مەلای خەتێ ناوی مەلا محەمەد کوڕی مەلا ئەحمەد کوڕی عەبدولرەحمان کوڕی ئیسماعیل کوڕی شێخ سلێمانە، لە ساڵی ١٧٨٥ز لە گوندی خەتەی خۆشناوەتی لەدایک بووە. بە محەمەد ئەفەندی یان محەمەد خەتی ئەفەندی ناسراوە، لای زانایانی ناوچەی ڕەواندز خوێندویەتی، لە لای مەلا عەبدولرەحمانی ڕۆژبەیانی ئیجازەی عیلمی وەرگرتووە. دەچێتە بەغدا و نێوانی لەگەڵ داود پاشا خۆش بووە. لە ساڵی ١٨١٥ محەمەد پاشای ڕەواندز دەیکاتە موفتی گشتی ھەموو ناوچەی سۆران. چەند دانراوێکی ھەیە. لە ساڵی ١٨٦٠ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گەردەگەرد ئەسپەردەی خاک کراوە. بەداخەوە حوسێن حوزنی موکریانی ئەوەی بڵاوکردەوە کە مەلای خەتێ بۆتە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەمارەتی کوردی، ئەمە مەسعوود محەمەد و چەند تویژەرێکی دیکە وەڵامیان داوەتەوە و ئەو لە زانایەکی گەورە بترازێ ھیچ ڕۆڵێکی سیاسی نەبووە. (بەحرکەیی، ٢٠١٠: ٤٩).