میرزا لوتفوڵڵای سەعیدی ناسراو بە میرزای جوانڕۆیی، میرزا لوتفوڵڵای شاعیر ، میرزای سارۆخان یان میرزا لفتلای شاعیر. شاعیری خەڵکی جوانڕۆی کوردستانی ڕۆژھەڵاتە. حسەین بەگی جوانڕۆیی قارەمانی شیعرەکانی میرزایە و لە زۆربەی شیعرەکانیدا مەدحی خەبات و شەڕەکانی حسێن بەگ بۆ پاراستنی جاف و نیشتمان لە پەلاماری نەیارەکان و ھێرشەکانی شانشینی پەھلەویی ئێران بۆ سەر خاکی جوانڕۆ دەکات.

ژیاننامە دەستکاری

میرزا لە ساڵی ١٩٢١ی زایینی (١٣٠٠ی ھەتاوە) لە ئاوایی سارۆخانی جوانڕۆ لەدایک بووە. باوکی ناوی عەبدولقادرە و خاوەنی یەک برا و دوو خوشکە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە قوتابخانەیەکی قەڵای جوانڕۆ نراوەتە بەر خوێندن، بەڵام پێدەچێ سێ یان چوار پۆلی خوێندبێ و ئیتر جێی ھێڵاوە. باوکی ئیشی فەلایی و ئاژەڵداری بووە. ھێندێ جار دەبێتە یارمەتیدەری باوکی و چمکێک لە ئەرکی ماڵەوەی پێدەسپێرن.

بەو شێوەی کە خۆی بۆ خزم و ناسیاو و دۆستانی گێراوەتەوە، ڕۆژێکی پاییزی لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا، باوکی لە کەژی بێنە خەریکی جووتکردن بووە؛ بەیانییەک خواردن دەبات بۆ باوکی، تا دەگاتە بەرەوە زۆر ماندوو دەبێ، باوکی پێی دەڵی لە سێبەری دارە گویژێکدا کە لە لای سەرەوەی کێڵگەکەیان بووە، کەمێ بحەسێتەوە و دوایی ھێندێ گویژ کۆ بکاتەوە و بیباتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام لە سێبەری دارەکەدا خەوی لێدەکەوێ و لە خەوەکەیدا وا دەزانێ گەرووی گەورە و ئاوەڵا بووە وەک ئاشەمەکینەی لێھاتووە، ھەرچی پێدا دەکەن وەک ئاش دەیھەڕێ.

کاتێ لەو خەوەی ڕادەپەڕێ، دەبێنێ باوکیشی خەریکە دێت بۆ سێبەرەکە بۆ حەسانەوە. ھەستێکی سەیر ڕووی لێ دەکات و ھانی دەدات بۆ شیعر وتن. ئاوڕێک لە دەورووبەری دەداتەوە و لەبەر خۆیەوە شیعرێک دەڵێ بە دار گویژەکە و گاجووتەکەی باوکیدا.[١] بڕێک حاڵی تێک دەچێ و دەکەوێتە وڕاوەی شیعرەوە. باوکیشی وادەزانێ حاڵی باش نییە و دەینێرێتەوە بۆ ماڵ. لە ڕێوە ژانە شیعر دەیگرێ و بەردەوام وڕینە دەکات، تا دەگاتە کانی ناوباخ یا کانییەکەی بەر ئاوایی، دەبینێت ژنێکی جوان لەبەر کانییەکەیە و کونە دەگۆزێ. دەڕواتە سەر کانییەکە و جامێ ئاوی لێ داوا دەکات. بە دەم ئاوخواردنەوە وێنایەکی سیحراوی لە جوانی ژنەکە و ئاوی کانی و سروشتی پاییزەی ناوباخ و جریوەی مەلان و وێنە دارە گوێزەکان لە ئاوێنەی چۆم و کانییەکەدا ھەستی بەتەواوی دەجووڵێنێ و ئیدی خۆی پێ ڕاناگیرێ و دەم دەکاتەوە. ھەڵدەچێ بە بەژنی کانی و ژنەکەدا و ئەو ناوە پڕ دەکا لە گوڵە شیعر.

ژنەکە سامێک دەیگرێ و وای بۆ دەچێ کە لفتلای مێرمنداڵ شێت بووە و کەوتووەتە بەر چەپۆکی دێوان یان جنان دەستیان لێ وەشاندووە، بۆیە ھەڵدێت و بە ھەڵەدەوان دەڕواتەوە بۆ ئاوایی. بە ڕەنگی پەڕیو و ھەناسەبڕکە و زمانی ناگۆوە بە دایکی لفتلا دەڵێ کوڕەکەی لێی قەوماوە و لەسەر کانی قسەی سەیر و سەمەرە دەکات. دایکی بەپەلە خۆی دەگەیێنەتە سەر کانی بەردێ، کوڕەکەی لە باوەش دەگرێ، بە سیگیەوە دەیگرێ و باری تەندروستی لێ دەپرسێ. لفتلا لەو پەڕی خۆشحاڵی و پەرداخیدا ھەموو ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە بۆ دایکی. تەنانەت کاتێک لەگەڵ دایکی قسە دەکات قسەکانی کێش و سەروای تایبەت و ڕەنگی شیعر دەدەن. بۆیە دایکیشی ئەم حاڵەتەی پێ سەیر دەبێ و کەسێک دەنێرەتە شوێن مێردەکەیدا کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵ.

مامە ئەڵقادری ماندوو بە پەرۆشەوە جووتەکەی پەک دەخات و لە گاکانی دەخوڕێ و بەرەو ماڵ دەکشێتەوە. تا دەگاتەوە ماڵ دەیان پرسیار لە مێشکیدا دەنەخشێ. بیستوویەتی کە بێنە دێوجنی ھەبووە، چەندین کەس لەوێ دێویان بینیوە، ماوەیەک پێش لەتاریکە شەوێکدا بانگیان لە ڕێبوارێک کردووە کە یارمەتییان بدات، بەڵام کابرای ڕێبوار ھەڵاتووە و بە غار خۆیی خستووەتە نێو ئاوایی. کانی بەردێش سەدان ساڵە مێردەزمە و جنۆکەی لە نەبڕاوە و کەس بەتەنیا ناوێرێ لەسەری ڕاوەستێ. بیستبووی کە چەندین مناڵ لەسەر کانی تووش ھاتوون و کەوتوونەتە بەر چەپۆکی جنان. بۆیە نەزر و بەڵاگەردانی بۆ دەکات. پەنا دەباتە گڵکۆی مەشایخ و پیاو چاکان. دەیباتە سەر مەرقەوی سولتان شێخ مۆرداری گوندی کانیگوڵ و لە ئاوی کانی با دەخواتەوە و لەشی پێ دەشۆرێ. بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لتفلا زیاتر زەوقی دەجۆشێ زمانی شیعری پاڕاوتر دەبێ.[٢]

عاقیبەت دەروێش ئەوڵقادری دڵبەخەم، ڕۆژێ سەرلە بەیانی لەگەڵ دۆستێکیدا دەستی لفتلا دەگرێت و بە ڕێ دەکەون. لە باکووری قەڵای جوانڕۆوە لە نێوە باخەکانی ھەڵانییەوە تێدەپەڕن و ھەڵدەکشێن بەرەو تەکیای شێخ عەوڵای کۆسەی ئایشەوەڵ. نیوەڕۆیەک خۆیان دەخەنە نێو بارەگای شێخ و تکای لێ ئەکەن کە ھیممەتێک بنوێنێ و ئاوڕێکی خێر بداتەوە لە کوڕەکەیان، بەڵکوو بچێتەوە سەر باری ئاسایی ژیانی. شێخ بانگ ئاکاتە لفتلای مێرمناڵ و ھەندێ ئەیدوێنێ. زەوقی ھەڵەسەنگێنێ و نرخی ھونەری دەنرخێنێ. شێخیش خۆی شاعیر بووە و لەگەڵ شاعیرانی ھاوچەرخی خۆی ئاڵوگۆڕی شیعری ھەبووە. ھەنووکەش بە دەیان کۆپلە شیعری جوانی لە دەستنووسەکاندا ماونەتەوە. بۆیە بەباشی لەو بەھرەیەی تێ دەگا. بە دەروێش ئەوڵقادر ئێژێ کە ئەوەی کە بە خەو دیویەتی بەھرەیەکی شیعرییە و لە غەیبەوە پێی خەڵات کراوە.

ھەموو ژیانی دەروێش ئەڵقادر پڕ لە چەرمەسەری و نامورادی بووە، بەڵام ئەگەر چی بە ھەژاری ژیاوە بەبۆنەی ھونەرمەندی میرزا لتفلاوە ماڵیان بەردەوام پڕ بووە لە مێوان. پێشوازی خەڵک لە شیعر و گۆرانی میرزا لتفلا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە شیعر ببێتە پیشەی ژیانی و بەردەوام لە گەڕان و سەفەردا بێت.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ میرزا لوفوڵڵا سەعیدی سارۆخانی, دیوانی میزا جوانڕۆیی. (یەکەم ed.). جوانڕۆ: ماپریس. p. 12. ISBN 9786229764138. {{cite book}}: |access-date= requires |url= (help); Check date values in: |accessdate= (help); Missing or empty |title= (help)
  2. ^ میرزا لوفوڵڵا سەعیدی سارۆخانی, دیوانی میزا جوانڕۆیی. (یەکەم ed.). جوانڕۆ: ماپریس. p. 13. ISBN 9786229764138. {{cite book}}: |access-date= requires |url= (help); Check date values in: |accessdate= (help); Missing or empty |title= (help)
  3. ^ میرزا لوفوڵڵا سەعیدی سارۆخانی, دیوانی میزا جوانڕۆیی. (یەکەم ed.). جوانڕۆ: ماپریس. p. 14. ISBN 9786229764138. {{cite book}}: |access-date= requires |url= (help); Check date values in: |accessdate= (help); Missing or empty |title= (help)