پۆکەر
پۆکەر یەکێکە لە یاریەکانی خێزانی بەراوردکردنی کاردەکان کە تیایدا یاریزانان گرەو دادەنێن لەسەر ئەوەی کام دەستی گرەوە باشترینە بە پێی هەندێ ڕێسای تایبەتی یاریەکە کە هاوشێوە بێت لەگەڵ ئەو ڕیزبەندیەی دانراوە بۆ یاریەکە. لە کاتێکدا کۆنترین شێوەی یاریەکە کە ناسراوە بە تەنیا بە 20 کارد یاری پێ دەکرا، لە ئێستادا بە زۆری یاری پێ دەکرێت لەگەڵ ڕەکتەیەکی ستانداردی 52 کارد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وڵاتانەی کە کاردی کەمتر بەکاردەهێنن باویان هەیە، ڕەنگە یاری بکەن بە 32 کارد، 40 یاخود 48 کارد[١]. ئەم یاریانەی پۆکەر جیاوازن لە ڕێکخستنی ڕەکتەکانیان، ژمارەی کاردەکانی کە یاری پێ دەکرێن، ژمارەی کاردە ئاشکرا و شاراوەکان، و ئەو ژمارەیەی کە هاوبەش دەبێت لەنێوان هەموو یاریزانەکان، بەڵام هەموویان یاسایان هەیە کە تیایدا چەند یەک قۆناغ یان زیاتری گرەوکردنی هەیە.
لە زۆربەی یاریەکانی پۆکەری نوێ، یەکەم قۆناغ دەست پێ دەکات لەگەڵ یەک یاریزان یان زیاتر کە جۆرێک لە گرەوی زۆرەملێ (کوێر یاخود پێشەکی) دادەنێن. لە پۆکەری ستاندارد، هەر یاریزانێک گرەو دادەنێت بە پێی ئەو ڕیزبەندیەی هەیە و ئەو بڕوایەی کە دەستەکەی شایەنی بەراورد کردن بێت بە یاریزانەکانی تر. دواتر کردارەکانی یاریەکە بەردەوام دەبێت و بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر دەڕوات و هەر یاریزانێک پێویستە یان هەمان گرەو دابنێت (ئینگیلیزی: "call") هەمان بڕی گرەوی پێشوو، یاخود بکشێتەوە (ئینگلیزی: fold)، کە بڕی گرەوەکە دەدۆڕێنێت تا ئەوکاتە و ناشتوانێت لە قۆناغەکانی داهاتووی دەستەکە بەشدار بێت. یاریزانێک کە هەمان بڕ دادەنێت هەروەها دەتوانێت زیاد کردن بکات (ئینگلیزی : raise) بۆ ئەوەی بڕی پارەی گرەو زیاد بکات. قۆناغەکانی گرەوکردن کۆتایی دێت کاتێک هەموو یاریزانەکان یان هەمان بڕیان داناوە لە کۆتا گرەو یاخود کشاونەتەوە. ئەگەر هەموو یاریزانەکان کشابێتنەوە و تەنیا یەک یاریزان بمێنێت لە هەر یەکێک لە قۆناغەکان، ئەو کات ئەو یاریزانەی ماوە هەموو پارەکە دەباتەوە بە بێ ئەوەی پێویست بکات دەستەکەی دەربخات. ئەگەر زیاتر لە یاریزانێک مابێتنەوە لە ڕکابەری لە دواین قۆناغی گرەوکردن، ئەو کات قۆناغی شۆو داون (ئینگلیزی : showdown) دەست پێ دەکات کە دەستەکان ئاشکرا دەکرێن، و ئەو یاریزانەی بەرزترین ڕیزبەندی دەستی براوەی هەیە گرەوەکە دەباتەوە.
بێجگە لە قۆناغی سەرەتایی کە گرەوەکە دادەنێیت، لە دوای ئەو پارە دانان بە ئارەزووی یاریزانەکەیە کە بیەوێت بەردەوام بێت و لەو بڕوایەدا بێت گرەوەکەی نرخێکی پێشبینیکراوی ئەرێنی هەیە یاخود هەوڵ دەدات فێڵ لە یاریزانەکان بکات بە هۆکارەکانی ستراتیژی جیاوازی یاریکردن. ئەمەش، لە کاتێکدا ئەنجامی هەر دەستێکی دیاریکراو بەختی تێدایە، پێشبینیەکانی دور مەودای یاریزانەکان دیاری دەکرێن بە کردارەکانیان کە هەڵی دەبژێرن لەسەر بنەمای ئەگەرەکان، سایکۆلۆژی، و بیردۆزی یاری.
پۆکەر ناوبانگیەکی زۆری پەیدا کرد لە سەرەتایی سەدەی 20 زاینی و لەوێوە لە جیاتی ئەوەی چالاکیەک بێت کە چەند گروپێکی بچوک لە ئارەزوومەندانی یاریەکە بیکەن بوو بە چالاکیەکی زۆر بەناوبانگ، بۆ هەردوو بەشدار بووان و بینەران، لەناویاندا گازینۆی ئۆنلاین، لەگەڵ چەندین یاریزانی پرۆفیشناڵ و خەڵاتی پاڵەوانێتی چەندین ملیۆن-دۆلاری[٢].
مێژووی پۆکەر
دەستکاریلە کاتێکدا ڕەسەنی تەواوی پۆکەر هێشتا جێگای مشت و مڕە و قسەی لەسەرە، چەندین توێژەری یاری ئاماژە بە یاری فەڕەنسی (paque) و یاری فارسی ئەس-ناس دەکەن وەک ئیلهامی سەرەتایی یاریەکە[٣]. بۆ نموونە، لە وەشانی ساڵی 1937 ی فۆستەر لەسەر هۆیڵ بە تەواو، R.F.Foster نوسیویەتی کە "یاری پۆکەر، کە یەکەم جار یاری پێکراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێنج کارد دراوە بە هەر یاریزانێک لە بیست-کارد، بێ گومان یاری فارسی ئەس ناس (ئینگلیزی : As-Nas) بووە." لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵانی 1990ەکان بیرۆکەی ئەوەی کە پۆکەر ڕاستەوخۆ لە ئەس-ناس وەرگیرابێت بەرەنگاری لەگەڵ کرا لەلایەن مێژوونوسانی یاری وەک داڤید پارلێت (ئینگلیزی : David Parlett). لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دڵنیایی لەسەرە ئەوەیە کە پۆکەر بەناوبانگ بوو لە ئەمریکای باشور لە سەرەتاکانی سەدەی 19، وەک قوماری بەلەمی سەر ڕوبارەکان لە ڕوباری میسیسیپی و لە دەوری ئۆرلێنسی نوێ لە ماوەی 1830ەکان کە وای کرد یاریەکە زیاتر بناسرێت. وەسفێک و باسکردنێکی زووی پۆکەر کە یاری پێکراوە لەسەر بەلەم لە ساڵی 1829 تۆمار کراوە لەلایەن ئەکتەری ئینگلیزی جۆی کۆوێڵ (ئینگلیزی : Joe Cowell). یاریەکە دەکرا لەگەڵ بیست کارد کە ڕیزبەندیەکەی دەستی پێ دەکرد لە کاردی ئەیس (بەرز) بۆ ژمارە دە (نزم)[٤].
بۆ ڕکابەری لەگەڵ ئەم وەشانەی پۆکەر، یاری حەوت-کارد ستەد دەرکەوت لە ناوەڕاستی سەدەی 19، و بە خێرایی بڵاو بۆوە لە ناو سوپای ئەمریکادا[٥]. بەتەواوی چەسپا لە چەندین گازینۆدا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، و ناوبانگی زیای کرد لەگەڵ داهێنانی زنجیرەی جیهانی پۆکەر لە ساڵانی 1970 کاندا[٦].
تەکساس هۆڵدم و یاریەکانی تری کاردی کۆمەڵ دەستیان کرد بە داگیرکردنی ڕوکارەکانی قومارکردن بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. پەخشی تەلەڤزیۆنی پۆکەر کاریگەریەکی سەرەکی هەبوو لە زیاد بوونی ناوبانگی ئەم یاریە لە دوای دەست پێکردنی هەزارەی دووەمی زاینی. کە لە ئەنجامدا تەقینەوەی پۆکەر (ئینگلیزی : poker boom) لێ کەوتەوە لە دوای چەند ساڵێک لە نێوان 2003 بۆ 2006. ئێستا یاریەکە بەتەواوی گەشەی کردووە و بووە بە یەکێک لە بەناوبانگترینەکان لە جیهاندا.
لە دوای تەواو بوونی دەیەی یەکەمی هەزارەی دووەم، لە ڕێگەی هەبوونی گازینۆی ئۆنلاین، بەشێکی زۆری یاریەکانی قومارکردن و گازینۆ بڵاوبۆوە بە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئاسانکاری بۆ کرا تا یاریزانان بتوانن یاریەکانی وەک ڕۆلێت و پۆکەر و جۆرەکانی تر لە ماڵەکانی خۆیان بکەن، لەگەڵ هەبوونی زانیاری و ستراتیژی بۆ یاریزانانی عەرەب تا بتوانن ئەزمونی خۆیان هەبێت و بۆچونی تایبەتی لێ وەردەگیرێت[٧].
شێوازی یاری
دەستکاریلە شێوازی یاری کردنی ئاسایی، مافی دەست پێکردنی دەستێک دەسوڕێتەوە بە ناو یاریزانەکاندا و بە نیشانەیەک دەبێت پێی دەوترێت دوگمەی دابەشکار (ئینگلیزی: dealer button) . لە گازینۆیەک، دابەشکاری خاوەن جێگاکە کاردەکان بەڕێوە دەبات بۆ هەر دەستێک، بەڵام دوگمەی دەست پێکردن (بە گشتی دێسکێکی پلاستیکی سپیە) دەسوڕێتەوە بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر لە نێوان یاریزانەکان بۆ ئەوەی بۆ دابەشکارەکە دیاری بکرێت کە بە کام ڕیزبەندی دەست دەکات بە گرەوکردن. کاردەکان دابەش دەکرێن بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر لەسەر مێزی پۆکەرەکە، یەک کارد لە یەک کاتدا.
یاریزانێک یان زیاتر بە گشتی پێویستە گرەوی زۆرەملێ دابنێن، بە گشتی یان گرەوێکی ئانتێ یان گرەوی نەبینراو (هەندێ جار هەردووکیان). دابەشکارەکە کاردەکات تێکەڵ دەکات، یاریزانەکەی لە دەستە ڕاستی دانیشتووە دەیبڕێت، و دابەشکارەکە ژمارەی گونجاوی کاردەکان دەدات بە یاریزانەکان یەک کارد لە یەک کاتدا، لەگەڵ ئەو یاریزانە دەست پێ دەکات کە لای چەپی دانیشتووە. کاردەکات دەکرێت بە ئاشکرا دابەش بکرێن یاخود نهێنی، کەوتۆتە سەر ئەو جۆرەی پۆکەر کە یاری پێ دەکرێت. لە دوای گرەوی سەرەتایی، کە یەکەم قۆناغە لەو چەند قۆناغەی گرەوکردن. لە نێوان قۆناغەکاندا، دەستەکانی یاریزانەکان گەشە دەکەن لە چەند ڕێگەیەک، بە زۆری بە بەخشینی کاردی زیادە یاخود جێگرتنەوەی کاردەکان کە پێشتر دابەشکراون. لە کۆتایی هەر قۆناغێک، هەموو گرەوەکان کۆ دەکرێنەوە لە ناو شتێکی دیاریکراو(pot) لە ناوەڕاستی مێزەکەدا.
