دەروازە:وێژەی کوردی/شیعری ھەڵبژێردراو/١٨

مناڵەکان ئەوەی دەنکە گەنمێکی چاند
گوڵەگەنمێکی دروێنە کرد.
ئەوەی دڵوپێک خوێنی چاند
تابلۆیەکی بۆ خۆی نەخشاند.
ئەوەی تەنیا ھاوارێکی لە دەم دەرچوو،
گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو.
کەچی ئێمە کاسەسەر و چاو دەچێنین
بارانی خوێن بەسەریاندا دەبارێنین
ھێشتا وەرزی دروێنەشمان دیار نییە
تا گوڵەگەنمێکی کێڵگەی ئەو خوێنەشمان دیار نییە.
مناڵەکان با ئەو جۆگەیە بگۆڕین کە خوێنمانی پێدا دەڕوات
با ئەو زەمینەش بگۆڕین کە چاو و کاسەسەر دەخوات.
ئینجا کێڵگەی ڕووناکیتان پیشان دەدەم
ئینجا وەرزی دروێنەتان بۆ ڕست دەکەم.

عەبدوڵڵا پەشێو

دوازدە وانە بۆ مناڵان