چوارگۆشەی بەرامبەری

چوارگۆشەی بەرامبەریی قەزیەکان لە لۆژیکدا پێنوێنێکە بۆ نیشاندانی پەیوەندییەکانی نێوان چوار شێوازە سەرەکییەکەی قەزیەگەلی کاتەگۆریک.[١] بنەچەی ئەم پێنوێنە دەگەڕێننەوە بۆ ئەرەستوو و کتێبی لێکدانەوەکانی کە تێیدا دوو جۆر لە جۆرەکانی بەرامبەریی قەزیەکانی لە یەکتر ھەڵاواردبوو:  ناتەبایی و ھاودژی. هەرچەند، ئەوەی ڕاستی بێ، ئەرەستوو بۆ ئەو بابەتە وێنە و پێنوێنی بە کار نەھێنابوو و، ئەو کارە چەند سەدە دواتر بە دەستی ئاپۆلۆنیۆس و بۆیتیۆسەوە ئەنجام دراوە.

دەڵێن دوو قەزیە «بەرامبەر» بە یەکترن (بە ئینگلیزی: opposite) ئەگەر لێک جیاواز بن بە چۆنایەتی (ئەرێنی بوون یا نەرێنی بوون) و یەکگرتوو بن بە دانراو و ھەڵگیراو و ھەرچی کە بەو دوانەوە بەستراوە. کەوابوو، ھەرکات چۆنایەتیی قەزیەیەک بگۆڕین بەبێ ئەوەی دەست لە دانراو و ھەڵگیراو بدەین، قەزیەیەکی تر بە دەست دێت کە بەرھەڵست و بەرامبەری قەزیە ئەوەڵەکەیە. بۆ وێنە، قەزیەکانی «ھەموو مریشکێ ھێلکە دەکا» و «ھیچ مریشکێ ھێلکە ناکا» بەرامبەری یەکن. بەرامبەری سێ جۆرە: ناتەبایی و ھاودژی و ھاودژیی نیوەچڵ.[٢]

پوختە دەستکاری

لە لۆژیکی کۆندا، ھەر بانگەشەیەک کە لە بابەت شتێکەوە ھەواڵێک بدرکێنێ و، بکرێ بە دروست یا بە زڕ دابنرێ، قەزیەی پێ دەوترێ. قەزیەی کاتەگۆریک قەزیەیەکی سادەیە کە لە دوو پاری سەرەکی، یانی دانراو و ھەڵگیراو، پێک ھاتووە و تێیدا، بە ئەرێ یا بە نەرێ، ھەڵگیراو دراوەتە پاڵ دانراوەوە.

ھەموو قەزیەیەکی کاتەگۆریک دەتوانێ دابشکێتەوە بە سەر یەکێ لە چوار شێوازی بنەڕەتییەوە کە شێوازەکانی A و E و I و Oیان پێ دەوترێ. شێوازەکانی A و I «ئەرێنی» (یەکەم و دووەم پیتی دەنگداری وشەی لاتینیی affirmo) و شێوازەکانی E و O «نەرێنی» (یەکەم و دووەم پیتی دەنگداری وشەی لاتینیی nego) -ن.

شێوازی A: ئەرێنیی تێکڕایی (universal affirmative) قەزیەیەکە بە فۆرمی ھەموو «ئەلف»ێک «بێ»یە.

شێوازی E: نەرێنیی تێکڕایی (universal negative) قەزیەیەکە بە فۆرمی ھیچ «ئەلف»ێک «بێ» نییە.

شێوازی I: ئەرێنیی تاکوتووک (particular affirmative) قەزیەیەکە بە فۆرمی ھەندێ لە «ئەلف»ەکان «بێ»ن.

شێوازی O: نەرێنیی تاکوتووک (particular negative) قەزیەیەکە بە فۆرمی ھەندێ لە «ئەلف»ەکان «بێ» نین.

ئەرەستوو لە بەشەکانی شەش و حەوتی کتێبی لێکدانەوەکاندا دەڵێ ھەندێ پەیوەندیی لۆژیکیی تایبەت لە نێوان ئەم چوار جۆر قەزیەیەدا ھەیە. ئەو دەڵێ ھەر کام لە قەزیە ئەرێنییەکان ڕێک لەگەڵ یەک دانە لە قەزیە نەرێنییەکاندا جووت دەبێت و، ئەم دوانە بە شێوەیەک لە بەرامبەر یەکترا دەوەستێن کە ھەمیشە یەکیان دەبێ دروست بێ و ئەوی تریان دەبێ زڕ بێ. یانی دروستیی یەکیان زڕبوونی ئەوی تریانی بەدواوە دەبێ. ئەرەستوو ناوی ئەم حاڵەتەی ناوە ناتەبایی (contradiction). بۆ وێنە، قەزیەکانی «گشت ئینسانەکان سپیپێستن» و «بەعزێ لە ئینسانەکان سپیپێست نین» ناتەبان: ناکرێ ھاوکات ھەردووکیان دروست بن، ناشکرێ ھاوکات ھەردووکیان زڕ بن، پێویستە یەکیان دروست و، ئەوی دیکەیان زڕ بێ.

حاڵەتێکی تری بەرامبەر یەک وەستانی قەزیەکان ھاودژی (contrary) -ی ناوە. لە ھاودژیدا قەزیەکان ناتوانن ھاوکات  دروست بن، بەڵام دەتوانن زڕ بن. بۆ وێنە، قەزیەکانی «گشت ئینسانەکان سپیپێستن» و «ھیچ ئینسانێک سپیپێست نییە» ھاودژن. ھەروەک قەزیەگەلی ناتەبا، بە ھیچ لەونێک ناکرێ ھاوکات ھەردووکیان دروست بن، بەڵام، پێچەوانەی قەزیەگەلی ناتەبا، ھەردووکیان زڕن.

ھەروا کە دیارە، لە ھاودژیدا دوو قەزیەکە تێکڕایین، یانی باسی تێکڕا ئەندامانی دانراو دەکەن. یەکیان بە «گشت»ەوە و، ئەوی تر بە «ھیچ»ەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر لە جیاتیی ئەو «گشت» و «ھیچ» -ە وشەی «ھەندێ» دابنرێ، چیدیکە قەزیەکان تێکڕایی نامێنن و دەبن بە «تاک و تووک»: «ھەندێ لە ئینسانەکان سپیپێستن» و «ھەندێ لە ئینسانەکان سپیپێست نین». تایبەتمەندیی ئەم دوو قەزیە دوایییە لە بەرامبەر یەکدا ئەوەیە کە ھاوکات ھەردووکیان دروستن، بەڵام ناکرێ ھەر دوو زڕ بن. ئەمەش جۆرێکی تر لە بەرامبەرییە کە پێی دەڵێن ھاودژیی نیوەچڵ (subcontrary).

پەیوەندییەکی تر کە لە نێوان قەزیەکاندا ھەیە پەیوەندیی چڵ و نیوەچڵ (superalternation and subalternation) -ە. ئەوەش ئەوەیە کە قەزیەکان چۆنایەتییان (ئەرێنی یا نەرێنی بوونیان) وەک یەکە و چەندایەتییان (تێکڕایی یا تاکوتووک بوونیان) جیاوازیی ھەیە. یەکێکیان تێکڕایییە و یەکێکیان تاک و تووکە. یەکێکیان «چڵ» -ە و یەکێکیان «نیوەچڵ» -ە. بۆ وێنە، پەیوەندیی نێوان قەزیەکانی «گشت ئینسانەکان سپیپێستن» و «ھەندێ لە ئینسانەکان سپیپێستن» پەیوەندیی چڵ و نیوەچڵە. ئەم پەیوەندییە لەبەر ئەوەی کە چۆنایەتیی قەزیەکانی وەکوو یەکن، بە «بەرامبەری» حیساب ناکرێ، بەڵام لە چوارگۆشەی بەرامبەریی قەزیەکاندا لە لاکانی ڕاست و چەپی چوارگۆشەکەدا دەنووسرێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "square of opposition | logic | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-09-18.
  2. ^ خوانساری, محمد (1398). منطق صوری. نشر دیدار. pp. 286–289.