نەجمەددین تەھا

(لە شێخ نەجمەددین تەھاەوە ڕەوانە کراوە)

زانا و عاریفی ئیسلامی شێخ نه‌جمه‌ددین ته‌ها زاتێكی كورده‌ و ناوی تەواوی ( نجم الدین ته‌ها رسول)ە و بە ( مامۆستا سید نجم الدین ) ناسراوە، لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی شوالی ١٣٤٨ کۆچی بەرامبەر ٢٨/٤/١٩٣٠ لە بنەماڵەیەکی زانستی و ئاینپەروەرو ناوداری دەڤەری هه‌ڵه‌بجه‌ چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە، باوکی مامۆستا (شێخ ته‌ها) پیاوێکی دڵپەروەر و کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی بەناوبانگ بووە ، ئەم پیاوە به‌و ئومێدەی كه‌وا كوره‌كه‌ی زاناێكی گه‌وره‌ی لێده‌ربچێت، بۆیە خوا ناویەتیە دڵی و ناوی (نجم الدین) واتە: (ئەستێرەی ئایین)ی لێناوە..

قۆناغه‌كانی خوێندنی دەستکاری

لە تەمەنی (٥) ساڵیدا ، لە خزمەتی مامۆستا (شیــَخ ته‌ها)ی باوکیدا دەستی کردوە بە خوێندنی قورئانی پیرۆز، ئینجا ھەندێک لە کتێبە سەرەتاییەکانی خوێندنی شەرعی ھەر لە خزمەتی باوکیدا خوێندووە .. پاشان وەکو ئوسوڵی خوێندنی ئەو سەردەمە، زۆربەی مەدرەسە شەرعیەکانی کوردستانی عێراق و ئێرانی بەسەر کردۆتەوە، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا کە ئەم سنوورە دەستکردانەی نێوان پارچەکانی کوردستانی گەورە ھێشتا زۆر تۆخ نەکرابوونەوەو بە تەواوی لەیەک دانەبڕا بوون، و ھاتوچۆی نێوان ئەو دوو پارچەی کوردستان حاڵەتێکی تەواو ئاسایی بوو.. گرنگترین ئەو مەدرەسانەی کە شێخ نه‌جمه‌ددین تیایاندا خوێندوویەتی : مەدرەسەکانی( بیارە ، خانەقین ، چۆڕ، ھـویە ، نگڵ ، کانی سانان ، نێزڵ، ئەوێھەنگ ، سنە ، نـێ، پایگەلان، مەریوان، عەنەب، عەبابەیلێ، ئەڵمانە، زەڵم، زەرگەتە، بەرقەڵا، شۆراو، کانی میران، گێڵدەرە، خورماڵ ، ھەڵەبجە، پێنجوێن، ئارەنان، دەرەتفێ، کەرکووک ، سلێمانی). پاش ماندووبوونێکی زۆرو چەشتنی مەینەتیەکی بێ سنوور، لە قۆناغی فەقێیەتی ئەوسەردەمەدا و تووش بوونی بە چەندین حاڵەتی ناخۆش و کۆسپ و گرفتی جۆراو جۆرو چەندەھا جار نەخۆش کەوتن و تەنانەت رووبەروو بوونەوەی چەندین حاڵەتی مەترسیدارو نزیکبوونەوە لە مەرگ ، وەکو رەقبوونەوە لەناو بەفری شاخەکان و خنکان لە ناو رووبارو... ھتد، بەڵام ھەر کۆڵی نەداوە،تا سەرەنجام توانیویەتی خەرمانێکی زانستی زۆر گەورەو گرانبەھا بۆ خۆی کۆ بکاتەوەو گشت قۆناغەکانی خوێندنی شەرعی بەسەرکەوتویی ببڕێت، تا دواجار لە ٢٩/٣/١٩٥٥ لە مەدرەسە گەورەکەی بیارەی مەڵبەندی زانست و تەریقەتدا، و لە خزمەتی زانای ھەڵکەوتوو (مامۆستا مەلا محەمەدی مەلا بەھا ) ئیجازەی زانستی وەرگرتووە..

