قەزیەی کاتەگۆریک (بە ئینگلیزی: categorical proposition) یا قەزیەی حەملی (بە عەرەبی: قضية حملية) قەزیەیەکە کە دەیەوێ بە پشتڕاستکردنەوە یا بە حاشاکردن ئەوە بگەیێنێ کە دەکرێ ھەموو یا ھەندێ لە ئەندامانی کاتەگۆرییەک (دانراو یا مەوزووعی قەزیەکە) بخرێنە ناو کاتەگۆرییەکی تر (ھەڵگیراوی قەزیەکە). وەک «پشیلەکان ھەموویان چوارپێن» یا «بەعزێ لە پشیلەکان کلکیان قرتاوە».[١]

شێوازەکان دەستکاری

چوار جۆر قەزیەی کاتەگۆریکمان ھەیە. ئەگەر دانراو بە «د» و ھەڵگیراو بە «ھ» نیشان بدەین، ئەم چوار جۆرە بریتین لە:

  • تێکڕا ئەرێ (universal affirmative): «د» تێکڕا «ھ»یە. یا، ھەموو «د»کان «ھ»ن. وەک «ھەموو مرۆڤەکان گیاندارن».
  • تێکڕا نەرێ (universal negative): ھیچ «د»یەک «ھ» نییە. وەک «ھیچ مرۆڤێک بەرد نییە».
  • تاک و تووک ئەرێ (particular affirmative): ھەندێ لە «د»کان «ھ»ن. وەک «ھەندێ لە مرۆڤەکان پیاون».
  • تاک و تووک نەرێ (particular negative): ھەندێ لە «د»کان «ھ» نین. وەک «ھەندێ لە مرۆڤەکان پیاو نین».

چەندایەتی و چۆنایەتی دەستکاری

چەندایەتیی قەزیە دەچێتەوە سەر ژمارەی ئەندامانی پۆلی دانراو کە لە قەزیەکەدا بە کار ھاتوون. ئەگەر قەزیەکە ئاماژە بە ھەموو ئەندامانی پۆلی دانراو بدات، تێکڕایی -یە. ئەگەر نا، تاکوتووک -ە.

چۆنایەتیی قەزیە -ش دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە ئاخۆ قەزیەکە ئەرێنییە یا نەرێنییە. یانی ئاخۆ بوونی دانراو لە ناو پۆلی ھەڵگیراودا پشتڕاست دەکاتەوە، یا نە، حاشای لێ دەکات.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Categorical Propositions". changingminds.org. Retrieved 2022-08-15.