پلۆتۆ[١] (بە ئینگلیزی: Pluto) کەسایەتییەکی کارتۆنییە کە لە ساڵی ١٩٣٠ لە ستۆدیۆی واڵت دیزنی دروستکراوە. پلۆتۆ سەگێکی پرتەقاڵییە، قەبارەی مامناوەندە، گوێچکەی ڕەشە، ئەو سەگی ماڵی میکی ماوسە. یەکەم زنجیرە کارتۆنی پلۆتۆ لە ساڵی ١٩٣٧ دروستکرا، ھەرچەندە پێش ئەوە پلۆتۆ لە ٢٤ ئەڵقەی کارتۆنی میکی ماوسدا دەرکەوتبوو و ڕۆڵی ھەبووە. لە ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٥٣ پلۆتۆ لە کۆی گشتی ٨٩ کورتە فیلمدا بەشداری کردووە، کە چەندین فیلمیان پاڵێوراو بوون بۆ باشترین کورتە فیلمی ئەنیمەیشن. بەو پێیەی پلۆتۆ قسە ناکات، فیلمەکانی لەسەر بنەمای جوڵەی جەستەیی کۆمیدی و نوکتەن نەک دیالۆگ. ئەم تایبەتمەندییە وای لێکردووە کە کەسایەتییەکی پێشەنگ بێت لە کارەکتەرە کارتۆنییە بێ قسەکاندا.[٢]

سەرەتای دەرکەوتن دەستکاری

پلۆتۆ بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٠ لە فیلمێکی کارتۆنی بە ناوی "زیندانی زنجیر" دەرکەوت. لەو کاتەدا ئەنیمەیتەرەکان پێیان وابوو کە واڵت دیزنی ناوی پلۆتۆی لە ھەسارەی تازە دۆزراوی پلۆتۆ وەرگرتووە، لە یەکەم فیلمیدا پلۆتۆ ڕۆڵی سەگێکی پاسەوانی زیندانی بینی کە بەدوای میکی ماوسی تاوانبار و ھەڵھاتوودا دەگەڕێت. دوای مانگ و نیوێک لە کارتۆنێکی تردا وەک سەگەکەی مینی ماوس بە ناوی "ڕۆڤەر" دەرکەوت کە یاوەری میکی ماوس و مینی ماوس بوو لە ناوچەیەکدا. سێیەم دەرکەوتنی لە ساڵی ١٩٣١ لە فیلمی کارتۆنی "ڕاوکردنی ئاسکەکان" بوو و ڕۆڵی سەگی ماڵی میکی ماوسی بە ناوی پلۆتۆ بینی.[٣]

تایبەتمەندی کەسایەتی دەستکاری

بە پێچەوانەی ھاوڕێکانی تری میکی ماوس، پلۆتۆ سیمای مرۆڤی نییە و وەک سەگێکی ئاسایی ڕەفتار دەکات. قسە ناکات، بە دوو قاچ ناڕوات و جل و بەرگیش لەبەر ناکات. سەگێکی دڵخۆشە و زۆر حەزی لە سەرگەرمییە، ھەرچەندە زۆر دەترسێت کاتێک ڕووبەڕووی شتێکی نادیار دەبێتەوە. ئیرەیی بە بوونەوەرێکی تر دەبات کە دەیەوێت ببێتە ئاژەڵی ماڵی میکی ماوس و ئەمەش لە چیرۆکە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دەدرێت. کاتێک تێدەگات کە بە ھەڵە شتێکی نەناسراوی قووتداوە، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبێت. لە زۆرێک لە یارییەکانی لەگەڵ میکی ماوس، پلۆتۆ خۆی تووشی کێشە دەکات، ئەمەش میکی توڕە دەکات.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Disney, Walt. Walt Disney's Story of Pluto The Pup. Whitman BLB, 1938.
  2. ^ http://www.michaelbarrier.com/Essays/Flypaper%20Sequence/FlypaperSequence.html#originalpost
  3. ^ Kaufman, J.B. (2016). "Introduction". Silly Symphonies: The Complete Disney Classics, vol 2. San Diego: IDW Publishing. pp. 7–8.