چالاكیه‌كانی دژی رژێمی به‌عس دەستکاری

ھەرچەندە لە ساڵانى حەفتاكان و هەشتاكاندا ڕەوشی ئەمنی لە سەردەمى رژێمی به‌عسى ديكتاتۆردا زۆر خراپ بوو ، و لە بەرامبەر مزگەوتی ئوسامە لە شارى هةڵەبجە "ئه‌و مزگه‌وته‌ی كه‌ مامۆستا شێخ نه‌جمه‌ددین پێشنوێژ و وتارخوێنی بووه‌ " رێکخراوه‌یەکی حزبی بەعس ھەبوو ، بەڵام بە ھاندان و پاڵپشتی مامۆستای خوالێخۆشبوو، مزگەوتەکە بەردەوام جمەی دەھات لە لاوانی ئیماندار و خوێن گەرم و قوتابیانی مامۆستا ، ھەروەھا لە نوێژەکانی ھەینی و تەراویحی شەوانی ڕەمەزانیشدا پر دەبوو لە دایکان و خوشکانی ئیماندار... ھتد ھەموو ئەمانە و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا ڕژێمی بەعسی نیگەران کردبوو ، بۆیە ناوە ناوە لە ( رێكخراوه‌ی حیزب بەعس) و فەرمانگەی ( ئەمنی ھەڵەبجە)و بانگیان دەکرد بۆ لێپرسینەوە ، بەڵام ئەو دڵ قایمانە ڕەوتی ئیسلاحخوازی وپەیامدايى خۆی تێک نەدەدا و لەسەر چالاکیە بانگخوازیەکانی خۆی بەردەوام بوو ، و بە ھیچ شێوەیەک سازشی لەگەڵدا نەدەکردن.. تەنانەت جارێکیان بە توندی بە بەڕێوەبەری( رێكخراوه‌ی بەعس) ی وتبوو: ( من مێزەرەکەم سپی یە ، ناھێڵم لەکەی لێ بنیشێت ، مێزەری سپی موڵکی ھەموو خەڵکە ، ناکرێ من خاوەنی مێزەری سپی بم، کەچی پەیڕەوی حیزبێک بم ، چونکە ئەو کاتە لە جەماوەر دادەبڕێم .! زاناى بێشەواى مزگەوت دەبێ پێشەوای ھەموو چین و توێژ و ڕەنگەکان بێت و، ناکرێ و نابێت بە خۆ بەستنەوە بە حزبێک یان تاقم و دەستەیەکەوە ، پشت لە تاقم و ڕەنگەکانی تر بکات..)

چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی دەستکاری

مامۆستا ڕێزێکی تایبەتی لە لاى  سەرجەم خەڵکی ئیسلامپەروەری ناو شاری ھەڵەبجەو شارۆچکەکانی دەورووبەری  هەبووەو، پەیوەندیەکی دۆستانەی گەرمی لەگەڵ گشت مامۆستایانی ئایینی ناو شاری ھەڵەبجەو دەوروبەریدا  ھەبووە ..ھەروەھا لەگەڵ  تيَكرِاى خەڵک و شێخانی (شەمێران و عەبابەیلێ و  خەرپانی و تاوێرە) و کەسایەتیە بەڕێزەکانی گوندەکانی بەڵخەو  خەرپانی و زمناکۆ و گریانەو گوندەکانی شەمێرانات  و  عەنەب و بامۆک و تریفەو  دەرەشیش وجەلیلە و  کاکەییەکانی گوندی ھاوارو ... گشت گوندو دەڤەرەکانی تری شارەزوورو ھەورامانات) پەیوەندیەکی گەرم و پتەوی ھەبووەو، جەماوەرەکە بە گشتی  مامۆستایان زۆر خۆشوویستووەو رێزیان لێ ناوەو ، جێگە پرس و ڕاوێژ و متمانەیان بووە.

ئاشنایی لەگەڵ بیری ئیسلامیی میانڕەو دەستکاری

مامۆستا شێخ نجم الدین ھەر لە قۆناغی فەقێیەتی یەوە بە ھۆی ئیسلامخوازی و دینداری خۆیەوە بەردەوام بە دوای کۆمەڵ و کەسانی خواناس و چاکەکاردا گەڕاوە ، بۆیە ھەر لە تافی لاوێتیدا لەگەڵ زانای ناودارى کوردستانی رۆژھەڵات (خوالێخۆش بوو / مامۆستا ئەحمەدی موفتی زادە ) ناسراویی و ھاوڕێیەتی ھەبووەو، برایەکی کاک ئەحمەد بە ناوی (ھادی موفتی زادە) لە خزمەتی مامۆستادا خوێندوویەتی ، دواتر ئاشنایەتی لەگەڵ کۆمەڵەی ( برایانی موسڵمان) دا پەیدا کردووە و سه‌رسام بووە بە پەیام و ئامانجە ئیسلاحخوازیەکەیان ، بۆیە پەیوەندی لەگەلَ بەستوون .. خوالێخۆش بوو مامۆستا ( عومەر ڕێشاوی ) لە یاداشتێکی خۆیدا نوسیویەتی: ( مامۆستا سید نجم الدین یەکێک بوو لەو برایانەی ھەر لە ڕۆژە بەراییەکانی بانگەوازی برایانه‌وه‌ ، جێگە متمانەی تەواوی ھەموو لایەکمان بوو ، دڵسۆزانە ھات بە دەم بانگەوازو ئەرکەکانیەوە)وه چالاکانە لە خزمەتی ئەو رەوتە میانڕەوەدا بووەو ،لە سەنگەری مزگەوت و خوێندنگا شەرعیەکەیەوە ، خزمەتی كةورەو بەرچاوی پێشکەش بە رەوتى ميانەرەوى و ئيصلاح کردووە.

به‌رهه‌مه‌كانی دەستکاری

خوالێخؤشبوو ھێندە خەمی وانە وتنەوەو  پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی لە لا گەورە بوو  ، کە پێی وابووه‌ لە ھەموو کارێکی تر گرنگ تر و پێویست ترە  ، بۆیە کەمتر بیری لە نوسین و دانانی کتێب کردوەتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر داواو پێشنیاری ژمارەیەک لە دۆست و قوتابیانی چەند بەرھەمێکی بۆ چاپ نوسیوە ، لەوانە ( لە بەرھەمەکانی باوەڕ – لە چاپدراوە ) ( دابەشکردنی میرات) کە لە لایەن (مامۆستا جعفر محمد ڕلماس)ەوە لەسەر کاسێتی دەنگیەوە گوێزراوەتەوە بۆ سەر کاغەزو نووسراوەتەوەو ئامادەکراوە بۆ چاپ  ، (فیقھی نوێژ – دەستونسە ) ئەمە جگە لە نووسینی چەندین دەقی ( فەتوا) ی شەرعی و نووسینی ( حاشیە  ) لەسەر کتێبە گەورەکان و نووسینەوەی دەقی وتارەکانی ڕۆژی ھەینی بە کورتکراوەیی و بە شێوەی سەرەقەڵەم  ، ئەمە سەرە ڕای (CD) یەکی (MP٣)  کە (٤٠) وتاری لە خۆ گرتووە و چەندین کاسێتی وتار و محازه‌راتی ڤیدیۆیی.

وه‌فاتی دەستکاری

پاش گەڕانەوەی لە سەفەرێكى چةند رؤژە بؤ دةفەري گەرميان و پێكەشكردنى چەندين محازەرەو ووتار لەو سه‌فه‌رەیدا، ھەر ئەو شەوەی کە دەگاتە ماڵەوە، کتوپڕ باری تەندروستیی بە خراپی تێک دەچێت و تووشی نەخۆشی ( جەڵتەی دڵ ) دەبێت و، بە پەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی سلێمانی .. دوای کەمتر لە ( ٤٨) کاتژمێر لەو نەخۆشیە کتوپڕە، سەرەنجام لە شەوی ( ١٧ لەسەر ١٨ ی مانگی ئازاری ( ١٩٩٧) دڵی ئةم زانا پایه‌به‌رزی كورد له‌كارده‌كه‌وێـت و ماڵئاوایی لە دنياى فانى ده‌كات ،دوا وتەی کە لەو نەخۆشیەیدا لە نەخۆشخانەی سلێمانی لە زاری بیسترا، ئەم دێڕە شیعره‌ى ئيمامى شافعى بوو:-

"فَلَّما قَسَا قَلبي وَ َضَاقَتْ مَذَاهِبِي //// جَعَــلتُ الـرّجَــا مِـنّــِي إليَكَ سُــلَّـمَا"

واته‌..: پاش ئەوەی دڵم قەسوەت گرتویەتی و گشت ڕێگاکان لەبەردەممدا تەسکبونەتەوەو ڕێگای دەرباز بوونم لێ گیراوە و ھیچ چارەیەکم نیە ، ھاتووم بۆ لای تۆ ئەی پەروەردگارم ، ئومێدم بە بەزەیی و ڕەحمەتە فراوانەکەت ، کردووە بە پەیژە بۆ ئەوەی بەزەییت پێمدا بێتەوە ..

بۆ ڕۆژی دواتر لە مەراسیمێکی گەورە و شکۆداردا ، بە ئامادەبوونی سەرجەم زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەتی پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی حزب و لایەنە كوردستانيةكان و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە جەماوەری ھەڵەبجە و شارەزوور و ھەورامان و دەڤەرەکانی تر لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی ( گوڵان) لە تەنیشت گۆڕی ( مامۆستا مەلا محمدی گەورەی خورماڵ و مامۆستا شێخ عەزیزی پاڕەزانی ) - کە لە ژیانیدا لە گەڵ ھەردووکیاندا پەیوەندیەکی گیانیی پتەوی ھەبووە - لەو گۆڕستانە ئەسپەردەی خاک کرا.لە پاش خۆی 4 كورِ بەناوەكانى( عبدالله - جلالدين - عبدالرحمن - محمد) كە هەموويان مامۆستان، هەروەها 3 كچيشی بەناوەكانى ( خديجة - أديبة - سومية)لێ بةجێ ماوە.. سوپاس بۆ خوا ئێستا هاوسەرو منداڵەكانى خوالێخۆشبوو هەموويان لە ژياندا ماون و كەسايەتى ناسراوو بەرِێزن.

سه‌رچاوه‌كان دەستکاری

  • بنه‌ماڵه‌ی شێخ نه‌جمه‌ددین شێخ ته‌ها هه‌ڵه‌بجه‌یی / سازدانی دیدار : یاد نورسی
  • نامیلكه‌ی "كورته‌یێك له‌ ژیانامه‌ی مامۆستا شێخ نه‌جمه‌ددین"
  • نامیلكه‌ی "نبذة من حياة العلامة المرحوم ( الشيخ نجم الدين طه ) "