شوکری فەزڵی (١٨٨٢-١٩٢٦) شاعیر و نووسەر و وەرگێڕێکی کورد بووە. شوکری فەزڵی بە کوردی و تورکی و عەرەبی و فارسی شیعری نووسیوە.

ژیان دەستکاری

شوکری فەزڵی کوڕی مەحمود ئاغای کوڕی ئەحمەد ئاغایە کە لە سلێمانی ژیاوە و بە رەچەڵەک خەڵکی شاری سنەیە. ساڵی ١٨٨٢ لە گەڕەکی فەزڵ لەشاری بەغدا لەدایکێکی عەرەب لەدایک بووە، لە تەمەنی منداڵیدا سەید ساڵحی خاڵی کە کارمەندێکی گەورەی دەوڵەتی عوسمانی بوو ھێناویەتە سلێمانی و لەوێ خراوەتە بەر خوێندن. شوکری فەزڵی نزیکەی ٣٠ ساڵ لە سلێمانی ماوەتەوە و ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ شاعیران و رووناکبیرانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کردووە. لە قۆناغی خوێندندا ھاوپۆلی شێخ مەحموودی حەفید بووە. ساڵی ١٩٢٢ بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی مەعاریف، شوکری فەزڵی لەگەڵ تۆفیق وەھبی و دوو کەسی تردا ئەرکی وەرگێڕانی کتێبی قوتابخانەکانیان پێ سپێردراوە کە لە عەرەبییەوە بیکەن بە کوردی. لە ژیانی فەرمانبەریدا گەلێ پۆستی پێسپێردراوە. لە رۆژنامە و گۆڤارە عەرەبییەکاندا بەردەوام وتار و نووسینی بڵاوکردۆتەوە، لە رۆژنامەی «تێگەیشتنی ڕاستی»دا کە مێجەرسۆن لە بەغدا دەری کردووە، شوکری فەزڵی رۆڵێکی گەورەی بینیوە. ئەم شاعیرە گەورەیە بە یەکێک لە روناکبیرە ھەرە بوێر و چاونەترسەکانی سەردەمی خۆی دائەنرێ. باشترین بەڵگەش شیعرە بەناوبانگەکەیەتی کە ساڵی ١٩٢٣ پێشکەشی شێخ مەحمودی کردووە، شەڕە شیعرەکانیشی لەگەڵ شێخ رەزای تاڵەبانیدا کەلێنێکی گەورەی پڕکردۆتەوە. لە ١/ ٦/ ١٩٢٦ دا لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری