قەڵای شێروانە (بە عەرەبی: قلعة شيروانة، بە ئینگلیزی: Sherwana Castle یان Shirwanah Castle، بە فارسی: قلعه شیروانه). قەڵای شێروانە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکان و دەکەوێتە بەشی باشووری شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و سەر بە پارێزگای سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان، بە ماوەی هەشت ساڵ دروست کراوە و لە دوای دروستکردنییەوە چوار جار نۆژەنکراوەتەوە. قەڵای شێروانە جێگایەکی مێژوویی گرنگ و پڕ بایەخە و بووەتە یەکێک لەناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەبۆنە نیشتیمانییەکاندا خەڵکی سەردانی دەکەن.قەڵای شێروانە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلارەوە، پێکهاتووە لە سێ نهۆمی سەرەکی، لەوانە، بەشی یەکەم و دووەم پێکهاتووە لە سێ ژووری گەورە و لەکۆمەڵێک ژوور و ڕێڕەو، قادرمە، تاق یاخود ڕەفە، ئاگردان و دوکەڵکێش، نهۆمی سێیەمی قەڵاکە، کە بەکڵاو فەرەنگی ناسراوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ـەوە ڕووخاوە، بەشێکی زۆری دوو نهۆمەکەی تری قەڵاکەش درزیان بردووە، شوێنەواری گەرمیان سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکانن.

دەرگای سەرەکی قەڵای شێروانە تەنها دەرگایەکی دوولاییە، کە ڕووی سەرەوەی تەواو کراوە بەشێوەی کەوانێکی نیوبازنەیی، قەڵا لەهەر چوار لاتەنیشتیەکانەوە چوار بورجی هەیە، ڕووبەری ئەو زەوییەی قەڵاکەی لەسەر دروستکراوە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر دووجایە، پانییەکەی لە ڕووی پێشەوەی ١٩ مەتر و ٣٥ سانتیمەترە، پشتەوەی ٥ مەتر و ١٨ سانتیمەترە، درێژی لای ڕاست ١٥ مەترە و ٤٠ سانتیمەترە و لای چەپیشی ١٥ مەتر و ٢٠ سانتیمەترە، بەرزی قەڵا لە ڕووی پێشەوەی بە ستارەکەیەوە تاکوو نهۆمی دووەم ٧ مەتر و ٩٥ سانتیمەترە، لە ڕووی پشتەوەشی ٧ مەترە.

ئەو ماددانەی لە دروستکردنی قەڵای شێروانەدا بەکارهاتوون بریتین لە خشتی خوڵ، بەرد، قسڵ و گەچ، کە بەشێوەی جوان و توندوتۆڵ دروستکراوە، هەروەها داری تێدا بەکارهاتووە وەک داری گوێز بۆ دروستکردنی دەرگا و پەنجەرەکانی، ئەو ماددانەشی لە دروستکردنی قەڵادا بەکارهاتوون لە شوێنەوارە مێژووییەکانی گوندەکانی، شێرەوەن، بنکورە، شێخ باوە، کوڵەجۆ و زەنگاباد لە سنووری گەرمیانەوە بۆی براون، کەرەستەکان بە زۆری بە گوێدرێژ و هێستر گوازراونەتەوە و بە هەمان شێوەش لە ڕووباری سیروان ئاو هێنراو بۆ کارکردن لە قەڵاکەدا. سێ جار نۆژەنکراوەتەوە و هەنگاو بۆ چوارەم جار دەنرێت.

قەڵای شێروانە، دوای دروستکردنی سێ جار نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵەکانی ١٩٢٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩٨، دواجار بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧، کڵاو فەرەنگی قەڵاکە ڕووخاوە و کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردەوە و لەدوا قۆناغی کارکردنیشیدا بڕیاردرا ڕێکخراوی پریس کڵاوی هۆڵەندی چاکیبکاتەوە و تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی هات و بە ڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا کرایەوە

مێژوو دەستکاری

لە باری مێژووی دروستکردنی قەڵاکەوە زانیاری ورد و ساغکراوە نییە. ھەندێک دەڵێن لە لایەن ئەنەوشیروانی ساسانییەوە بنیات نراوە، ھەندێکیش رایان وایە حەمە پاشای جاف دروستی کردووە. لایەنگرانی رای یەکەم دەڵێن حەمە پاشای جاف کۆچەر بووەو لەقەڵادا نەژیاوە و دەڵێن بوونی تونێلکی ژێر زەوی بووە لە قەڵاکەوە بۆ سەر ڕووباری سیروان، دەلالەتە لەوەی کە بۆ حاڵەتی شەڕوو گەمارۆدان سوودی لێوەرگیراوەو ئاوی لێوە ھێنراوە بۆ ناو قەڵاکە، کەواتە ‌قەڵاکە تەنها هەوارگەیەکی زستانە نەبووە. ڕایەکی دیکەش ھەیە دەڵێت تەپۆڵکە خۆڵەکە لەلایەن ئەنەوشیروانی ساسانیەوە بنیاتنراوەو کۆشکەکە لەلایەن حەمە پاشاوە دروست کراوە و کۆشکی زستانەی ئەو بووە.

وێنەکان دەستکاری

پۆتانەکان: 34°36′25″N 45°18′48″E / 34.6070°N 45.3133°E / 34.6070; 45.3133