میرنشینی پنیانشی (ھەروەھا وەک کوڕانی شاھکولویش ئاماژەی پێدەکرێ) دەسەڵاتێکی کوردی بووە کە ساڵی ١٥٤٨ لە ناوچەکانی سەڵماس و سۆمای دامەزراوە.

سەرەتاکانی سەدەی ١٥ی زایینی، یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی بلەجان کە سەر بە ھۆزی کوردی پنیانشی بووە حکوومەت و دەسەڵاتی پنیانشی دامەزراندووە. یەکەمین سەرۆکی ناسراوی ئەم بنەماڵەیە شاھکولو بووە. ھەر بەم بۆنەشە ھەم عوسمانییەکان و ھەمیش ئێرانییەکان ناوی کوڕانی شاھکولویان بۆ ئاماژەدان بەو میرنشینە بەکار ھێناوە. لەگەڵ دابەشبوونی ئەمارەتی ھەکاری لە ساڵی ١٥٤٨دا، میرنشینی پنیانشی دامەزراوە و سەڵماسی وەک پایتەختی خۆی دەستنیشان کردووە. ساڵی ١٥٥٥ و دوابەدوای واژووکرانی پەیمانی ئاماسییە، ئاشتی کەوتووەتە نێوان ئیمپەراتۆرییەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سەفەوییەکان. بەڵام ھەر لەو سەروبەینە بێدەنگ و ئارامەدا کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی لەنێوان ئەمارەتی ھەکاری، میرنشینی مەحموودی و میرنشینی کوڕانی شاھکولو لە ئارادا بووە. ناکۆکی گرنگ و سەرەکی لەو میانەیەدا گەڕاوەتەوە نێوان کوڕانی شاھکولو و ئەمیر زەینەڵ بەگی ھەکاری. لە میانەی ئەو ناکۆکییانەدا ئەمیر زەینەڵ بەگ لە باری سیاسی و چەکدارییەوە و لە دژی کوڕانی شاھکولو، پاڵپشتی ئیمپەراتۆرییەتی عوسمانی کردووە.[١] کوڕانی شاھکولو کە بەردەوام شەڕی ئەمارەتی ھەکارییان کردووە، سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەم ناوچەی «ھۆی»یان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ساڵی ١٦٠٥ شاھکولو کۆجی بەگ لە میانەی شەڕ لەگەڵ ئێراندا کوژراوە. بازنەی میرنشینەکە دابەش کرابووە سەر ناوچەکانی سەڵماس و سۆمای. سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی ساڵی ١٦٣٥ ئیرەوانی گەمارۆ دا. لە میانەی گەمارۆدرانی ئیرەواندا، سوپای سەفەوییەکان لە شەڕێکدا لەگەڵ کوڕانی شاھکولو کە لە نزیکی سەڵماس تووشیان ھاتبوون، شکستێکی قورسی ھێنا. ئەم میرنشینە ساڵی ١٨٢٣ و ئەو کاتەی ئێران سەڵماسی داگیر کرد کۆتایی پێھات.

کتێبناسی

دەستکاری

«PINYANIŞ Government»، University of Hakkari (بە تورکی): 2–44، 2015

سەرچاوەکان

دەستکاری