محەمەد بەشقە: محەممەد کوڕی سەعید و کوردێکی فەیلیی بەغدایە، ساڵی ١٨٩٠ لە گەڕەگی (عوێنە)ی شاری بەغدا ھاتووەتە دنیاوە.

محمد بەشقە

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

محەمەد قوتابخانەی ئیلیانسی تەواوکردووە و فێری فەڕەنسی بووە. بە ھەوڵی خۆیشی فێری فارسی و لە قوتابخانەی ئەوسای سەردەمی عوسمانی‌دا، فێری تورکی و لەناو کۆمەڵی عەرەبی شارەکەیش‌دا فێری عەرەبی بووە. ١٩٢٠، لە سەردەمی یەکەم خولی حوکمی ڕاستەوخۆی ئینگلیزدا لە ناوچەی سلێمانی، کارمەندی ئیداری بووە و بووەتە مامۆستا و لەتەک محەمەدزەکی سڵێمانی مامۆستایەکی دیکەی کورد، (ئەووەڵەمین قیرائەتی کوردی)یان بە سەرپەرشتیی مێجەر سۆنی حاکمی سیاسیی ئەوسای ناوچەی سلێمانی داناوە، کە بە ٣٠ لاپەڕەی پێوانە (١٢×١٨سم) لە چاپخانەکەی سلێمانی لەچاپ‌دراوە و بووەتە کتێبی خوێندنی قوتابیانی قوتابخانەکانی ناوچەکە. ھەر ئەو ماوەیە عەرەبی و کوردیی فێری ئینگلیزەکان کردووە و خۆیشی ئینگلیزییان لێ‌فێربووە.

مامۆستایەتی و کارمەندی حکوومەت دەستکاری

محەمەد بەشقە، ٣٨ ساڵ و تا ١٩٥٨ وەزیفەی حکوومەتیی دیوە، ھەر لە مامۆستایییەوە تا مودیری تەحریراتی موتەسەڕیفێتیی لیوای سلێمانی، بەڕێوەبەری تەموینی لیوای کەربەلا، بەڕێوەبەری چاپەمەنییەکانی بیانی لە وەزارەتی ناوخۆ و ھێندێ وەزیفەی‌تری وەک کارکردن لە بواری مەعاریفی لیوای کەرکووک (ناوەڕاستی ساڵانی سی) و پشکنێری لە وەزارەتی مەعاریف. لە ١٩٥٨ بە داوای خۆی خانەنشین بووە و لێ‌بڕاوە بۆ ژیانی تایبەتی خۆی و کاتی خۆی بە موتاڵا و خوێندنەوەوە بەسەربردووە.

چالاکی سیاسی دەستکاری

شایانی وتنە، (بەشقە) خۆی لە بنەڕەت‌دا (باشەگە و بەشەگە) بووە، بۆ خۆشەویستی وای پێ‌گوتراوە و لەبەر نەبوونی پیتی (گ) لە عەرەبی‌دا، کراوە بە (بەشقە) و ئیدی ئەو ناسناوەی بەسەردابڕاوە. جگە لەوە، یاریدەی زۆری چالاکانی سیاسیی داوە و ھەڵوێستی جوامێرانەی دەرھەق نوواندوون؛ لەوانە ١٩٤٨ کە بڕیاری وڵات‌بەدەرکردنی دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریمی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کورد دراوە، چەند ڕۆژێک لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی (ئەرزڕۆملی)ی بەری (کەرخ) داڵدەی‌داوە و بە ھاوکاریی دۆستانی لە خانەقینەوە ئاودیوی ئێرانی کردووە. ناوەندی ھەمان ساڵ، عەزیز حاجی ئەندامێکی بەرزی حیزبی شیوعیی عیراقیش، کە پۆلیس ڕاوەدووی‌ناوە، دووحەفتە لە ماڵی ئەو خۆی شاردووەتەوە. لەتیفی برای عەزیز حاجیش لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجادا، چەند حەفتەیەک لە ماڵی ئەو خۆی شوێن‌بزرکردووە. بەشقە دەوری لە (یانەی سەرکەوتنی کوردان)یش‌دا گێڕاوە.

مردن دەستکاری

وا ماوەتەوە تا لە ١ی تەمووزی ١٩٨٠دا لە بەغدا کۆچی‌دواییی کردووە.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ نەریمان، چەند دێڕێک دەربارەی "محمد بەشقە"ی خاوەن (یەکەمین قیرائەتی کوردی)یەوە، ڕۆژنامەی "ھاوکاری"، بەغدا، ژمارەی ڕؤژی ١٨/٨/١٩٨٣، ل٣؛ لاپەڕەیەکی ڕۆژی ٤/٦/٢٠١٦ی بەڕێز ئەمین شوان؛ عزیز الحاج، راحلون وذکریات، ٢٠١٠. ئەم سەرچاوەیەی دوایی، بەڕێز جووتیار حاجی تۆفیق زانیاریی لێ‌وەرگرتووە.
  2. ^ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 7947 - 7948 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی