ھێڵ (ئەندازە)

(لە هێڵ (ئەندازە)ەوە ڕەوانە کراوە)

ھێڵ شتێکی ئەندازەیییە کە (زۆرتر) ڕاست، بێبڕانەوە درێژ و بێبڕانەوە باریکە. پانیی ھێڵ سیفرە. ئەگەر ھێڵێک بە پێنووس بکێشن و بە وردبین سەیری بکەن لەوانەیە بڵێن دەتوانین پانیی ھێڵەکە بپێوین؛ بەڵام، لە ئەندازەدا، ھێڵ بێپانایە. ئەو ھێڵەی بە پێنووس دەکێشرێ تەنھا بۆ نیشاندانی بیرۆکەی ھێڵ لەسەر کاغەزە. ھێڵ تەنھا یەک ڕەھەندی ھەیە ئەویش درێژییە. کاتێک زانستی ئەندازە بەکار دێنین بۆ دروستکردنی نموونەیەک لە جیھانی ڕاستەقینە، ھێڵەکان دەبنە نوێنەری ئەو شتە ڕاستانەی کە زۆر باریکن و پانییان زۆر کەمە.

پارچەھێڵێک
سێ هێڵ لە ئەندازەی دیکارتیدا

ھێڵی ڕاست یان ڕاستەھێڵ کورتترین مەودای نێوان دوو خاڵە. واتە گەر بمانەوێ لە شوێنێکەوە بڕۆین بۆ شوێنێکی تر، یان شتێک لە شوێنێکەوە ببەین بۆ شوێنێکی تر، نزیکترین ڕێگە ئەو ڕاستەھێڵەیە کە دوو شوێنەکە دەگەیێنێتە یەک.

پارچەھێڵ لەتێک لە ھێڵە کە لەلایەن دوو خاڵی جیاوازەوە سنووردار کرابێتەوە. پارچەھێڵ خاوەنی ھەموو خاڵەکانی سەر ھێڵەکەیە کە دەکەونە نێوان ئەو دوو خاڵەی کۆتایییەوە.

تیشک یان نیوەھێڵ ئەو ھێڵەیە کە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکا و لە ئاراستەیەکی دیاریکراودا بەرەو بێکۆتایی دەر دەچێ.[١] ھەر ڕاستەھێڵێک دوو ئاراستەی ھەیە و لە ھەر ئاراستەدا بێبڕانەوە درێژ دەبێتەوە، بەڵام تیشک تەنھا لە یەک ئاراستەدا بێبڕانەوەیە، بۆیە ھەندێ جار پێ دەوترێ نیوەھێڵ.

لە ئەندازەی ئیقلیدسیدا‌، چەمکی ھێڵ بنچینەیییە. بەڵام لە ئەندازەی شیکارانەدا بەپێی زاراوەگەلی بنچینەییتر (وەکوو خاڵ) پێناسە دەکرێ.

ئیقلیدس ھێڵی بەم جۆرە پێناسە کردووە: درێژییەکی بێپانا؛ ھەروەھا بۆ ڕاستەھێڵیش دەڵێ: ڕاستەھێڵ ئەو ھێڵەیە کە بە خاڵەکانی سەر خۆیەوە تەخت ڕاکشابێ.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ پێناسەی تیشک
  2. ^ توخمەکانی ئیقلیدس، پەرتووکی یەکەم، پێناسەی ژمارە ٢ و پێناسەی ژمارە ٤: [١]