کۆمەڵگەی مەدەنی مەبەست لەو کۆمەڵگایەیە کە ھەریەک لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە خۆبەخشە ئازادەکان واتا ئەوانەی لەلایەن سیستەمی سیاسی ھەر دەسەڵاتێکەوە ھان نادرێن تا دەست بخەنە ناو کارو باری ھاووڵاتیانەوە و ھەوڵ پێش خستنی سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەکەیان دەدەن. بەمەبەستی کۆمەڵگایەکی پێش کەوتووی ھاوچەرخ، کە ڕێز لە سەرجەم تاکەکان و توێژەکانی کۆمەڵ بگرێت، ئەرکە کانیان بۆ دیاری بکات و مافەکانیان بپارێزێت. بە واتایەکی تر سەرجەم ئەو کۆمەڵ ھەرەوەزی و پیشەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و زانستی و وێژەیی و یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریانەی لە ھەر یەکێک لە کۆمەڵگەکان دا بوونی ھەیە و ئاگادارو شارەزای ئەرک و ماف و توانا و کارو ئامانجەکانیانن. ھەروەھا لە شوێن خۆیانەوە ھەوڵی چەسپاندنی یاساو بەدی ھێنانی ئامانجەکانیان دەدەن. ئەو بۆشایییەش پڕ دەکەنەوە کە لە نێوان خێزان و دەوڵەت دا دروست بووە، بەڵام ئەمانە جیاواز تر لە ئەندامەکانی ھەر خێزانێک، کەوابەستەی داب و نەریت و کلتورو ڕێسای خۆیانن و ڕابردویانن، یان سیستەمی سیاسی دەوڵەت یان وابەستەی کۆمەڵێک بەرنامەو یاسای تایبەت بە خۆیەتی و خۆی لێ لانادات، کار و ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بەڕادەیەک لە پێناو بەختیاری ھەموو توێژەکانی کۆمەڵ دا، ئامادەن زۆر سنوور ببەزێنن و تازەگەری بھیننە ئاراوە. بەمەش کۆمەڵگایەک دادەمەزرێت کە ئازادی و بەختەوەری و ڕێزگرتن لە یەکتری و دابینکردنی ماف بۆ ھەمووانی تێدا بەرجەستە دەبێت.

زاراوەی کۆمەڵی مەدەنی دەستکاری

ئەم زاراوەیە لە ھەردوو بڕگەی (کۆمەڵ + مەدەنی) پێکھاتووە کە مەبەست لەو کۆمەڵەیە لە شارەکانەوە سەر ھەڵدەدەن و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەدەن. زاراوەکەش لە زمانی عەرەبی دا (المجتمع المدنی) و لە زمانی ئینگلیزی دا (Civil Society) و لە (جامعە تمدن)ی بۆ دانراوە کە دەقاو دەق ماناو بەھاکانی واتە کوردییکە دەگەیەنن و بەرجەستە دەکەن.

بنەماکانی کۆمەڵی مەدەنی دەستکاری

ئەم کۆمەڵگایە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە، کە دەکرێت لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین:

  1. ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵ: مەبەست لەو ئیرادەیە کە ھەر یەک لە لە تاکەکانی کۆمەڵ بەرەو پێش چوونی ڕەوتی کۆمەڵگاکە بڕیاری لەسەر دەدەن و کاری بۆ دەکەن. ئەم ئیرادەیە لای ھەر تاکێکی کۆمەڵ جیاوازە لە خزمەتی و کەسایەتی و ھۆزایەتی لە لایەک و ڕەگەزنامەی خۆیی لە لایەکی تر، چونکە ھەر تاکێک لە کۆمەڵ بەھۆی لەدایکبوونی لە خێزانێک دا بووەتە ئەندامی ئەو خێزانە و بنەماڵە و ھۆزەکەی. لە کاتێکیش دا بووەتە ئەو ئەندامە نە پرسی پێکراوە و نە توانای بووە خۆی لێ لابدات. ھەروەھا وەک خەڵکی ناوچە یان وڵاتێک ئەندامییەتی بەسەردا بڕاوە بە ویستی خۆی نەبووە، بەڵکو بەپێی لەدایکبوون و پەروەردە بوون و گەورەبونی لەو وڵاتەدا ئەو ڕەگەزنامەیە ی پێدراوە و وەک خەڵکی ئەو ناوچەیە یان ئەو ھەرێمە ناسراوە یان ئەو وڵاتە ناسراوە. بۆ نموونە لەوانەیە زۆربەمان بە ویستی خۆمان نەبووبین بە عێراقی و حەزمان پێ نەکردبێ، بەڵام بارودوخی پەروەردە بوون و ژیانی ئێمە لە عێراق ئەو بڕیارەی بەسەر دابین. لە کاتێک دا خۆمان کورد بوین بەڵام وەک عێراقی ناسراوین.
  2. ڕێکخستن و کاری ھاوبەش: مەبەست لە کاری ڕێکخستنی ڕێک و پێک و شیاوی ھەر کۆمەڵەو یانەو ڕێکخراوو پارتێکە، کە لەلایەن ئەندامەکانییەوە بە گیانی لێپرسنەوە و دڵسۆزی بۆ بەھێز بوون و گەشەکردنی ڕێکخراوەکەیان ھاوکاری یارمەتی یەکتر بدەن. دوای ئەوەش گیانی ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵ و یانە و پارتەکانی تردا دەگۆڕنەوە و بە ھەمووبان بە گیانێکی ھاوبەش خەبات دەکەن، کە بنیات نانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە ھەر یەکێک لە ئەندامانی ھەر ڕێکخراوێک بە ویستی خۆیان بوونە ئەندام و بڕیاری ئەوەیان داوە ھەموو تواناکانیان بۆ گەشەکردن و خزمەتی ڕێکخراوەکەیان بخەنە کار. بۆیە چاوەڕوانی گەشەو پێشکەوتنی لەو جۆرەیان لێدەکرێت. ھەروەھا لە ھەر کۆمەڵگایەکدا چەندە ڕێکخراو و یانەو پارت و کۆمەڵەکان زیاتر و چوست و چالاک بن ئەوەندە کۆمەڵ مەدەنی بەھێزو کاریگەرە.
  3. قبوڵکردنی یەکتری ھەموو ئەندامانی کومەڵ: مەبەست لەوەیە کە ھیچ کۆمەڵگایەک نابیتە مەدەنی تا ھە ڕێکخراوە ئەوەی بەرامبەری قبوڵ نەکات و ھاوکاری نەکات و ڕێزی لێ نەگرێ. دیارە ئەگەر ھەموو ئەندامانی ھەر ڕێکخراوە و کۆمەڵێک یەکتریان قبوڵ کرد و ھاوکاری یەکتریان کرد. پاشان کاری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بۆ یارمەتیدان و ھاوکاریکردن و پێشکەوتنی ڕێکخراوەکانی تر بوو، ئەوا بناغەی بەدی ھاتنی کۆمەڵی مەدەنی بەھێزو پتەو و ئاییندەیەکی گەش و درێژ خایەنی دەبیت. بە کورتی کۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجامی چەندین کادری کارای جۆراو جۆر لە توانا و بەرنامە و بیرکردنەوەی ھاوچەرخ و ڕەگەز جیاواز دادەمەزریت. ئەوەش دوای ئەوەی ھەستی خێزان و تایەفە گەری و ھۆزایەتی و ناوچەیی و ئایینی بۆ ھەستی خزمەتکردن و بنیات نانی کۆمەڵگەیەکی فرەیی دەگۆڕێت. باشتریشە ھەوڵەکانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوانە بە قەناعتە و باوەڕی خۆیان بێت. نەوەک لە بەرامبەر ماددە و خزمایەتی و تێرکردنی ئارەزووەکانی خودی و ئەندامەکان بێت یان لاسایی و چاولیکەری کۆمەڵ گاکانی دەوروبەرو جیھان بێت.

مێژووی دەرکەوتنی کۆمەڵی مەدەنی دەستکاری

ئەگەر بە وردی بە ڕووداوەکانی مێژوودا ڕۆبچین و ئاوڕێک لە مێژووی سۆمەری و ئەکەدی و ئاشوری و میسرییە کۆنەکان و گریک و ڕۆمانەکان بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ھەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی شار و سیستەمی سیاسی دەوڵەتە شاردا سەرەتاکانی گۆمەڵگای شارنشینی و مەدەنییەت دەرکەوتووە. لەم ڕووە و پێدەچیت شارە کۆنەکانی وەک (ئور و لەگش و ئەربائیلۆ و ئاشور و نەینەوا و دلھی و ڕۆما و… ھتد) چەندین نموونەی جیھانی کۆن بن. بەڕادەیەک ئەو یاسایانەی لە ھەزارەکانی سێیەم تا یەکەمی زایین بەسەر ئەو شارانە و دانیشتووانەکەی دا چەسپان، سەرەتایەک بوون بۆ ئەو دەستەواژەیەی دواتر زاراوەی کۆمەڵگای مەدەنی بەسەردا سەپێنرا. دەرکەوتنی شێوازی (کۆمەڵگای مەدەنی نوێ)ش لە کۆمەڵگادا کە زۆربەی ھەرە زۆری بنماکانی کۆمەڵی مەدەنی لە خۆ گرتبیت بۆ نێوان سەدەکانی شازدەیەم و حەڤدھەمی زایینی لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە لەم ڕووەشەوە دەکریت دەرکەوتنی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ سێ قۆناغ دابەش بکەین:

١- شۆڕشی دەستووری لە بریتانیا: دوورگەی بریتانیا لەوپەڕی باکووری خۆراوای کیشوەری ئەورووپا لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین وەک دەوڵەتێکی پاشانشینی ڕەھا دەرکەوتبوو. بە واتای ئەوەی پاشاو بنەماڵەکەی دەسەڵاتێکی بێ سنووریان ھەبوو لە بە ڕێوەبردنی وڵات تا دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی کە کۆمەڵێ گۆڕانکاری بە دوای خۆی دا ھێنا لەوانە لە ساڵی ١٦٨٨ شۆڕشگێڕان توانیان بنەماڵەی ستیوارت لە تەختی پاشایەتی بھێننە خوارەوە و ولیەمی سێ یەم بکەن بە پاشا لەم ڕووداوەش چەندین لێکەوتی ھەبوو لەوانە: ١-دەسەڵاتی پاشا سنووردار کرا. واتە سیستەمی وڵات لە سیستەمی پاشایەتی ڕھا گۆڕا بۆ سیستەمی پاشایەتی سنووردار. ٢- ئازادی بە سەرجەم پارت و ڕێکخراو و یانە (کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی… تاد) درا. ٣-کارو دەسەڵاتی ئەنجومەنی لۆرد دیاری کرا. ٤-لێھاتویی گرنگی زیاتری پێ درا لە جیاتی خزمایەتی و ناوچەگەری. ٥-سیستەمی سیاسی وڵات لە ئایینی ڕەھا گۆڕا بۆ سیستەمە عیلمانی.

٢- شۆڕشی ئازادی خوازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: دەرکەوتنی ولایەتە یەکگرتووەکانی دوای دەرکەوتنی شۆڕشی ئازادی خوازی ئەمریکییەکان بەسەر بەسەر دەوڵەتی بەریتانیای داگیرکەر لە ساڵی ١٧٧٦ سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ دەرکەوتنی کۆمەڵگایەکی نوێ بە ناوی کۆمەڵگای ئەمریکی. سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە ئەو بەیاننامەیەی بە دوادا ھات کە (تۆماس جیفریۆن) لە ٤ تەممووزی ساڵی ١٧٧٦ ز لە (کۆنگرەی کیشوەری ئەمریکا) خستییە ڕوو کە گرنگترین بەندەکانی بوون: ١-ھەموو مرۆڤێک مافی ژیانی ئازادو بەختەوەری ھەیە لە ئەمریکادا. ٢-گەل دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە کە داوای گۆڕینی ئەنجومەن و حکوومەت و سەرۆکی وڵات بکات. ٣-ھەموو توێژو ڕەگەزەکانی کۆمەڵگای ئەمریکا مافی دامەزراندن و خستنە گەڕی پارت و ڕێکخراوو کۆمەڵە یانە ی تایبەت بە خۆیان ھەیە.

٣- شۆڕشی فەرەنسی: بەپا بوونی شۆڕشی فەرەنسی لە (١ ی تەممووزی ساڵی ١٧٨٩) و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ڕاگەیاندنی (مافی مرۆڤ و ئازادی ھاووڵاتی بوون) لە ١٦ ی ئابی ١٧٨٩ز داتر بە سەرکەوتن گەیشتنی لە ساڵی ١٧٩٤ سەرەتاکانی کۆمەڵی مەدەنی فەڕنسی ڕەگی داکوتا و ئەم ئەنجامانەی ھەبوو شۆرش: ١-ڕوخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە وڵات دا و دانانی دەستووری فەرەنسا لە ساڵی ١٧٩١ ٢-چەسپاندنی یاسای مەدەنی لە فەرەنسادا ٣-چەسپاندنی سیستەمی خوێندنی بەزۆر بۆ ھەموو چینەکان. ٤-ئازادی دامەزراندن و بەگەڕ خستنی پارت و ڕێکخراوەکان لە وڵات دا ٥-چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی فەرەنسا بیرمەندو فەیلەسوفەکانی بواری کۆمەڵی مەدەنی: سەبارەت بەو ھۆکارانەی کە ڕۆڵیان ھەبووە لە دەرکەوتنی کۆمەڵگای مەدەنی دا بیرو ڕای جیاواز ھەیە. ھەر زاناو بیرمەندو فەیلەسوفێک بۆ ھۆکارێکی دەگێڕێتەوە کە بە ھۆیانەوە زەمینەی کۆمەڵی مەدەنی ڕەخساندووە.

بۆچوونی ھەندێک بیرمەند سەبارەت بە کۆمەڵی مەدەنی دەستکاری

  • تۆماس ھۆبز (١٥٨٨–١٦٧٩): ئەم فەیلەسوفە بەریتانییە پێی وابوو کە سەرەتا مرۆڤ گیانی شەڕانگێزی تیادا بووە تاک لە دژی تاک و کۆمەڵ لە دژی کۆمەڵ شەڕی کردووە دواجار گەیشتووەتە ئەوەی پەنا ببات بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ تیکەڵ بوون و ڕا گۆڕینەوە پاشان بیرۆکەی کۆمەڵی مەدەنی سەری ھەڵداوە؛ و پێ ی وایە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە کۆمەڵگا ھەنگاو بە ھەنگاو دەبێ پێش بکەوێت؛ و ئەم بیرو بۆچوونانەی لە کتێبی (لیڤیاتان) بە درێژی باس کردووە لە ساڵی ١٦٥٠ز.
  • جۆن لۆک (١٦٣٢–١٧٠٤ز): فەیلەسوفێکی تری بەریتانی بوو. کە لای وابوو (ھەموو تاکەکانی کۆمەڵ پاش ئەوەی سامان و باری داراییان بەرز دەبێتەوە بەرەو سیستەمی بازاڕی ئازاد دەڕۆن، تا بەھۆی ململانێ ی ئابورییەوە بە دەستکەوتی زیاتر بدەن دواجار دەست بەسەر بازاڕەکان دا بگرن و دەسەڵاتی ئابوری لە دەوڵەت وەربگرنەوە و بناغەی کۆمەڵی مەدەنی دابڕیژن). جۆن لۆک ئەم بابەتانەی لە کتێی (لێبوردەیی) دا بەدرێژی باس کردووە و بنەمای ئابوری ئازادی بە بنەمای کۆمەڵی مەدەنی داناوە و بەو پێ یەی کە کار لە سیستەمی سیاسی دەکات. شارل مۆنتسیکیۆ (١٦٨٩–١٧٥٥): زاناو بیرمەندێکی فەرەنسی بوو. تیۆری کۆمەڵگای مەدەنی لە کتێبی (ڕۆحی یاساکان) داڕشت. بە بڕوای ئەم (لە ھەر کۆمەڵگایەک دا ھەر کاتێک دەسەڵاتی چەسپاو بوو و کۆمەڵگا لە دەوڵەت جیا بوو و تەرازوی ھێزی لە نێوان ھەردوکیان ڕاگرت بەو کۆمەڵگایانە دەوترێ کۆمەڵی مەدەنی). و کەش و ھەوای بە ھۆکارێکی گرنگ داناوە بۆ وەرگرتن یان ڕەت کردنەوەی بنەماکانی کۆمەڵی مەدەنی لەلایەن کۆمەڵگاکانەوە؛ و پێ ی وایە دانیشتووانی کۆمەڵگا فێنکەکان زیاتر ئارەزوی چەسپاندی یاساو کۆمەڵی مەدەنی دەکەن. جان جاک ڕۆسۆ(١٧١٢–١٧٧٨): زاناو فەیلەسوفێکی سویسری بوو. لە کتێبەکەیدا بە ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەڵی (تا ئەندامەکانی کۆمەڵ پەیمان لەگەڵ خۆیان دا نەبەستن بۆ بنیات نانی ئەو کۆمەڵگایەو ڕچەی داب و نەریت و کلتور و بنەما کۆمەڵایەتی یە کان نەشکێنن، کۆمەڵی مەدەنی بوونی نابیت و دەرکوتنیشی مەحاڵە).
  • ئادەم سمیس (١٧٢٣–١٧٩٢): ئابوری ناسێکی بەریتانی بوو. لە کتێبی سامانی نەتەوەکان دا باسی کۆمەڵی مەدەنی کردووە. دەڵێ (بنەمای کۆمەڵی مەدەنی بریتییە لە دابەشکردنی کاتەکانی کار دوای ئەوە بازاڕی ئازاد دروست دەبێت و دەرکەتنی بازاڕی ئازادیش بنەماکانی کۆمەڵی مەدەنی دادەمەزرێنێت.
  • کارل مارکس: فەیلەسوفێکی ئەڵمانییە. لە کتێبەکەیدا سەرمایە باس لە دابەش بوونی کۆمەڵگا دەکات بۆ دوو چینی جیاواز (پرۆلیتار و سەرمایەدار). بە بڕوای مارکس تا توێژی پرۆلیتار دەسەڵات لە دەست سەرمایەدارەکان وەرنەگرن کۆمەڵی مەدەنی بوونی نابێت. چونکە ئەو کۆمەڵگا یەی لەژێر دەستی سیستەمی سەرمایەداری دا بێت ناتوانێ بگاتە کۆمەڵی مەدەنی. چەند بنەمایەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵی مەدەنی: ١-لە ڕووی سیاسی یەوە:

بنیات نانی ئەو کۆمەڵگایە شێوازیکی نوێ لە دەوڵەت دێنێتە بوون، جۆرێک لە سیستەمی سیاسی دادەمەزرێنێ کە دورە لە سیستەمی پادشایی ڕەھاو بنەماڵەیی و پشتاو پشت و دیکتاتۆرییەتی بیَ سنوور و سوڵتان نشینی و خەلافەت. لە بەرامبەردا دەسەڵاتێکی عیلمانی پایە بەند بە دیموکراسییەت و بەھا مەدەنییەکان دەردەکەوێت. لەم بوارەدا ئایدۆلۆجیای دەوڵەت سەربەستە لە کارەکانی و دورە لە دەست تێوەردانی ئایینی و پیاوانی ئایینی دروستکردنی کێشەی ئایدۆلۆجی بۆی. ھەروەھا لە بەرامبەردا دەوڵەت بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی ئەندامان و ھاووڵاتییانی خۆی ھەموو ھەولێکی دەخاتە گەڕ.

لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ژیان و بەرەو پێش بردنی ئاستی بوارەکانی خوێندن و پەروەردەی دروست و زانست و زانیاری و ھونەرو وەرزش دا؛ و کارێک ناکات کە ئەندامانی بۆ بەرژەوەندییەکی تایبەت و کاتی تووشی پاشا گەردانی و سەر لێشێوان ببن.

لە ڕووی ئابورییەوە دەستکاری

لەبەر ئەوەی دامەزراندنی کۆمەڵگاکە لەسەر زەمینەی بازاڕی ئازاد دادەمەزرێ بۆیە بەردەوام ململانێ ی ئابوری لە جۆرو ژمارەی بەرھەمەکان دا بوونی ھەیە. ھەر کۆمپانیاو کارگەو بازاڕێک لە پێناو زوتر دابینکردنی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا ململانێ لەگەڵ بەرامبەری دەکات ھەولیش لە بەرھەمھێنان و دابینکردنی ئەو خواستانەدا لە نزیکترین کات و بە جوانترین شێواز و ھەرزان ترین نرخ ئەو پێویستییانە دابین بکات. بەمەش خەونە ئابوری یە کان دەبنە ڕاستی بەوەی ھەوڵی بۆ بەدەیھێنانی ئەو حەزانەی مرۆڤ دەدرێت، کە خەونی پێوە دەبینێت. چونکە سیستەمی بازاڕی ئازاد لە پێناو مانەوەو سەرکەوتن و ململانێکان دا ھەوڵ دەدات ھەموو خەون و حەزەکانی مرۆڤ بکاتە واقیع و بەرجەستەیان بکات. بە پێچەوانەی سیستەمی سۆشیالیستی کە دەوڵەت دەست دەگرێت بەسەر بازاڕ و کۆمپانیاکان و کارگەکان دا و بەرھەمەکان لەگەڵ سیستەمی ئایدۆلۆجیای سیاسی خۆی دا دەیگونجێنێت.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەستکاری

لەم بوارەش دا ھەریەک لە ئەندامەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەپێی بواری پسپۆڕی و شارەزایی و لێھاتوییان خزمەتی کۆمەڵ و یانە و ڕێکخراو و پارتەکەیان دەکەن. ھەریەکەشیان ھەوڵ دەدەن بە باشترین شێوە گەشەی پێبکەن و کار بۆ سەرخستنی بەرنامەو ھەوڵەکانی بکەن. سەرباری ئەوەش لەم ھەستە ئایینی و ھۆزایەتی و ناوچەیییەکان بۆ ھەستی کۆمەڵ و ڕێکخراوەکان بە بێ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن. ھەموو کەسێک لە پێناو ئاییندەی خۆی تواناکانی دەخاتە کارو ھەوڵی جێبەجێکردنی خواستەکانی دەدات. تەنانەت پێشبڕکێ ی ئەندامانی بۆ باشتر بە ڕێوەچون و پێشکەوتن سەرکەوتنی کۆمەڵەکەیان دەبێت. بەمەش خزمەتێکی گەورە بە بەردەوامی و گەشەکردنی کۆمەڵگا دەگات. لێرەوەش فرەیی لەکۆمەڵ سەرھەڵدەدات و بواری پسپۆڕی و شارەزایی پەرەدەسێنێت. ھەرکەسەش بۆ خۆجێکردنەوە لە کۆمەڵگادا خۆی پڕ زانیاری دەکات. بەمەش کۆمەڵگا لە کەسانی لاوازو مشەخۆر کەم دەبێتەوە و تاکەکان لە ھەوڵی بەردەوامی خۆفێرکردن دان بە زانیاری سەردەم.

لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە دەستکاری

کۆمەڵی مەدەنی بەھۆی ئەو سەندیکاو ڕێکخراوانەوە ھەوڵی ڕۆشنبیر کردن و پەروەردەیەکی ھاوچەرخ بۆ سەرجەم ئەندامانی دەدات. دیارە بوونی دەیان ڕێکخراو و کۆمەڵی جیاوازی ھەمە چەشن وادەکات کە ئەندامانی ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانە لە ھەوڵی بەردوام دا بن بۆ فیربوونی بوارە نوێکانی زانست و پەروەردەو بوارەکانی تر… کە ئەمەش دەبیتە ھۆی ئەوەی کۆمەڵگا پڕ بێت لەو کەسانەی کە ڕارەزایی و پسپۆڕییان ھەیە لە بوارەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و… ھتد کە ئەمەش وڵات بەرو گەشەکردن دوور کەوتنەوە لە توندرەِوی سیاسی و شەڕو شۆڕ و ئاژەوەکان دەبات.

ھەڕەشەو مەترسییەکانی سەر کۆمەڵی مەدەنی دەستکاری

ھەر وەک چۆن ژیانی ھەر تاک و خێزانێک بێ ھەڕشە نی یە ئاواش بنیات نان و باری ژیانی ھەر کۆمەڵگایەک بێ ھەڕشەو مەترسی و بێ کێشە نی یە. چونکە بەو پێیەی مرۆڤ لە بیرکردنەوەو تێڕوانینەکان دا جیاوازە بە ھەمان شێوە لە سەیر کردن و تێڕوانینیان بۆ کۆمەڵگاکان جیاوازییان ھەیە. بۆیە کومەڵی مەدەنی و لە چەندین لاوە تووشی ھەڕەشە بووەتەوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە بە کورتی:

  1. توندڕەوی ئایینی: بەو پێیەی لە کۆمەڵگا ئایینییکان دا ھەستە نەتەوەیی و ناوچەیی و ھۆزایەتییەکان دەگۆڕێت بۆ ھەستی ئایینیبون، بوونی چەندین چینی جیاواز لەناو زۆربەی ئایینەکان دا ئاسایییە کە لەگەڵ کۆمەڵی مەدەنی یەک ناگرێتەوە؛ و کەسایەتی یە ئایینییەکانیش زۆربەی جار کێشە بۆ ڕەوتەکانی دروستبوونی کۆمەڵی مەدەنی دروست دەکەن چونکە لەبەرژەوەندی یە کەسییەکانی خۆیان دەدات بڵاو بوونەوەی ئەم جۆرە ئایدۆلۆجیایانە و وادەکات پیرۆزییان لێ دابماڵرێت و ببنەوە کەسێکی ئاسایی و سادە و یەکسان لە ئەرک و ماف دا لە کۆمەڵێکی مەدەنی دا. بۆیە بە ھەموو شێوەیەک ھەڵی دژایەتی کردنی دەدەن.
  2. کۆمەڵگای نەتەوایەتی: لە کۆمەڵگای نەتەوایەتی دا ھەموو ھەستەکان دەگۆڕێت بۆ ھەستی ھاونتەوەیی بوون و پیرۆز کردنی نەتەوەیەکی دیاری کراو بەسەر نەتەوەکانی تردا و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن نەتەوەیەکی دیاری کراو لە ھەموو بوارەکانی ژیان دا لە کۆمەڵگا. بەڕادەیەک پلەو پۆست بە نەتەوە ژێردەستەکان ڕەوا نابینرێت. بە پێچەوانەی کۆمەڵی مەدەنی کە بە یەک چاو سەیری ھەموو نەتەوە و ئایینێک دەکات و ھەمووی بە ئەندامی خۆی دەزانێت.
  3. ھۆزایەتی: واتە پابەند بوونی زۆربەی ئەندامەکانی ھەر ھۆزو تیرەو بنەماڵەیەک بە خۆیانەوە. یان بە واتایەکی تر سەپاندنی ھەر ئەندامێکی ئەو ھۆزە بەسەر ھۆزو تیرەو تایەفەکانی تردا بە بێ جیاوازی ژیری و لێھاتوویی و تواناکانی. ئەمەش پێچەوانەی تەواوی بنەمایەکی گرنگی کۆمەڵی مەدەنی یە ئەویش یەکسانی. بۆیە پابەند بوون بەو سیستەمە و داکۆکیکردن لێ ی ھەڕشەو مەترسی گەورە بۆ دامەزراندن دەرکەوتنی کۆمەڵی مەدەنی دروست دەکات.
  4. ناوچەگەرێتی: ئەمەش بەھەمان شێوەی خاڵەکانی تر یەکێکی ترە لە مەترسسییەکان. دیارە دروستکردنی ھەستی ناوچەگەری و جیاکردنەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ناوچەیی بە بیً ڕەچاوکردنی باری توانایی و ژیری و بارو دۆخی ھەر یەکێک لەو ناوچانە مەترسی سەرھەڵدانی دیاردەی خراپ و ناجۆری بۆ دروست دەکات. چونکە لە کۆمەڵی مەدەنی دا ھەموو ئەندامان ھەوڵی خزمەت کردنی ھەموو ناوچەکان دەدەن بە بێ جیاوازی.
  5. چینایەتی: جیاکردنەوەی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئابوری و کۆمەڵایەتی ولە لایەک و فەرز کردنی توێژی خاوەن موڵک یان گەورە پیاوانی سەربازی و ئایینی بەسەر توێژو ئەندامەکانی تردا بە پێچەوانەی خواست و بنەماکانی ئەم کۆمەڵگایەن. بۆیە نابێت باری دارایی و کۆمەڵایەتی ببێتە پێوەری ئەو پۆلینکردنەی کۆمەڵگا. چونکە لەوانەیە کەسێکی ھەژار باشتر لە کەسێکی خاوەن موڵک و سامان خزمەتی کۆمەڵگاکەی بکات.

میکانزمەکانی گۆڕان لە کۆمەڵگای داخراو بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەستکاری

پرۆسەی گۆڕان لە کۆمەڵگایەکی داخراو بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی کراوەی پێشکەوتوو خواز پێویستی بەگۆڕانکاری و ھەوڵی جددی ھەیە لە چەندین بواردا و ئەمانەی خوارەوە:

  1. بونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی: بۆ ئەم مەبەستە دەبێ چەندین ڕێکخراوی جۆراو جۆر لە کاری بەردەوام و جددی دا بن بۆ دەست کردن بە پرۆسەی گۆڕانی گۆمەڵگا؛ و کاری ئەم ڕێکخراوانەش بریتی دەبێت لە ھۆشیار کردنەوەی ھاووڵاتیان لەسەر ئەو بابەتانەی کە پێویستی بە گۆڕان ھەیە وەک گۆڕان لە بەشە کۆن و چەق بەستووەکانی داب و نەریتی کۆمەڵگا؛ و دەبێ ئەم ڕێکخراوانە کارێک بکەن کە لە ڕووی ھزری یەوە تا ڕادەیەک نەوەکانی پێشو ئامادە بکەن بۆ گۆڕینێکی مەبەست دار بۆ ئەوەی کاتی دەست کردن دەست کردن بە پرۆسەی گۆڕان گرفتی چاوەڕوان نەکراو نەیەتە پێش پرۆسەکە.
  2. بواری سیستەمی سیاسی: لە بواری سیستەمی سیاسی دا دەبێ وڵات لە سیستەمێکی دیکتاتۆری بەرژەوەندی خوازەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراتی ھەڵبژێردراو کە بەرژەوەندی وڵات لەسەروی ھەموو جۆرە بەرژەوەندییەک دابنێت. و گۆڕان لە ڕادەست کردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی دیموکراتی بێت و دور لە ھەر کارێکی توندو تیژی.
  3. بەرقەرار کردنی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری کۆمەڵایەتی: بۆ بەدی ھێنانی داد پەروەری و ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی کاری سیستەمی سیاسی و سەربازی لە سەرکوت کردن و پەراوێزخستنی دەنگە ئازادی خوازەکان دەگۆڕێت بۆ دابینکردنی ئازادی و داد پەروەری و سەربەخۆیی دادگاکان و پاراستنی وڵات لە دەستدرێژی دەرەکی، واتە ھیزی سەربازی تەنھا بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی دەرەکی بەکار دێت نەک لە دژی ھاووڵاتیانی ناوخۆَ، و ھێز لە ژێدەستی یاسادایە و ملکەچی بۆ ھیچ لایەنێکی سیاسی نی یە.
  4. بواری ئابوری و پیشەسازی: دەبێ سیستەمی سیاسی گەشە بە ئابوری وڵات بدات و گرنگی بە بازرگانی بدات و ھەوڵی دروستکردنی بازرگانی دەرەکی بدات و تەنھا بازرگانی ناوخۆیی بوونی نەبێت؛ و ھەروەھا دەبێ لایەنی پیشەسازی بەرەو پێشەوە بەرێت و گرنگی تەواوی پێ بدات؛ و ھەرەھا دابینکردنی بازاڕی ئازاد بەشێوەیەک کە چاودێری تەواو بکرێت لەسەر ئەم بازاڕە.
  5. گۆڕان لە ڕۆڵی ئایین دا: ئایین وەک ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی دانانی یاساو ڕێساکان و نەخشەی سیاسی وڵات بێت و ئەو بەرژەوەندییەکانی وڵات دیاری بکات دەگۆڕێ بۆ سیستەمێکی خوا پەرستی و دوور دەکەوێتەوە لە گەمەی سیاسەت و سیاسەت مەداران. کەواتە لە کۆمەڵگای مەدەنی دا ئایین ڕۆڵێکی ئەوتۆی نی یە ئەگەر بەراورد بکرێ بە کۆمەڵگایەکی داخراو.
  6. گۆڕان لە بیرکردنەوەو ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگە: تاک لە تاکێکی کۆنە پەرستی کلتوری باوەڕدار بە ئەفسانەو بیرە کۆنەکانەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێی نوێخوازی لێھاتووی ئەوتۆ کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی بگونجی بۆ ئەوەی تۆشی دابڕان نەبێت لە ڕەورەوەی سەردەمەکەی؛ و تاک لە کەسێکی پشت بەستوو بە قەزاو قەدەرەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە پلانی ھەبێت بۆ داھاتووی خۆی و ئارک و مافە کانی خۆشی دەزانێت.
  7. گۆڕان لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دا: لە کۆمەڵگای داخراو دا ھەستی ناوچەگەرێتی و خزمایەتی زۆر بەھێز ترە لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە دەبێ ئەم ھەستە بگۆڕێت بۆ دلسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و مرۆڤایەتی؛ و دەبێ کار بکرێ بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی دەمارگیری ئایینی و چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • کورد و کۆمەڵی مەدەنی / د. کەیوان ئازاد ئەنوەر / چاپی دووەم / سلێمانی / خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا / ٢٠٠٤.