لە هەر کاتێکدا لە ماوەی قۆناغێکی گرەوکردن، ئەگەر یەک یاریزان گرەو دابنێت، هیچ ڕکابەڕێک بڕیار نەدات کە (call) بکات واتە هاوشێوەی گرەوەکە دابنێت، و هەموو یاریزانەکان لە جیاتی ئەوە بکشێنەوە، دەستەکە ڕاستەوخۆ کۆتایی پێ دێت، ئەوەی گرەوەکەی کردووە پارەکە دەباتەوە، هیچ کاردێک پێویست ناکات کە پیشان بدرێت، و دەستی داهاتوو دەست پێ دەکات. کە ئەمەش وا دەکات فێڵ کردن بتوانیت بکەیت لە بەرامبەرەکە. فێڵکردن تایبەتمەندیەکی سەرەکیە لە پۆکەر، وا دەکات جیای دەکاتەوە لە یاریەکانی وتر و ئەو یاریانەی تر کە ڕیزبەندی پۆکەر بەکاردەهێنن.
لە کۆتایی کۆتا قۆناغی گرەوکردندا، ئەگەر زیاتر لە یەک یاریزان مایەوە، قۆناغی شۆو داون دەست پێدەکات، کە یاریزانەکان کاردەکانی پێشتر شاراوە بوون دەریدەخەن و هەڵسەنگاندنی دەستەکانیان دەکەن. یاریزانەکەی کە باشترین دەستی هەیە بە پێی ئەو جۆرەی پۆکەر کە یاری دەکەن ئەوا هەموو پارەکەی لە ناوەڕاستدا کۆ دەکرایەوە دەباتەوە. دەستێکی پۆکەر لە پێنج کارد پێک دێت؛ لەو جۆرانەی کە یاریزانێک زیاتر لە پێنج کاردی بۆ هەیە، تەنیا باشترین تێکەڵەیەکی پێنج کارد هەژمار دەکرێن. ١٠ جۆری جیاوازی دەستی پۆکەر هەیە، وەک فلەشی یەک بە دوای یەک و چوار دانە لە یەک جۆر.
جۆرەکان
دەستکاریپۆکەر چەندین جۆری هەیە[٨][٩]، هەموویان لەسەر هاوکێشەیەکی هاوشێوەی یاریکردنن[١٠] و بە گشتی هەمان هێڵکاری ڕیزبەندی دەستەکان بەکار دەهێنن. چوار خێزانی سەرەکی هەیە لە جۆرەکانی پۆکەر، کە بەیەکەوە بەستراون بە پرۆتۆکۆڵ و ستانداردەکانی کارد دابەشکردن و گرەوکردن:
سترەیت
دەستکاریدەستێکی تەواو دابەش دەکرێت بۆ هەر یاریزانێک، و یاریزانەکان گرەو دەکەن لە یەک قۆناغدا، لەگەڵ زیادکردنی گرەو و دوبارە زیاد کردن کە ڕێگەپێدراون. ئەمە کۆنترین خێزانی پۆکەرە؛ سەرەتای ئەم یاریە کە ئێستا دەکرێت یاریەک بوو کە ناسراو بوو بە پریمێرۆ (ئینگلیزی : primero)، کە گەشەی پێدراوە بۆ یاری براگی سێ-کارد، یاریەکی زۆر بەناوبانگ لە کاتی جەنگی شۆڕشگێڕی ئەمریکیەکان و هەتا ئێستاش دەکرێت لە بەریتانیا. دەستەکانی یاریکردنی سترەیت (ئینگلیزی: Straight) پێنج کاردن و هەندێ جار بەکار دەهێنرێن وەک قۆناغی کۆتایی شۆوداون، بەڵام پۆکەر لە ئێستادا لە زۆربەی جێگاکان لە شێوازێکی ئاڵۆزترە و بۆ ئەوەی ڕێگەبدات بە ستراتیژی زیاتر.
پۆکەری ستەد
دەستکاریکاردەکان دابەش دەکرێن بە ڕێکخستنێکی پێشوەختە لە قۆناغەکانی کاردی ئاشکرا و کاردی شاراوە، یاخود شەقامەکان (streets)، لەگەڵ هەر قۆناغێک لە گرەوکردن بە دوای یەکدا. ئەمەش دووەم کۆنترین خێزانی ئەم یاریەیە؛ لەگەڵ بەرەوپێش چوونی پۆکەر لە دەستی سێ کاردەوە بۆ دەستەکانی پێنج-کارد، بە گشتی وا دانرا کە یەک کارد بدرێت لە هەر کاتێکدا، یان ئاشکرا بێت یاخود شاراوە، لەگەڵ قۆناغێکی گرەوکردن لە نێوان هەر دوو کارد دابەشکردنێکدا. بەناوبانگترین جۆری ستەد لە ئێستادا، بریتیە لە حەوت-کارد ستەد، کە دوو کاردی زیادە دەدات بە هەر یاریزانێک (سێ کاردی-شاراوە، چوار کاردی ئاشکرا) کە پێویستە باشترین 5-کاردی لێ دروست بکەیت لەو حەوت دانەیە.
پۆکەری درەو
دەستکاریپێج-کارد درەو: دەستێکی تەواو دابەش دەکرێت بۆ هەر یاریزانێک، کاردەکان ئاشکرا نین. هەر یاریزانێک پێویستە پێشەکیەک دابنێت لە شوێنی پارەدانان. دواتر دەتوانن کاردەکانیان ببینن و بە پێی ئەوە گرەو دابنێن. لە دوای گرەودانان، یاریزانەکان دەتوانن تا سێ کارد لابدەن و کاردی نوێ وەربگرن لە دابەشکار. دواتر، قۆناغێکی تری گرەوکردن ڕودەدات. لە کۆتاییدا، هەر یاریزانێک پێویستە کاردەکانی خۆی پیشان بدات و یاریزانەکەی کە باشترین دەستی هەیە دەیباتەوە.
پۆکەری کاردی کۆمەڵ
دەستکاریهەروەها ناسراوە بە (flop poker)، پۆکەری کاردی کۆمەڵ جۆرێکە لە پۆکەری ستەد. یاریزانەکان کاردیان بەسەردا دابەش دەکرێت بەڵام ئاشکرا نیین، دواتر چەند ژمارەیەکی کاردی کۆمەڵ دادەنرێت و ئاشکران لە ناوەڕاستی مێزەکە، کە ئەو کاردانە دەتوانرێت لەلایەن یاریزانێک یان زیاتر بەکار بهێنرێت بۆ دروستکردنی دەستێکی 5-کارد. تەکساس هۆڵدم و ئۆماها دوو جۆری ناسراوی خێزانی کاردی کۆمەڵن.
چەندین ڕێگا هەیە بۆ پێناسەکردنی هێڵکاری گرەوکردن لەکاتی دەستێکی پۆکەر. سێ باوترین هێڵکاری کە ناسراون بریتین لە "سنوری-دیاریکراو"، "سنوری-حەوز"، و "بێ-سنور". لە پۆکەری سنوری دیاریکراو، گرەوکردن و زیادکردن دەکرێت تەنیا لە ڕێگەی بڕێکی ستانداردەوە. بۆ نموونە، ئەگەر گرەوی پێوسیت بریتی بێت لە س، گرەوی سەرەتا تەنیا دەتوانێت گرەوی س دابنێت؛ ئەگەر یاریزانێک ئارەزوو بکات گرەوەکە بەرز بکاتەوە، تەنیا دەتوانێت بە نرخی س بەرزی بکاتەوە. لە پۆکەری سنوری-حەوز ( ئەو جێگایەی پارەکەی تیا دادەنرێت)، یاریزانێک دەتوانێت گرەو دابنێت یاخود زیاد کردن بکات هەتا ئەو بڕەی لە حەوزدا هەیە. کاتێک هەژماری بەرزترین زیادکردنی ڕێگەپێدراو دەکەیت، هەموو گرەوەکانی پێشوو و هاوشێوە کردنەکان، لەناویاندا زیادکردنەکان پێویستە دابنرێن لەسەر حەوز، دواتر ئەو کەسەی دەیەوێت زیاد کردن بکەت دەتوانێت بە هەمان بڕی پارەکەی دانراوە گرەوەکە زیاد بکات. لە پۆکەری بێ-سنور، یاریزانێک دەکرێت هەموو پارەی گرەوەکەی دابنێت لە هەر یەکێک لە حاڵەتەکانی یاریەکەدا. لە هەموو یاریەکاندا، ئەگەر یاریزانێک چیپی گرەوی تەواوی پێ نەبێت تا گرەوەکە بە تەواوی هاوشێوە لێ بکات، دەتوانێت گرەوی "بەشدار بوون بە هەمووی" (ئینگلیزی : all-in) بکات، وا دەکات لە دەستیاندا بیبینیت هەموو ئەو بڕە چیپەی کە ماویانە.
لە کاتێکدا یاریەکانی ئاسایی پۆکەر خەڵاتی پارەی حەوز دەدات بە بەرزترین دەست بە پێی ستانداردەکانی ڕیزبەندی دەستی پۆکەر، چیاوازی هەیە لە جۆرەکان دەربارەی باشترین دەست، و ئەو دەستەی خەڵاتەکە دەباتەوە، لە هەندێ جۆردا نزمترین ڕیزبەندی دەستە. لەم یاریانەدا باشترین دەست تیایدا نزمترین کاردەکان هەیە لە جیاتی بەرزترین کاردەکان؛ هەندێ جۆر ڕەنگە ئاڵۆزتریش بن بەوەی کە دەستەکانی وەک فلەش یاخود یەک لە دوای یەک لە ڕیزبەندی دەست دانانرێن. هەروەها یاریەکان هەیە کە بەرزترین و نزمترین دەستەکان پارەی حەوز دابەش دەکەن لە نێوانیاندا، ناسراوە بە یاریەکانی "جیاکردنەوەی بەرز و نزم".
یاریەکانی تر کە ڕیزبەندی دەستی پۆکەر بەکاردەهێنن وەک ئەمانە ڕەنگە ئاماژەیان پێ بکرێت بە پۆکەر. پۆکەری ڤیدیۆیی یاریەکەی ڤیدیۆیی یەک-یاریزانە کە کار دەکات وەک ئامێری سلۆت: زۆربەی ئامێرەکانی پۆکەری ڤیدیۆیی یاری پۆکەری درەون، کە یاریزانەکە گرەوێک دەکات، دەستێک دابەش دەکرێت، و یاریزانەکە دەتوانێت هەندێک لە کاردەکان لابدات و بە کاردی نوێ جێگەی بگرێتەوە. پارەدان بەندە لەسەر ئەنجامی دەستەکە لە دوای کۆتا قۆناغ و گرەوی سەرەتایی یاریزان.
پۆکەری ستریپ جۆرێکە لە پۆکەری نەریتی کە یاریزانەکان جلەکانیان لا دەبەن کاتێک گرەوەکان دەدۆڕێنن. لەبەر ئەوەی تەنیا بەندە لەسەر شێوازی سادەی گرەوکردن لە قۆناغەکاندا، پۆکەری ستریپ (ئینگلیزی :strip poker) دەکرێت یاری پێبکرێت لەگەڵ هەر جۆرێکی پۆکەر؛ لەگەڵ ئەوەشدا، بە گشتی بەندە لەسەر جۆرە سادەکانی لەگەڵ چەند قۆناغێکی گرەوکردن، وەک پێنج کارد درەو.
