سیگمۆند فرۆید (١٨٥٦ - ١٩٣٩) پزیشکێکی دەرونزانی نەمساوییە، دامەزرێنەری پەیڕەوی دەرونشیکارییە، فرۆید یەکێکەلە گەڕیدە ھەرەمەزنەکان، لە مێژوی مرۆَڤــایەتیدا چەندان ناوچەی نەزانراوی ئاشکراکردوە، ئەو ناوچانەش پێش ئەو کەس پەی پێ نەبردوون، بەڵام جیاوازی ئەم لەگەڵ گەڕیدەکانی تردا ئەوەیە، ئەم ئەمریکای خۆی لە ناخی مرۆڤـدا دۆزیەوە، نەک لە جوگرافیای دەرەکیدا، ئەویش مەبەستمان جیھانی نەستە، کە وەکو مۆزەخانەیەک بەشی ھەرە زۆری یادەوەری و ھەستە سەرکوتکراو و چەپێنراوەکانی ژیانی ڕۆژانەمان لەوێدا پاشەکەوت دەکرێت و لەکاتی پێویستدا سەر ھەڵدەدەنەوەو، دێنە پێشەوە، بەڵام ئەو کاتە پێویستانە چ کاتێکن؟ فرۆید دەڵێ لەکاتی شۆک وڕوداوە ‌ناخۆشەکان و جیھانی خەون و ھەندێ لە نەخۆشیەکاندا دێنەوە پێشەوە. گرنگی دۆزینەوەکانی فرۆید لەوەدایە کەھەمیشە بەدوای ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت: بۆچی خەڵک بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەن کە پێی ڕاھاتون؟

سیگمۆند فرۆید

لەدایکبوون١٨٥٦
مەرگ١٩٣٩
نەتەوەئۆتریش
پەروەردەدوکتور
پیشەدەروونناس
ئایینبێخوایی

ژیاننامە دەستکاری

فرۆید لە مایسی (١٨٥٦) لە خێزانێکی جولەکەی دەستکورتدا لە دایک بووە، پاشان خێزانەکەی لە دەستی ھەڵمەتی ھۆلۆکۆست (دژەسامیەت) ھەڵھاتون چون بۆ شاری (لێپزینگ)، پاشان دوای ماوەیەکی کەم لە ڤییەننا جێگیربوون و فرۆیدی تەمەن چوار ساڵە بەشی زۆری تەمەنی خۆی لەو شارەدا بەسەر دەبات، ساڵی (١٩٣٨)، نازییەکان نەمسا داگیر دەکەن و لەسەر ئەوەی جولەکەیە، زۆری بۆ دەھێنن، ئەویش بە خۆیی و خێزانەکەیەوە ڕودەکاتە لەندەن و ھەر لەوێش دەمرێت.

شۆڕشی فرۆید لە کەسایەتی مرۆڤدا دەستکاری

ئەم ڕاپورتە ھەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە تیۆرە شۆڕشگێرێکەی فرۆید (سایکۆلۆژیایی شیکاری)، بەمەبەستی ئەوەی ئایا سایکۆلۆژیای شیکاری ئایدیایەکی مەزنە لە بواری کەسایەتیدا یاخود نا؟ ھەروەھا بنەما بنەڕەتییەکانی ئەم تیۆرە لێرەدا باسکراون، لەگەڵ باسکردنی بۆ چوونی شارەزایان لەم بوارەدا، ھەروەھا گەلێک ڕەخنە ئاڕاستەی تیۆرەکە کراون، باسکراون لەگەڵ لایەنە بەھێزو تۆکمەکانی تیۆرەکە.

ئەوەی پێویستە باسبکرێت، ئەوەیە کە سایکۆلۆژیای شیکاری میتۆدێکە بۆ تێگەیشتن لە کارە‌ عەقڵیەکان و قۆناغەکانی گەشەکردن و بەرەو پێشچونیان، سایکۆلۆژیای شیکاری ھەوڵ ئەدات بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان عەقڵ و جەستەی مرۆڤ، تێگەیشتن لە ڕۆڵی ھەست و سۆزەکان لەگەڵ ئەمانەشدا سایکۆلۆژیای شیکاری بناغەی گەلێک چارەسەری ترە.

  • ئەوەی فرۆید کردی وەک شۆڕشێک وابوو لەکاتی خۆیدا، تەنانەت ئێستاش بەشێوەیەکی بەرفراوان قابیلی قبوڵکردنە لەلایەن زۆربەی قوتابخانە دەرونیەکانەوە.
  • ساڵی (١٨٩٦) فرۆید زاراوەی (سایکۆلۆژیای شیکاری) داھێنا، لەماوەی (٤٠) چل ساڵی دوایشدا ھەموو ھەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ گەشە پێدانی (بنەماکانی، ئامانجەکانی، تەکنیکەکانی، ڕێگەکانی چارەسەری سایکۆلۆژیای شیکاری).
  • زۆربەی نوسینەکانی فرۆید و بیرکردنەوەکانی تایبەتە بە ژیانی عەقڵ (MENTAL LIFE) و ڕاڤەکردنی خەون و تەکنیکی سایکۆلۆژیای شیکارکردن لەگەڵ ھەندێ بابەتی تردا.
  • سایکۆلۆژیای شیکاری بەردەوام بووە لە گەشەکردن و لە ساڵی ١٩٢٥ گەیشتە لوتکەو ترۆپکی گەشەکردن و بووە بەربڵاوترین بزوتنەوەی جیھانی و فرۆیدیش بووە کەسێکی ڕادیکاڵی بەھۆی کارەکانیەوە بەماوەیەکی َزۆر کەم بووە ناودارتین ڕابەری سایکۆلۆژیای شیکاری، وە پاش مەرگیشی فرۆید کەلەپورێکی بێھاوتای بۆ بەجێھێشتوین کەتا ئێستاش کاریگەری بەردەوامی خۆی ھەیە.

بۆیە فرۆید پێی وایە سایکۆلۆژیای شیکاری کاریگەرترین میتۆدە بۆ بەدەستھێنانی زانیاری لەبارەی عەقڵی مرۆڤەوە… وە لەڕێگەی سایکۆلۆژیای شیکارکردنەوەیە، کە نەخۆش ئەتوانێت خۆی ئازاد بکات لە ئاڵۆزیە عەقڵیەکان و ڕێگەی تریش بگرێتە بەر بۆ تێگەیشتن لە خودو ئەوانیتر.

بنەماکانی تیۆری سایکۆلۆژیای شیکاری فرۆید دەستکاری

لە پەرتووکی (AN DUTLINE PSYCHOANALYSIS): ١- فرۆید ئەو بنەمایانەی ڕونکردۆتەوە کە تیۆرەکەی لەسەر بنیاتنراوە سەرەتا فرۆید باس لەھەر سێ ھێزی (ID- EGO- SUPER EGO) ئەکات، واتە (ئەو، من، منی باڵا).

٢- فرۆید پێی وایە کە غەریزەکان چەند ھۆکارگەلێکی جۆراوجۆرن بۆ دروستکردنی ھەڵسوکەوت، گرنگترین دووغەریزەش لە ژیانی مرۆڤــەکاندا بریتین لە (ئیرۆس - ژیاندۆستی) و (ساناتۆس - مەرگدۆستی).

٣- فرۆید پرۆسەی عەقڵی ناساندوە بەوەی کە لە دۆخی ئاگایدایە، یان لەپێش ئاگایدایە، یاخود لە دۆخی نائاگایدایە ( شعور، ماقبل الشعور، لاشعور).

ڕێگەکانی چارەسەرکردنی سایکۆلۆژیای شیکاری بەچەند ھەنگاوێکدا تێئەپەڕێتت:

یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاری لەڕێگەی دوانگەی سەربەستەوە (التداعی الحر)ەوە، ڕاڤەکردنی خەونەکان، ھەڵەی زمان لەلایەن نەخۆشەوە.

دووەم: لەو گریمانانەوە دەست پێدەکات کەچی بەسەر نەخۆشدا ھاتووە لە ڕابردودا، وەچی بەسەردێ لەژیانی ئێستایدا، دەرونشیکار پشت بەو زانیاریانە ئەبەستێت کەدوای تێبینی و چاودێریکردن بەدەستی ھێناون.. سەرکەوتن بەسەر ئەو بارە‌دا پێویستی بە ئارامگرتن ھەیە لەلای ھەر یەک لە دەرونشیکارو نەخۆشەوە.

ھەڵسەنگاندنی ئەو ڕەخنانەی کە لە سایکۆلۆژیای شیکاری گیراون دەستکاری

ڕەخنە لە بارەی بەڵگەکانی فرۆیدەوە دەستکاری

(گروم باوم) کە یەکێکە لە سایکۆلۆژیستە نوێیەکان باوەڕی وایە، ئەو بەڵگانەی فرۆید تیۆرەکەی خۆی لەسەر بنیات ناوە ھەر لە بناغەوە تەواونین، تەنانەت بەڵگە ئیکلینیکیەکانیشی نەک جێگەی پرسیارن، بەڵکو جێگەی گومانیشن، چونکە ئەو بەڵگانە زیاترنین لە وەڵامەکانی نەخۆشەکە، بۆ پرسیار و پێشنیارەکانی بابای دەرونشیکار.

ڕەخنە لە تەکنیکەکانی فرۆید دەستکاری

دوانگەی سەربەست (التداعی الحر) ئەو ڕێگەیەیە کە لە سایکۆلۆژیای شیکاریدا بەکاردێت، کاتێک کە نەخۆش قسەئەکات لە بارەی ھەربابەتێکەوە بێت، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەرونشیکار بەندە بەو قسانەی کە نەخۆش ئەیکات. بەپێی لێکۆلینەوەکانی (ستۆر ١٩٨٦) زۆر بەتوندی ئاماژەی بەوە داوە کە (تداعی الحر) نەئازادەو نەگونجاویشە بۆ تیۆری سایکۆلۆژیای شیکاری، وە (گروم باوم)یش دیسان پێی وایە کە ئەم ڕێگەیە وا لە نەخۆش ناکات یادەوریە خەفەکراوەکانی دەرببڕێت، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ەیچ ڕێگەیەک نیە کە بتوانێت یادەوەریە ڕاستەقینەیەکان لە یادەوەریە خەیاڵیەکان جیابکاتەوە.

ڕەخنە لە بنەماکانی فرۆید دەستکاری

(پۆپەر)، یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕەخنەگرانی بواری سایکۆلۆژیای شیکاری، ئەڵێت سایکۆلۆژیای شیکاری زانست نیە و ئەو پێشبینیانەی ئەم تیۆرەی پێناسراوە ناتوانین پێی بڵێین پێشبینی، چونکە ئەوانە پێشبینی ھەڵسوکەوتە، دیاردەکان نین بەڵکو پێشبینی بارە شاراوەکانی دەرونن. بۆ نمونە کاتێک کە تاکێک دەبینیت ناسراوە بە ھەندێ نەخۆشی نیرۆتیکی (عێابی) ناتوانین بڵێن ئەم مرۆڤە ئەم جۆرە یان ئەو جۆرە ژیانەی بەسەر بردوە لەکاتی منداڵیدا، کەواتە ەیچ کام لەم پێشبینیانە ناتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر ورد بەدەست بێن. (ئێسینک) ئەڵێت: ڕوونترین بەڵگە لەسەر شکستی چارەسەری فرۆیدی ئەوەیە کە ھەندێک ڕێگەی تر جێگەی تیۆری فرۆیدیان گرتەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ نمونە (چارەسەری ڕەوشتی) (سلوکی).

ھەڵسەنگاندنی لایەنە بەھێزەکانی سایکۆلۆژیای شیکاری دەستکاری

١- تیۆرەکە مەزنە، چونکە زۆر لەو شتانەی کە خەڵکی بە گرنگیان ئەزانێت، تیۆری سایکۆلۆژیای شیکاری قسەی خۆی لەبارەیەوە کردوە.

٢- سیفەتێکی زۆر گرنگ ئەوەیە تا ئێستا لەگەڵ تێپەڕبونی ڕۆَژگاردا بە زیندوی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا بە پێی بۆچونی فەیلەسوفانی بواری زانست، ھەر تیۆرێک زیادەیەکی ھەبێت (اچافە) و توانای گشتاندنی (تعمیم) ھەبێت ئەوا تیۆرێکی سەرکەوتوە، بۆیە شاراوە نیە کەسایکۆلۆژیای شیکاری ئەم خاَڵانە لەخۆ دەگرێت.

٣- تا ئەمڕۆش سایکۆلۆژیای شیکاری باشترین ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی نەخۆش لە نەخۆشیە عەقڵیەکان، قبوڵکردن و بڵاوبونەوەی سایکۆلۆژیای شیکاری لەسەرەتای سەرھەڵدانیەوە لەو سۆنگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت کەچەندان دەزگاو ڕێکخراو کۆنفرانس بەستراون لەسەر بناغەی سایکۆلۆژیای شیکاری، کەدەکرێت سەیری تیۆری سایکۆلۆژیای شیکاری بکەین وەک تیۆرێکی نوێ خوازو شۆڕشگێر کەتا ئێستا بە زیندوی ماوەتەوە.

