bowel syndrome»، فەرھەنگی کوردستانیکا، عەلی جەوشەنی(ئینگلیزی بۆ کوردیی ناوەندی و فارسی). فەرھەنگەکانی ڤەژین lex.vejin.net. سەردان لە ڕێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠٢١.


بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

پۆلێنکردن
بەستەرە دەرەکییەکان