دەروازە:گیانلەبەران/وتاری ھەڵبژێردراو/١

ھەڵۆ بریتییە لە کۆمەڵێک پەلەوەری ڕاوچی لە تیرەی ھەڵۆیان (Accipitridae لە تۆرەمەی Falconiformes).

نزیک بە ٦٠ جۆر باڵندەی ڕاوکەر ھەن کە بە ھەڵۆ دەناسرێن و زۆربەیان خۆماڵی ئەوراسیا و ئەفریقان. پێوەرێکی ڕوون بۆ جیاوازی و ناسینەوەی ھەڵۆکان لە دیکەی پەلەوەرەکانی تیرەی ھەڵۆیان نییە، بەڵام بەگشتی ھەڵۆکان لەوانی تر گەورەترن (بێجگە لە داڵاش) ، لاقیان گەورەتر و پتەوترە، دەنووکیان گەورە و خوار و باڵەکانیان پانترە. ھەموو ھەڵۆکان بە ڕۆژ ڕاو دەکەن، چاویان تیژە و بەرزەفڕن.

ھەڵۆکان بە بۆنەی بەھێزییەوە لە زۆربەی کلتوورەکان وەک دروشم و نیشانەی شەڕ و شایەتی دەناسرێن. وێنە و پەیکەری ئەم باڵندانە لە سەر زۆر دراو و بینای مێژوویی دەبینرێ و زۆرێک لە وڵاتان ، ڕێکخراوە و پارتەکانی جیھان وێنەی ھەڵۆیان وەک دروشم ھەڵبژاردووە.

ھەڵۆکان لە باری توێکاری و تایبەتمەندی فڕین لە داڵاشەکان دەچن، بەڵام سەریان پێچەوانەی داڵاشەکان بە پەڕ داپۆشراوە. ھەڵۆکان شێوەی شمقاڕەکانیش دەدەن، بەڵام گەورەترن و نێوان باڵەکانیشیان نەختێک درێژترە. جیاوازییەکی تری ھەڵۆکان لەگەڵ ئەم دوو خزمەدا لە شێوەی بژیوییاندایە، ھەڵۆکان زۆرتر نێچیری زیندوو دەگرن، بەڵام داڵاش و شمقارەکان لە کەلاک دەخۆن ھەڵۆی نیکوباری باشووری، بچووکترین ھەڵۆیە کە تەنیا ٤٥٠ گ و ٤٠ سم دەبێ و خۆماڵی دوورگەکانی نیکوبارە. ھەڵۆی دەریایی ستەلێر بە کێشی ٦،٧ کیلۆگرەم و ھەڵۆی فلیپینی بە درێژی یەک میتر لە پاڵ ھەڵۆی دووسپی و ھەڵۆی ھارپی گەورەترین جۆری ھەڵۆکانن.

زیاتر...