زانستی وزەی گەردوونی

زانستی وزەی گەردوونی بە یەکێک لە زانستە ڕۆحانییەکان دادەنرێت، چەند ناونیشانێکی تریشی ھەیە کە بەپێی بیر و باوەڕ و کولتوور و زمانەکان جیاوازن، ھەروەھا لە شێوازی ڕاھێنانەکانیشدا وەک یەک نین. زانستی وزەی گەردوونی لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاو بووەوە، کە لەگەڵ زانستی وزەی خۆر یاخود وزەی خۆنوێبووەوە جیاوازە. مرۆڤ لەوانەیە بەڕێکەوت کەسانێک ببینێت کە ھیچ کاتێکی تر چاوی پێیان نەکەوتووە، بەڵام وا ھەست دەکات ماوەیەکی زۆرە دەیانناسێت و لەو کاتەدا ھەموو بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەلاوە دەنێت. بۆیە پسپۆڕانی ئەم بوارە ئاماژە بەوە دەکەن ھۆکاری ئەم ھەڵسوکەوتە بۆ بوونی بواری موگناتیسی و ھێزی ڕاکێشانی نێوان کەسەکان دەگەڕێتەوە.

باوەڕمەندان بەم بوارە پێیان وایە وزەیە ھەڵسوڕێنەری سەرجەم ڕەگەزەکانی گەردوونە. لە بیر و باوەڕی ڕۆژھەڵاتییەکاندا، موسڵمانان بەو بەرەکەتەی ھەژمار دەکەن کە لە کاتی جێبەجێکردنی سرووتە ئایینییەکان و چاکەکردن بە دەستی دەھێنن. لە زمانی چینیدا بە وزەی (کی)یاخود (ئێڵچی) ناسراوە، لە زمانی سەنسکریتی بە وزەی (پرانا) ناسراوە. ھەموو ئەم ناوە جیاوازانە مانای پاکێتی دەگەیەنێت، کە ھەڵقوڵاوە لە ڕۆح و سەرجەم ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە. باس لەوە دەکرێت کە ئەم زانستە بە ھیچ شێوەیەک زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت، ھەروەھا دژی ھیچ ئایینێکی ئاسمانیش نییە، چونکە ئامانج لێی ھاوسەنگی و ئاشتەواییی دەروونی مرۆڤ و پارێزگاریکردن لە ڕۆح و ھزری مرۆڤە. ئەم زانستە تایبەتە بە دەرخستنی ئەو وزە شاراوەیەی کە بوونی ھەیە لە مێشک و لەشی مرۆڤدا، چونکە دەگوترێت مرۆڤ تەنھا بەشێکی کەمی ئەو توانستە عەقڵییە بەکار دەھێنێت کە ھەیەتی.

سوودەکانی دەستکاری

باوەڕمەندان بەم ڕێگایە پێیان وایە زانستی وزە ئاسۆی زۆر بواری زانین لەبەردەم مرۆڤدا دەکاتەوە، کە دواجار ھاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییە قورسەکان و کەمکردنەوەی ئەو فشارە دەروونییانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات زۆر ھێمن و لەسەرخۆیانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەورەبەر و تەنانەت ئاژەڵ و ڕوەک و بێگیانەکانیش ڕێک بخات. ھەروەھا پێیان وایە گەردوون پڕە لە نھێنی و کۆدی جیاواز کە ئاشکراکردن و شکاندنیان مامەڵەی مرۆڤ گەشبینانەتر دەکات، بەڵام ئەو ھەستە سەرەتا لە خودی لەش خۆیەوە دەست پێ دەکات و دواتر ڕۆدەچێتە ناو ڕۆحی و ئینجا دەگوازرێتەوە بۆ بەرامبەرەکەی.

پەیوەندیی نێوان وزەی زانستی مرۆیی لەگەڵ یاسای کێشکردن دەستکاری

بە شێوەیەکی گشتی ئەم یاسایە لەبارەی ئەو وزەیەوە دەدوێت کە ھاوشێوەکەی پەلکێشی خۆی دەکات. ئەم سەرچاوەیەش بە مانای ساغی دێت لە بواری زانستی وزەدا. باوەڕمەندانی ئەم بوارە پێیان وایە یاسای کێشکردن یەکێکە لە نھێنییەکانی ژیان کە تەنھا بەشێکی کەم لە خەڵک درکیان پێ کردووە. یاسای کێشکردن گوزارشت لەو کارانە دەکات کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات و لە ڕێگای ناردنی بیرکردنەوە و ھەستەکانی وەکوو موگناتیسێک ھەموو ئەو شتانە کێش دەکات کە پێویستییەتی. ئاسانە بۆ ھەر تاکێک بیرکردنەوە و ھەستەکانی دەرببڕێت بەبێ ئاگاداری کە لەوانەیە ئەم ھەستانە ھەستی نەرێنی و بیرکردنەوەی ھەڵە بن، بەڵام لەکۆتاییدا ئەو مرۆڤە کۆمەڵێک شت بۆ خۆی کێش دەکات بەبێ ئەوەی ئەو کەسە مەبەستی بێت.

