شوان قەڵادزەیی (ماوەی ژیان: ١٩٦٦ - ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧) سیاسەتڤانێکی کورد بوو، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق بووە، لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە و دواتر بووە بە سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوە لە پەرلەمانی کوردستان.[١][٢]

شوان قەڵادزەیی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
لە پۆستدا بووە
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ – ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون عومەر مستەفا باوەمیر پیرۆت
١٩٦٦
قەزای پشدەر
مردن ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧
ھەولێر
ھاووڵاتی عێراقی
نەتەوە کورد
پارتی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق
پەروەردە دکتۆرا لە فەلسەفەی مێژووی ئیسلام
خوێندن لە
پەڕگە:شوان قەڵادزەیی .jpg
شوان قەڵادزەیی

سەرەتای ژیان دەستکاری

ناوی تەواوی عومەر مستەفا باوەمیر پیرۆتە و لەساڵی ١٩٦٦ لە قەزای پشدەر لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتبخانەی نوورەددین تەواوکردووە.

لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا، لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی مووسڵ وەردەگیرێت، دواتر بەھۆی بەشدارینەکردنی لەمەشقی سەربازی، بەبڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش دوورخراوەتەوە، دواتر بە لێبوردنی گشتی وەردەگیرێتەوە.

شوان قەڵادزەیی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لەبەشی مێژووی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی تکریت بەدەستدەھێنێت.

ژیانی سیاسی دەستکاری

دوای تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس لە زانکۆی مووسڵ، بەھۆی ئاشکرابوونی پەیوەندی ڕێکخراوەیی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی، ڕژێمی بەعس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت، دواتر پەیوەندی دەکات بەڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی.

بەر لەڕاپەڕین پێشمەرگە بووە، لەساڵی ١٩٩٢ بووەتە بەرپرسی ھێزی پشدەر بۆماوەیەک. ماوەیەک بووەتە بەرپرسی مەڵبەندی ٣ی ھەولێر، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بووە، سکرتێری پەیوەندیی ئیسلامی مامۆستایانی کوردستان بووە.

ساڵی ٢٠٠١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرۆکی کۆنگرەی ٩ و ١٠ی بزووتنەوە بووە، لەساڵی ٢٠٠٥ و لەدوای کۆنگرەی ٩ بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.

لەساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٣ وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بووە. لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی لیستی بزووتنەوە بووە، دواتر بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی.

لەپەرلەمانی کوردستاندا، ئەندام بووە لە لیژنەکانی مافی مرۆڤ و پەروەردە و خوێندنی باڵا.

مردن دەستکاری

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک، بۆ پاڵپشتیکردنی دانیشتوانی کەرکووک لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەچنە کەرکوک، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ شاری ھەولێر تووشی ڕووداوی ھاتووچۆ دەبێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی پار دەکرێت لەھەولێر.

ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ کۆچی دوایی دەکات و ڕۆژی دواتر لەشاری ھەولێر دەنێژرێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "شوان قەڵادزەیی". Kurdipedia.org. Retrieved 2021-03-31.
  2. ^ "شوان قەڵادزەیی کۆچی دوایی کرد". کوردی - RojNews.News. 2020-03-02. Retrieved 2021-03-31. ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.