عێراق لە ساڵی ١٩٢١ ھەستا بە دامەزراندنی کەرتی پەروەردە بە ھەردوو شێوازی گشتی و تایبەتیی، و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کان پەروەردە لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی کرا بە بێبەرامبەر و لە ئاستی سەرەتایش کرا بە ناچاری. دوو وەزارەت بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی کەرتی پەروەردە لە عێراق؛ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.[١]

لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢، سەددام حوسێن ھەستا بە سەرپەرشتیکردنی گرتنەدەستی بەرژەوندییە نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و دوای ساڵێک نرخی نەوت لە تەواوی جیھان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە و قەیرانی وزەی ساڵی ١٩٧٣ ڕێخۆشکەر بوو کە سەددام حوسێن بتوانێت داھاتێکی یەکجار زۆری بۆ بگەڕێتەوە و نەخشەسازییەکانی فراوانتر بکات. بۆیە تەنھا لە ماوەی چەند ساڵێکی کەم عێراق توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی سەرسووڕھێنەر ھەبوو، بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. سەددام حوسێن ھەستا بە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی «ھەڵمەتی نەتەوەیی بنبڕکردنی نەخوێندەواری» و «خوێندنی ناچاریی بێبەرامبەر لە عێراق» کە زۆربەری ھەڵمەتەکان لەڕێی پشتیوانیی داراییی کەسیی خۆیەوە بەڕێوەدەچوون. حکوومەت ھەستا بە دامەزراندنی خوێندنی سەرتاسەری بێبەرامبەر ھەتا بەرزترین ئاستەکانی خوێندن و چەند ساڵێک لەدوای ئەم ھەڵمەتانە بە سەدان و ھەزاران ھاوڵاتی خوێندەوار بوون.

پێکھاتە، ڕەوش و ئاستی خوێندن

دەستکاری

بەشێوەیەکی گشتی ھاوڕایی ھەیە کە ھەتا پێش ساڵی ١٩٩٠، بەرنامەی خوێندن لە عێراق یەکێک بوو لە باشترینەکانی ناوچەکە، لە ھەردوو ڕووی بەدەستگەیشتن و یەکسانییەوە. بەڵام بەھۆی چەند جەنگ و ئابلۆقەیەکی دارایییەوە بارودۆخەکە بەخێرایی و لەپڕ بەرەو تێکچوون چوو. بەپێی ڕاپۆرتی ھەڵسەنگاندنی ڕەوشی ساڵی ٢٠٠٣ی ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNESCO) دەربارەی کەرتی پەروەردە، سەرەڕای پەسەندکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نەوت بە خۆراک بەڵام بارودۆخی پەروەردە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی وڵاتەک خراپتر ببوو. ھێندەی ناوچەکانی دیکە، باکووری عێراق (ھەرێمی کوردستان) دووچاری زیان نەببۆوە، بەھۆی ئەو بەرنامانەی تایبەت بوون بە بوژاندنەوە و دروستکردنەوەی قوتابخانەکان کە لەلایەن دەزگا جۆراوجۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبردران.[٢]

ستراتیژی پەرەپێدانی نەتەوەیی (NDS) چوار بواری گەورە لەخۆدەگرێت بۆ جەختکردنەوە لە:

  • بەھێزکردنی پایەکانی گەشەسەندنی ئابووری
  • بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت
  • باشترکردنی ئاستی ژیان
  • پتەوکردنی بەڕێوبردنی باش و ئاسایش

باشترکردنی ئاستی ژیان ئەو پایە سەرەکییەیە کە کەرتی پەروەردە لەخۆدەگرێت و ئامانج لێی بریتییە لە وەبەرھێنان لە سەرمایەی مرۆیی لەگەڵ تیشکخستنە سەر خوێندەواریی کەسانی پێگەیشتوو، مەشقی کردەیی و ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەکانی وازھێنان لە قوتابخانە.

ئاڵنگاری و کێشەکان بەپێی بارودۆخی ئێستای پەروەردە لە عێراق

دەستکاری

لەم کاتە، کێشەی ژمارەی بەردەستبوونی قوتابخانەکان ھەیە و زۆرینەی قوتابخانەکان لە بارودۆخێکی خراپن.[٣]

لە ساڵی ٢٠٠٣، ژمارەی کورتھێنانی قوتابخانەکان گەیشتبووە ٣٥٩٠ قوتابخانە، کە ببوە ھۆی ھەبوونی دوو یان سێ نۆبە لە ھەمان باڵەخانەدا.

نزیکەی لە ٧٠٪ی قوتابخانەکان خاوەنی ئاوی پاک و دەستشۆر نین.

نزیکەی ١٠٠٠ قوتابخانە لە قوڕ، چادر و داری قامیش بنیادنراون.

ئاستی جۆرایەتی لاواز لە: تاقیگەی زانستی، کتێبخانە، ئامێر، سەرچاوەکانی خۆراک، بەرنامەی خوێندنی کۆن و بەسەرچوو، نەبووی ڕاھێنانی مامۆستایان و ڕێژەیەکی بەرزی نەھاتوو.

بەڕێوبردن بە شێوازێکی ناوەندیکراو.

نەبوونی کاری گونجاو بۆ دەرچووانی زانکۆکان و دابەزینی ئاستی ئەکادیمی و زانستی زۆرینەی زانکۆکان.

لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە وڵات و جەنگ لە دژی سەددام حوسێن و شەڕی ناوخۆیی ڕێبازە ئایینییەکان بووەتە ھۆی زیاتر تێکدانی باری پەروەردە لە عێراق.

٢٧٥١ قوتابخانە زیانیان پێ گەیشتووە و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە. ٢٤٠٠ قوتابخانە دووچاری تاڵانکردن بوونەتەوە.

فشار لە قوتابخانەکان کرابوو لە ناوچە مەترسیدارەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دابخرێن.

کارمەندانی پەروەردە دووچاری ھێرش، فڕاندن و کوشتن دەبوونەوە.

ڕێژەی نەھاتنی مامۆستایان و کچان گەیشتبووە ئاستێکی بەرز بەھۆکاری ھەڕەشە و مەترسیی باری ئاسایش.

بۆردومانکردنی بەغدا بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ١٦ خوێندکار.

  • لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەھۆی بۆردومانکردنی شاری سامەرا، ڕاگوێزرانی مامۆستایان و خوێندکاران بە ھۆکارێکی دیکە دادەنرێت لە شێواندنی کەرتی پەروەردەی وڵاتەکەدا.
  • نزیکەی ٣٢٠ ھەزار خوێندکار ڕاگوێزراون.
  • نزیکەی لە ٦٥٪ ڕاوگوێزراوان نێرن و کچان زیاتر واز لە خوێندن دەھێنن.
  • نزیکەی ٢٠ ھەزار مامۆستا ڕاگوێزراون.

شێوازی کۆچکردنە ناوخۆیییەکان جیاوازن کە دەبێتە ھۆی دروستکردنی قورسایی لەسەر کەرتی پەروەردە چونکە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ داواکارییە بەردەوام گۆڕاوەکان بکات.

زۆرینەی ڕاوگێزراوان و کۆچبەرە دەرەکییەکان دەکەونە وڵاتی ئوردن، کە خوێندکارانی عێراق لە ھەمان کەرتی پەروەردەی ئوردن دەخوێنن و خەرجییەکانیشیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە دابین دەکرێت. لە سووریا، خوێندکاران بەردەوامن لەسەر خوێندنەکەیان لەسەر شێوازی خوێندن و تاقیکردنەوەی عێراقی. لەگەڵ وڵاتی میسر.[٤]

سەرچاوە تەرخانکراوەکانی ئێستا بۆ کەرتی پەروەردە لە عێراق

دەستکاری

لە مانگی ئایاری ٢٠٠٣ەوە دەزگا نێودەوڵەتییەکان ھەستاون بە پاڵپشتیکردنی کەرتی پەروەردە لە عێراق و ھەردوو ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیھانی دوو ئابوونەیان تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی عێراق، بەتایبەتی و بەھەمان شێوەش ڕێکخراوەی دەزگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی (USAID) ڕێکەوتننامەی ھەیە بۆ ھاوکاریکردنی کەرتی پەروەردە لەڕێی بودجەی تەواوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ عێراق. ھەرچەندە ئەم بەرنامە و دەستپێشخەرییانە بە سەرەتایەکی باش دادەنرێن بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان / بانکی جیھانی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ لە «لێکۆڵینەوەی ھەڵسەنگاندنی پێویستییەکان» ئاماژەیان پێدابوو کە بڕی بەدجەی ویستراو بریتیی بوو لە ٤٫٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی.[٥]

ئەو پرۆژانەی لەم ساتەدا لەڕێی پرۆژەی ئابوونەی عێراقەوە تێچووەکانیان دابین دەکرێت، بریتین لە:

  • پرۆژەی بەپەلەی پێداچوونەوەی بەرنامەی خوێندن: لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە مەبەست لە پرۆژەکە دابینکردنی خەرجی و دابەشکردنی ٦٩ ملیۆن کتێبی خوێندنە بەسەر ٦ ملیۆن قوتابی لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵای ٢٠٠٤/٢٠٠٥ و بڕی تێچووی پرۆژەکە بە ٤٠ ملیۆن دۆلار دادەنرێت.
  • پرۆژەی بەپەلەی بوژاندنەوەی بنیادی قوتابخانەکان: لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٤ەوە مەبەست لە پرۆژەکە بریتیی بووە لە دروستکردنی ٥٥ باڵەخانەی قوتابخانەکان، نۆژەنکردنەوەی ١٣٣ قوتابخانە. کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ١٣٣ قوتابخانەکە تەواو بووە بە تێچووی ١٨١ دۆلار بۆ ھەر قوتابییەک کە ٤٥ ھەزار قوتابی سوودبەخش بوون لە پرۆژەکە و ٣ ھەزار کاری دروستکردنیشی ڕەخساندووە. تەواوی تێچووی پرۆژەکە بە ٦٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دادەنرێت.
  • پرۆژەی بەپەلەی بوژاندنەوەی بنیادی قوتابخانەکان – ئابوونەی تەواوکاری بۆ قوتابخانەی ئەھوارەکان: لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ەوە ئابوونەکە سەرچاوەی داراییی زیاتری دابین کردووە بۆ بنیادنانی ٣٣ قوتابخانەی نوێ لە ناوچەی ئاوییە نزم (ئەھوارەکان)ی عێراق کە دەبێتە ھۆی سوودپێگەیاندنی ٦–٨ ھەزار منداڵی ناوچەکە و دابینکردنی دەرفەتی کار لە بواری دروستکردن. تێچووی پرۆژەکە ٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
  • پرۆژەی بەپەلەی سێیەمی پەروەردە: ئابوونەکان لەلایەن دەزگای پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە تەرخان کراوە بە ھاوبەشی لەگەڵ بانکی جیھانی. لە ساڵی ٢٠٠٨ پرۆژەکە بەردەوامی ھەبوو لە جێبەجێکردن و مەبەست لێی پەرەدان بوو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی بۆ بنیاد و ھێشتنەوەی قوتابخانەکان. تێچووی پرۆژەکە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ [١], IRAQ, EDUCATION IN TRANSITION NEEDS AND CHALLENGES 2004.
  2. ^ Republic of Iraq. Ministry of Planning and Development Cooperation. National Development Strategy [NDS] 2005-2007
  3. ^ UNESCO. Situation Analysis of Education in Iraq. Paris: 2003, p.56
  4. ^ Republic of Iraq. Ministry of Planning and Development Cooperation. National Development Strategy [NDS] 2005-2007, p. xii
  5. ^ «Literacy rates of 15-24 years old, both sexes, percentage». Millennium Development Goals Indicators. United Nations. لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ھێنراوە.