یاسای کێشکردن لەسەر بنەمای ئەو بیرکردنەوەیە داڕێژراوە کە ھەر شتێک مێشک وەری بگرێت دەتوانرێت دواتر لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و ھەموو بیرکردنەوەکان لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕاستییەی ئەگەر مرۆڤ سەرنج بداتە سەر بیرکردنەوە و ھەستە نەرێنییەکانی، ئەوا ھەمان ئەو شتە نەرێنییانە پەلکێش دەکات کە بیری لێ دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بێت و بیر لە شتی ئەرێنییانە بکاتەوە، زاڵ دەبێت بەسەر بیرکردنەوە خراپەکانیدا.

٧ یاساکەی کێشکردن دەستکاری

بەپێی باوەڕمەندان بەم بوارە، یاسای کێشکردن بۆ ٧ بەشی بچووک دابەش دەبێت کە ھەموویان ئاماژە بەوە دەکەن کە چۆن گەردوون یاخود دونیا کاردانەوەی بۆ تاک ھەیە، کاریگەریی لەسەر ئەو دەرەنجامە ھەیە کە تاک بەدەستی دەھێنێت:

  1. یاسای ڕەنگدانەوە: یاسای ڕووکەشی ئاماژە بەوە دەکات بیرکردنەوەکان و ھەستەکان ڕاستییەکان دروست دەکەن و مرۆڤ سەرنج بخاتە سەر ھەر شتێک ھەمان شت لە ژیانیدا ڕوو دەدات.
  2. یاسای موگناتیسی: یاسای موگناتیسی ئاماژە بەوە دەکات ھەموو شتێک کە ڕووی داوە لە ژیاندا خەڵک و گشت ئەو ھەڵە یان باشییانەی کە کردوویەتی و ئەو ڕەوشەی کە تاک خۆی تێدا دۆزیوەتەوە، ھەر ھەمووی ئەنجامی ئەو وزەیەیە کە بە درێژایی ژیانی ئاراستەی گەردوونی کردووە.
  3. یاسای خواستی پشتگوێنەخراو: ئەم یاسایە ئاماژە بەوە دەکات مەرجە ھەموو کەسێک خواستی بۆ بەدەستھێنانی شتەکان بەھێز بێت، چونکە ئەگەر خواستەکان لاواز بن ئەوا مرۆڤ ناتوانێت ئەو شتە پەلکێشی خۆی بکات کە دەیەوێت.
  4. یاسای ھاوسەنگیی تەواو: گەردوون بریتییە لەو ھاوسەنگییەی کە لەنێوان ھێزی جیاواز و تەنەکاندایە. لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ تەنھا بەشێکی بچووکی ئەم گەردوونەیە و ھەموو کات لە پەرۆشیی ئەو ھاوسەنگییەدایە و کاتێک لایەنە جیاوازەکانی ژیان ھاوسەنگ بن دەتوانێت ئەزموونی دڵخۆشی و ئاشتەوایی بکات. لە کاتی بەدەستھێنانی ویستەکانیشیدا پێویستە دڵخۆش و سوپاسگوزار بێت.
  5. یاسای خۆگونجاندن: یاسای خۆگونجاندن باس لە گونجاندنی ڕێکخراوی نێوان ھێز و توخمەکانی گەردوون دەگرێتەوە. ئەگەرمرۆڤ ھاودەنگ بێت ھەموو شتەکان ئاسان دەردەکەون و وەکوو ئەوە وایە مەلە لەگەڵ تەوژمەکان بکات.
  6. یاسای کردەوە ڕاستەکان: یاسای کردەوە ڕاستەکان باس لەوە دەکات کە کردەوە و وشەکانمان کاریگەری دەخاتە سەر ئەو ژینگەیەی لە چواردەوری مرۆڤە، ھەروەھا چۆنییەتیی مامەڵەکردن و یارمەتیدەربوونی بۆ چواردەوری ئەوە دیاری دەکات چۆن چواردەورەکەیشی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. دەبێت ھەموو کاتێک مرۆڤ دڵنیا بێتەوە لەوەی بەو شێوەیە مامەڵە دەکات کە خوازیارە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەم شێوەیە وزەی ئەرێنی زیاتر بۆ ناو ژیانی کێش دەکات.
  7. یاسای کاریگەریی گەردوون: ئاسایییە ئەگەر مرۆڤ ھەست بە بچووکی و بێبایەخی بکات کاتێک شەوانە تەماشای ئەستێرەکانی ئاسمان دەکات، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ھەر یەکێک لە مرۆڤەکان بەشێکی بچووکی گەردوون پێک دەھێنن. مرۆڤ لەڕێگەی بیرکردنەوە و کردەوەکانییەوە، کاریگەری لەسەر گەردوون جێ دەھێڵێت. لەرەلەری وزەی مرۆڤ دەبێتە بەشێک لە بنچینەی دروستبوونی گەردوون، لەبەر ئەوەشە کە پێویستە ھەر یەکێک ئاگادار بێت لە ھەست و کردەوەکانی، ھەروەک چۆن ئاگاداری ئەو ئاماژانەیە کە لە گەردوونەوە پێی دەگات. بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێگایانەش دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵی وزەکان بکرێت و لە ھەمان کاتدا بەریەککەوتن لەگەڵ وزە ئەرێنییەکان زیاتر دەبێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

https://sotor.com/تعريف-الطاقة-الروحية/