٤- یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی تر ئەوەیە، کە سایکۆلۆژیای شیکاری وەک جۆرێک لە ھەوێن وابوو بۆ زۆربەی کارەکانی تری بواری دەرونزانی، بێگومان ئەگەر ئەم تیۆرە نەبوایە ئەوا زۆر دیاردە ھەبوو ھەر بە نادیاری ئەمایەوە، تیۆری سایکۆلۆژیای شیکاری ڕۆشنای خستە زۆر لایەنی عەقڵی مرۆڤ کەپێشتر فەرامۆشکرابوون، بۆیە وەک دەرئەنجامێک سایکۆلۆژیای شیکاری ئێستا لەسەر تاسەری دنیادا بڵاوەی بەخۆیەوە بینیوە.

٥- لە بەھێزترین خاڵە پۆزەتیڤەکانی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە دەتوانرێت وەربگیرێت (استعاب)، چونکە سایکۆلۆژیای شیکاری ھەوڵ ئەدات بۆ شیکارکردنی چەمکە دەرونیەکان، وسروشتی گەشەی مرۆڤ و لایەنەکانی وەزیفەی عەقڵی مرۆڤ و، لەگەڵ ئەمانەشدا ھەندێ لەخاوەن ئەزمونەکان پێیان وایە کەسایکۆلۆژیای شیکاری دەتوانێت ھەندێ دیاردەی دەرەوەی بواری دەرونزانی پێ وەسفبکرێت وەک (ئاین، سروشتی سەرکردەو و شوێنکەوتوانی، وێنە کێشانی ەونەری ….ەتد).

ھەڵسەنگاندنی گشتی سیستەمەکەی فرۆید دەستکاری

ئێمە دوو ڕەخنەی سەرەکیمان لە سیستەمەکەی فرۆید ھەیە، کە یەکێکیان فەلسەفیەو ئەویتریان زانستیە، لە ڕووی فەلسەفیەوە ئێمە ماتریالەکەی فرۆید ڕەتدەکەینەوە، فرۆید ھەموو وەزیفە بەرزەکانی مرۆڤ کورتدەکاتەوە، بۆ ئاستی ئاژەڵ، ئەو ەیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا ناکات، لای فرۆید مرۆڤ ئاژەڵێکە تۆزێک پەرەی سەندوە، ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە بریتیە لە ئایدیا زانستی و ەونەری و دینیەکانی، دەستکەوتەکانی ئەو تەنیا بریتین لە وەرچەرخاندنی پاڵنەری سێکسی، بەشێکی گەورەی سیستەمەکەی فرۆید بەم تەدارەکە ماتریالستیە گەندەڵ بووە، کەوا دیارە بە شێوەیەکی نەستیانە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو ژینگە ماتریالستەوە، کە فرۆیدی تێدا ژیاوە.

لە ڕووی زانستیەوە گەورەترین لاوازی فرۆید لەوەدایە، کە گشتاننێکی بێپاساوی مۆڵەق پێشکەشدەکات، فرۆید چاوێکی سایکۆلۆژی زۆر تیژی ھەیە، کەوای لێدەکات بتوانێت گرفتەکان بە شێوەیەکی وەھا شیکار بکات کە ەیچ کام لەوانەی پێش خۆی بۆی نەچوون، بەڵاَم بۆ بەدبەختی لە یەکدانە یان چەند بارێکی کەمەوە گشتاندنەکەی دەکات، ئەو لە نەخۆشیە نیرۆتیکیەکانەوە ھەندێک خاسیەت ھەڵدەھێنجێت و یەکسەر دەرئەنجامی گرێوگۆڵە دەرونیەکان، بەسەر ھەموو مرۆڤێکدا پیادەدەکات، ئەم گشتاندنە بەنسبەت عەقڵی زانستیەوە زۆر نامۆیە، ھەر ئەمەیە وایکردوە کەشتێکی تاڕادەیەک قورسە ڕەگەزە بەنرخەکانی ناو سیستەمەکەی فرۆید لە بێ بەھا یان ئەوانەی ماتریالەکەی تێکی داون، جیا بکەینەوە. دوای ئەوەی شەن و کەویان دەکەین و لە بیژنگیان دەدەین ژمارەیەکی زۆر لە ڕەگەزە بە نرخەکانمان بۆ دەمێنێتەوە، کە ەیچ قوتابیەکی سروشتی مرۆڤ ناتوانێت پشتگوێیان بخات.

لێرەوە دەڵێن فرۆید دژی عەقڵانیەت نیە، بەڵکو سەرلەبەری بۆ عەقڵانیەت دەگۆڕێت، نەخشەیەکی نوێی پێ دەبەخشێت، ھەڵەیە گەر وابزانین پڕۆژەی فرۆید دژایەتیکردن وسوکایەتی پێکردنی عەقڵە، بەڵکو پڕۆژەی ئەو دروستکردنی جۆرێکی تازەی ڕوانینە کە لە بڕی ستایشکردن و پیاھەڵدان، بەناسینی کەم و کوڕی و تاریکیەکان دەسەڵاَتی گەورە دەکات، فرۆید بانگەشەی مۆدێرنەی برینداکرد، نەک لەبەرئەوەی دژایەتی مۆدێرنە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەکنیکێکی تازەی سەیرکردن بھێنرێتە ئاراوە کە ناچارمان دەکات بۆ تێگەیشتن و بەھێزکردنی شتێک لە دژەکەی بڕوانین، فرۆید گوتی؛ لە ھۆشیاری تێناگەین گەر نا ھۆشیاری نەناسین، خۆشەویستیمان بۆ ئاشکرا نابێت، گەر چاومان لەسەر ڕق نەبێت، ئیڕۆس ناناسینەوە، گەر غەریزەی مەرگمان بەجدی وەرنەگرتبێت.

بەڕاستیش لەکوێدا خەڵک خۆشەویستی دبینی، ئەو ڕقی ئەدۆزیەوە، لە کوێدا خەڵک ڕێزی باوک و دەسەڵاتیان ئەبینی، ئەو لە ململانێ و ڕکەبەرایەتیە شاراوەکان دەدوا.. لە کوێدا خەڵک تەندروستی ئەدۆزیەوە، ئەو باسی لە پەشێویە دەرونیەکان دەکرد.

(میشیڵ فۆکۆ) لە نوسینێکدا فرۆید لەگەڵ مارکس و نیچەدا بە دامەزرێنەرانی تەکنیکی تازەی ڕاڤەکردن دادەنێت، ئەو دەنوسێت (فرۆید، مارکس، نیچە) بەڵگەیەکی تازەیان بە جیھانی ڕۆژئاوانەدا، واتایەکی تازەیان بەوشتانە نەبەخشی کە واتایان نەبوو، بەڵکو سروشتی دەلیل و ئەو چۆنایەتیانەیان گۆڕی کە دەشێ بەھۆیانەوە دەلیلەکان ڕاڤەبکەین، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم تەکنیکە بریتیە لە بەردەوامی و ڕانەوەستان بەڕاستیش ەیچ میتۆدێک ھێندەی دەرونشیکاری تەفسیرو ڕاڤەکردنی جیاوازو ھەمە ڕەنگی بەرھەم نەھێناوە، ناوی ئادلەرو ڕایش و ئەریک فڕۆم و مارکیۆز تادەگاتە جاک لاکان بەسە بۆ ئەوەی دەوڵەمەندی و ھەمەڕەنگی میتۆدەکانی فرۆید ئاشکرا بکات، ھەروەھا کەم میتۆدیش ھێندەی دەرونشیکاری بوارە جیاوازەکانی بیری مرۆڤایەتی ناچارکردوە بڕێکی زۆر لە چەمک و زاراوەکانی بەکاربھێنێت، لە ڕەخنەی وێژەی و کۆمەڵناسی و فەلسەفیەوە بگرە تا زانستی ڕامیاری و ئەنسرۆپۆلۆژیا.

کێشەکە لێرەدا ئەوە نیە ئایا تێگەیشتنەکانی فرۆید بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە، تێگەیشتنێکی ڕاستن یان ھەڵە، بەڵکو ئەوەی گرنگە و دەبێت ھەمیشە لەبەر چاومان بێت کەھەرگیز لە کێشەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە تێناگەین، گەر بە وێستگەکانی فرۆیدا تێنەپەڕین.

لە کۆتایدا دەڵێین کەلتورێک کە ھێشتا فرۆیدی بە وردی نەناسیوە و پەرتووکەکانی وەرنەگێڕاوەو سەر قاڵی وتووێژی تێزەکانی نەبووە، ئەوا لە فەرھەنگ و کەلتورێکی لەم چەشنەدا فرۆید دەتوانێت ھەمیشە پرسیاری گرنگ و ئاسۆیەکی فراوانی وتووێژبێت لەسەر مرۆڤ، خێزان، پەروەردە.

ئەم تۆزە قسەیەش ھەوڵدانێکە بۆ نزیکبونەوە لە ناسینی بیریارێک کە کەمترین شت لە بارەیەوە بڵێین ئەوەیە، کە یەکێکە لە بیریارە مەزنەکانی مۆدێرنە.

سەرچاوەکان دەستکاری