یاریەکی تر لەگەڵ ناوی پۆکەر، بەڵام شێوازێکی یاری کەمێک جیاواز، پێی دەوترێت پۆکەری سەگی سور یاخود ئەیسی-دیوسی (Acey-Deucey). ئەم یاریە زیاتر هاوشێوەیە لەگەڵ بلاک جاک لە ڕێکخستن و گرەوکردندا؛ هەر یاریزانێک گرەو دەکات لە دژی خاوەن جێگاکە، و دواتر دوو کاردی پێ دەدرێت. بۆ ئەوەی یاریزانەکە بیباتەوە، کاردی سێیەم دابەش دەکرێت(لە دوای ئەوەی هەلی ئەوە دەدرێت گرەوەکەت بەرز بکەیتەوە) پێویستە نرخێکی هەبێت لەنێوان دووانەکەی یەکەم. پارەدانەکەی لەسەر بنەمای پۆینتەکان و ئەگەرەکانە کە دەگونجێت، لەسەر بنەمای جیاوازی لە نرخەکانی یەکەم دوو کارد. یاریەکانی تری وەک پۆکەر وان دەکرێن لە گازینۆکان لە دژی خاوەن جێگا لە ناویاندا پۆکەری سێ کارد و پۆکەری پای گۆو.
پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر
دەستکاریچەند جۆرێک لە یاریزانانی پۆکەری کۆمپیوتەر گەشەیان پێ درا لەلایەن توێژەران لە زانکۆی ئەلبێرتا، زانکۆی کارنێجی مێلۆن، و زانکۆی ئەوکلاند و چەندینی تر.
لە بابەتێکدا لە کانونی دووەمی 2015[١١] بڵاوکرایەوە لە گۆڤاری زانست، گروپێک لە توێژەرەکان کە زۆربەی لە زانکۆی ئەلبێرتا بوو ئاشکرایان کرد کە ئەوان بە گرنگیەوە خاڵی لاوازیان چارەسەر کردووە لە تەکساس هۆڵدم لەگەڵ گەشەپێدانەکانیان لەسەر (Cepheus poker bot).
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Parlett (2008), pp. 568–570.
- ^ «Top 10 moments in poker history». www.casinocitytimes.com. لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ "History of Poker" in Roya, Will (2021). Card Night: Classic Games, Classic Decks, and the History Behind Them. Black Dog & Leventhal Publishers. p. 203. ISBN 9780762473519.
{{cite book}}
: no-break space character لە|title=
لە 23 (یارمەتی) - ^ Cowell (1844), p. 94.
- ^ "History of Poker" in Roya, Will (2021). Card Night: Classic Games, Classic Decks, and the History Behind Them. Black Dog & Leventhal Publishers. p. 203. ISBN 9780762473519.
{{cite book}}
: no-break space character لە|title=
لە 23 (یارمەتی) - ^ «World Series of Poker Retrospective: Horseshoe History». gaming.unlv.edu. لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی ئابی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ھێنراوە.
- ^ «بوكر اون لاين الدليل الشامل 2022 لقواعد اللعبة واستراجيتها» (بە عەرەبی). ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢. لە ڕەسەنەکە لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ Reuben, Stewart 2001. Starting out in Poker. London: Everyman/Mind Sports. ISBN 1-85744-272-5.
{{cite book}}
: no-break space character لە|title=
لە 76 (یارمەتی) - ^ Richard D. Harroch, Lou Krieger. Poker for Dummies. John Wiley & Sons, 2010.
- ^ Sklansky, David. The Theory of Poker. Two Plus Two Pub, 1999.
- ^ Bowling، Burch M. (2015). «Heads-up limit hold'em poker is solved» (PDF). Science. 347: 145–149.