لوسین کلێرگ (بە ئینگلیزی:Lucien Clergue) ساڵی ١٩٣٤ لە شاری ئارلس لە دایک بووە. دوای ئەوەی قوتابخانەی ئامادەیی تەواو دەکات، لوسین کلێرگ دەستی کردووە بە کاری وێنەگرتن. لەساڵی ١٩٥٤ یەکەم پیشانگای تایبەتی دەکاتەوە و تێیدا ٥٠ پۆرترێتی ئەکتەرەکانی رۆڵی یۆلیۆس قەیسەریان نواندووە، نمایش دەکات. پاش ئەم پیشانگایە، ئەو زنجیرەیەک وێنەی وێرانکاریەکانی کاتی جەنگ، و زنجیرەیەک وێنەی ئاژەڵی مرداربوو (مردوو) بڵاودەکاتەوە. کلێرگ ساڵی ١٩٥٦ دا زنجیرە وێنەی (پەیکەرە رووتەکانی زەریا) بڵاودەکاتەوە، بەم ئیشە کلێرگ ناوبانگی لە ھەموو جیھان دەرکرد. کلێرگ لە ساڵی ١٩٥٧دا بە کۆمەڵە وێنەیەک بۆ روونکردنەوەی بابەتەکان لە کتێبی “MEMORABLE BODIES “ بەشداری کرد، ساڵی ١٩٥٩ دەستی کرد بە کارکردنێکی وردی فۆتۆگرافی زۆنگاوەکان، دار و درەخت، و رووبارەکانی شاری (کەماڕگ)، لەم ئیشەیدا بابەتەکانی زۆر بە جوانی نیشان دەدات. کلێرگ ئیشی لەسەر شاری (ئارلس)یش کردووە و چەندەھا زنجیرە وێنەی جۆراوجۆری لەمەڕ ئەم شارە بڵاوکردۆتەوە. کلێرگ چەند ساڵێک بە کامیراکەی چاودێری کارەکانی نیگارکێشی بەناوبانگ “پێکاسۆ”ی کردووە و وێنەی پیکاسۆی و لە کاتی ئیشکردندا گرتووە. ھەروەھا ئەو کاری وێنەگرتنی زۆرانبازی گا لە ویلایەتی ئەریزۆنا کردووە. لە ساڵی ١٩٦١ زۆر گەشتی ئەنجام داوە و لەوانە گەشتی بۆ نیویۆرک و لەوێ ھۆڵی سەنتەری رۆکفیلەر بە وێنەکانی دەڕازێنێتەوە، دواتر ساڵی ١٩٦٢ سەردانی بەرازیل دەکات و لە بەرازیلیا و ریۆ دی جانیریۆ دووبارە دەست بەکارکردن لەسەر زنجیرەیەکی نوێی “پەیکەرە رووتەکانی زەریا” دەکاتەوە. کلێرگ ساڵی ١٩٧١ فیلمێک لەمەڕ “پابلۆ پێکاسۆ”ی ھاوڕێی ئەنجام دەدات. لوسین کلێرگ ساڵی ١٩٧٠ “RENCONTRES INTERNATIONALES DE LA PHOTOGRAPHIE” لە شاری ئارلس لە فەرەنسا دادەمەزرێنێت و وەک بەڕێوەبەری ھونەری بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ کاری تێدا دەکات. لە ساڵی ١٩٧٦ ەوە لە زانکۆی مارسیلیا وانە دەڵێتەوە، و ساڵی ١٩٧٩ یەکەم کەس بوو بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری فۆتۆگرافی وەربگرێ، و دواتر لە کۆلیژی نیویۆرک بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی دەستی بەوانە وتنەوە کرد. لوسین کلێرگ ساڵی ١٩٨٠ ناونرا بە “ KNIGHT OF THE NATIONAL ORDER MERIT OF FRANCE “. کلێرگ ئێستا لە شاری ئارلس لە فەرەنسا ژیان بەسەر دەبات.

Vienna, 2007