ماستی قەڵاتێ یان ڕۆژی بەخشین جێژن و نەریتێکی ئایینی لەنێوان خەڵکی یارسانە کە لە مانگی نیساندا بەڕێوەدەچێت و لەتێدا خەڵکی یارسان ماست و نان وەکوو ھێمایەک لە سادەیی و بێخەوشی و پاکی پێشکەشی ئامادەبووان -بریتی لە یارسان و نایارسان- دەکەن و داوای بەخشین و لێبووردن و گەردەنئازایی لە یەکتر دەکەن.[١]

مێژوو دەستکاری

ئەم نەریتە پاش لە کۆچکردنی پیرئەسکەندەری خامووشی بەدی ھاتووە کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەیەمی زایینی. لەو سەردەمەدا لە مانگی نیسان کە سەرەتای وەرزی بەھارە، خەڵکی کاکەیی لە ھەوراماندا دەچوونە ھەوارەکانی سپی تل و خەیارەجاڕ لە چیای شنروێ، و ئەو بنەماڵانە کە ئاژەڵدار بوون لە بەرھەمی شیرەمەنی و ماستی خۆی لەگەڵ نانی ھەورامی دەبەخشییە دراوسییەکان و سەردانیکاران و ھەموو کەس داوای بەخشین و گەردن ئازادیی لەیەکتر دەکرد.[٢]

ماست وەکوو ھێما دەستکاری

شیرەمەنی و بەرھەمەکانی لەشیرگێڕاو لە کولتووری مێزۆپۆتامیای کۆنەوە پیرۆز بووە و ئەم باوەڕە لە کولتووری زۆربەی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھەنووکەییش بەجێ ماوەتەوە. ئەم پیرۆزێتییە تا ڕادەیەک بووە کە تا بەر لە تێکەڵبوونی ئەو کۆمەڵگایانە لەنێوی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان، خەڵکی، شیرەمەنییان دانوستان نەدەکرد و بە بەڵاش دەبەخشینە یەکدی و ڕێوڕەسمەکانێکی جیاجیایان بۆ پیرۆزکردنی ئەو بەرھەمانە بەڕێوەدەبرد. لە نێوان باوەڕمەندانی ئایینی یاریش ئەو کولتوورە پارێزراوە. لە جێژنی ماستی قەڵاتێ، ماست ھێمایەک لە ئەوەیە کە دڵی مرۆڤ دەبێت وەکوو سپیاتیی ماست بێخەوش و ساف بێت. ھەروەھا جەخت لەسەر لێبووردن و بەخشین دەکرێت کە تەوەرەی ئاکاری کۆمەڵایەتیی لە ئایینی یارییە.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری