دیۆژن یان دیوجانس (Diogenes) کە هەروەها وەک دیوجانس سینیک و دیوجانس سینۆپیش ئاماژەی بۆ دەکرێ، فەیلەسووفێکی یۆنانیە و یەکێکە لە بنیاتدانەرانی مەکتەبی سینیسیزم (کەلبیگەری). ناوبراو ساڵی 412 یان 404ی پێش زایین لە شاری سینۆب کە کۆلۆنییەکی ئایۆنییە و لە کەنارەکانی دەریای ڕەشی ئەنادۆڵ لەدایکبووە و ساڵی 323ی پێش زایین لە شاری کۆرینس کۆچی دوایی کردووە.


دیۆژن کەسایەتییەکی ئاڵۆز و سەیری هەبووە. دەڵێن لەبەر دابەزاندنی بەهای دراو و تێکدانی دراوی ئەو شارە لە سینۆب تارێندراوە و یان لەو شارە هەڵاتووە. ناوبراو کوڕی وەستای نەعنا (میناماستەری) سینۆب بووە و کۆمەڵە مشتومڕێک لە ئارادایە کە ئایا دیۆژن دراوی سینۆب تێکداوە یان باوکی بەرپرس بووە و یان هەردووکیان پێکەوە دەستێوەردانیان هەبووە. [١] پاش بەجێهێشتنی سینۆب ڕووی لە ئەتینا کردووە و لەوێ یاسا و ڕێساکانی ئەتینای داوەتە بەر ڕەخنە. دیۆژن پاشان لە لایەن چەتەیەکی دەریاییەوە دەستبەسەر دەکرێت و وەک کۆیلە دەیفرۆشن و لە کۆتاییدا نیشتەجێی کۆرینس دەبێت.


هیچ بەرهەمێکی نووسراوی دیۆژن نەماوەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوە لەسەر ژیانی هەیە و بەتایبەت لە کتێبی ژیان و بۆچوونی فەیلەسووفە بەناوبانگەکانی دیۆژن لارتیۆس ژیانی دیۆژن و چیرۆکەکانی باس کراوە. دیۆژن هەژاریی ستایش کردووە. زۆر جار بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی سواڵی دەکرد و زۆر جاریش لەنێو گۆزەیەکی گەورەی سەرامیکی ناو بازاڕدا دەخەوت. ستایلی ژیان و هەڵسوکەوتی ساکاری تایبەتی خۆی هەبووە و ئەم ستایل و هەڵسوکەوتەی وەک کەرستەیەکی ڕەخنەگرتن لە بەها کۆمەڵایەتییەکان و دامودەزگاکانی کۆمەڵگای گەندەڵ و ئاڵۆزەی ئەو سەردەمە دەکار هێناوە. بەناوبانگ بوو لەسەر ئەوەیکە بەشێوازێکی ناوازە کە لە هیچ کەسی دیکە ناچێت دەخوا و دەخەوێ. وەک کۆسمۆپۆلیتان (جیهان وەتەن) خۆی پێناسە کردووە و وتوویە: "من شارومەندی جیهانم."


دیۆژن هێراکلیسی وەک هێما و سەرمەشقی خۆی پێناسە دەکرد و پێی وابوو کە چاکە و جوانی لە کردەوەدا زیاتر خۆیان دەنوێنن تا لە تیۆری و قسەدا. لەبەر کردەوە سەیر و سەمەرە فەلسەفییەکانی بەناوبانگ بوو، بۆ نموونە ئەوەیکە لە ڕۆژدا چرایەکی هەڵدەگرت و دەیگوت خەریکە لە "پیاوێک" دەگەڕێت (لە زمانی ئینگلیزیدا "لە پیاوێکی ڕاستبێژ دەگەڕێت" دەنووسن). ئەفلاتوونی دابووە بەر ڕەخنەوە و گێڕانەوەکانی ئەفلاتوون لە سوقراتیشی دابووە بەر پرسیار و گومان، جاروبار لە میانەی وتووێژەکاندا خواردنی دەهێنا و بەردەنگەکانی سەرقاڵ دەکرد و تووشی سەرلێشێوانی دەکردن. دیۆژن هەروەها لەسەر ڕووداوێکی دیکەش ناوبانگی هەیە، گاڵتەی بە ئەسکەندەری مەزن کردووە، هەم بە ئامادەبوونی خەڵکەوە گاڵتەی پێکردووە و هەمیش جارێک ساڵی 336ی پێش زایین لەبەردەم خۆیدا و ئەو کاتەی سەردانی کۆرینسی کردووە گاڵتەی بە ئەسکەندەر کردووە.

لەسەر سەرەتا و دەسپێکی ژیانی دیۆژن هیچ زانیارییەک بەردەست نییە و تەنیا دەزانین باوکی دیۆژن هیسێسیاسی بانکدار بووە. ڕەنگە دیۆژن ناوی خۆیشی بۆ کاروباری بانکی تۆمار کردبێ و یارمەتی باوکی دابێت.


جارێک (کە ڕێکەوت و کاتەکەی دیار نییە) هیسێسیاس و دیۆژن چیرۆکێکیان بەسەردا دێت و لەسەر دراوی تێکدراو تووشی گێچەڵ دەبن و دیۆژن لە زێدی خۆی دوور دەخرێتەوە و ناسنامە و هەموو سامان و داراییەکەی دەستی بەسەردا دەگیردرێت. ئەم بەشەی چیرۆکەکە پێدەچێت لە لایەن شوێنەوارناسانەوە دەرکەوتبێت: ژمارەیەکی زۆر دراوی ساختە لە سینۆب دۆزراونەتەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی قەڕنی چوارەمی پێش زایین و دراوەکانی دیکەی ئەو سەردەمە بە بەرپرسیارێتی هیسێسیاسەوە لێدراون و ئەو دراوە ناڕەسەنانەش دەگەڕێنەوە سەر ئەو سەردەمە. لەو ماوەیەدا بڕێکی زۆر پارە و دراوی ساختە لە سینۆبدا بوونی هەبووە. بە ئەنقەست دراوەکانیان تێکداوە تا وەک پارەی یاسایی بێ نرخ و بەها بن. سینۆب لە قەڕنی چوارەمی پێش زاییندا ناکۆکی و موناقەشەی لەسەر بووە و لایەنگرانی ئیمپەراتۆری فارس و لایەنگرانی یۆنانییەکان بەردەوام لەسەری ناکۆکییان هەبووە بۆیە پێدەچێت پاڵنەرێکی سیاسی لە پشت ئەو چیرۆکەوە هەبووبێت و باسەکە پێوەندیی بە ئابووری و داراییەوە نەبێت.

ئەتینا

دەستکاری
 
دیۆژن لە گۆزەکەی خۆیدا دانیشتووە، بەرهەمی ژان لیۆن جیرۆم (١٨٦٠)


چیرۆکێک دەڵێت کە دیۆژن لە دێلفی سەردانی ئۆراکڵی کردووە تا داوای ئامۆژگاری لێبکات و لەوێ پێیان وتووە کە پێویستە "دراوەکە تێکبدات". پاش ئەو شکستەی سینۆب دیۆژن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە داواکارییەکەی ئۆراکڵ ئەوەیە کە دراوی سیاسی تێک بدات نەک دراوی ڕاستەقینە و بازرگانی. ڕۆشتە ئەتینا و لەوێ بەها و دابونەریتەکانی ژیانی دایە بەر ڕەخنە و گاڵتەی پێکردن و ئەمە بوو بە ئامانجی ژیانی. دیۆژن پێی وابوو خەڵک لەباتی ئەوەیکە لەسەر چییەتی ڕاستەقینەی شەڕ و خراپە نیگەران بن تەنیا گێڕانەوە باوەکانیان کردۆتە پێوەر و سەرچاوە و پشتیان پێدەبەستن. دیۆژن لەگەڵ کۆیلەیەک بەناوی مانیس گەیشتبووە ئەتینا کە پاش ماوەیەکی کورت لێی هەڵاتبوو. دیۆژن ئەمەی وەک نەهامەتی نەدەبینی و بە گاڵتەوە ئاوای شرۆڤە دەکرد: "ئەگەر مانیس ئەتوانێ بەبێ دیۆژن بژیت، لەبەرچی دیۆژن نەتوانێ بەبێ مانیس بژیت؟" دیۆژن گاڵتەی بە پێوەندییە زۆر قووڵەکان دەکرد. مامۆستایەک کە نەیدەتوانی هیچێک بۆ خۆی بکات لە ڕوانگەی دیۆژنەوە سووک و بێدەسەڵات بوو. ڕاهێنان و شێوازی زاهیدانەی ئەنتیستەنیس دیۆژنی ڕاکێشا، وەک باس دەکرێت ئەو کاتەی داوای لێکردووە وەک قوتابی وەریبگرێت ئەنتیستەنیس داواکارییەکەی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێن لە کۆتاییدا "بۆ گۆچانەکەی لێیداوە". شیاوی باسە کە ئەنتیستەنیس قوتابی و خوێندکاری سوقرات بووە. دیۆژن لە وەڵامی ئەو لێدانەدا دەڵێت: "لێدە کێشە نییە، تا ئەو کاتەی پێم وابێ شتێکت بۆ وتن هەیە هیچ دارێک نادۆزیتەوە هێندە ڕەق بێت کە بتوانێ منت لێ دوور بخاتەوە." دیۆژن سەرەڕای ئەوەیکە لە سەرەتاوە بەو شێوازە دڕندانە پێشوازیی لێکرابوو بوو بە خوێندکار و قوتابیی ئەنتیستەنیس. ئەوەیکە ئایا ئەو دوو کەس لە ڕاستیدا قەت یەکیان بینیوە یان نا هێشتا ڕوون نییە. بەڵام هەم لەباری ناوبانگەوە و هەمیش لەباری ژیانی خۆپارێزانە و زاهیدانەوە پێشی مامۆستاکەی کەوت. دووربوونەوە لە چێژ و حەزە زەوینییەکانی وەک بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەڵسوکەوتی ئەو سەردەمەی ئەتینا پێناسە دەکرد. ئەو هەڵویست و بۆچوونە بنەمای سووکایەتیکردنی دیۆژن بوو بەو شتانەی کە وەک گەمژەیی و خۆنواندن و دووڕوویی و خۆفریودان و هەڵسوکەوتی دەسکرد و درۆینەی مرۆڤ ئاماژەی پێدەکردن.

 
دیۆژن و گەڕان بەدوای پیاوێکی ڕاستگۆدا، دەگەڕێتەوە بۆ JHW Tischbein ( 1780)

کۆچی دوایی

دەستکاری

لەسەر کۆچی دوایی دیۆژن گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەیە و گێڕانەوەکان یەک ناگرنەوە. هاوچەرخەکانی خۆی باس لەوە دەکەن کە بۆ خۆی هەناسەهەڵکێشانی ڕاگرتووە تا گیانی دەرچووە؛ چیرۆکی دیکەش هەیە کە دەڵێت لەبەر خواردنی ئەکتۆپوسی خاو نەخۆش کەوتووە و مردووە؛ یان گێڕانەوەی دیکەش هەیە کە ئەڵێت سەگی هار قەپی لێگرتووە و هۆکاری مردنی دەگەڕێتەوە سەر ئەمە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێی خۆشە چۆن بنێژرێت، دیۆژن دەڵێت کە فڕێی بدەنە دەرەوەی دیوارەکانی شارەوە تا ئاژەڵە کێوییەکان جێژنێک لەسەر تەرمەکەی بگێڕن و ببمە خۆراک بۆیان. پرسیاریان لێکرد ئەم شتەت بەلاوە گران و ناخۆش نییە، لە وەڵامدا گوتی: "نا بۆ گران و قورس بێت، ئەڵبەت تا ئەو کاتەی دارێکم بۆ دابین بکەن تا بتوانم ئاژەڵەکان لە خۆم دوور بکەمەوە". کە پرسیاریان لێکرد دەی ئەو کاتەی هۆشیاریت دادەبەزێت چۆن دەتوانی ئەو دارە دەکار بێنی، لە وەڵامدا گوتی: "کە هۆشیاریم نەبوو، کە مردم، چیدی لەبەرچی لام گرنگ بێت چیم بەسەردا دێت؟". تەنانەت لە کۆتاییەکانیشدا دیۆژن گاڵتەی بە خەڵکی کۆرینس دەکرد کە نازانن مامەڵەی "دروست" لەگەڵ مردووەکانیش بکەن و نیگەرانییەکانیان لەسەر مردووەکان پووچ و بێ بنەمایە. کۆرینسییەکان بە یادی دیۆژنەوە پەیکەرەی ئەستوونێکی مەڕمەڕینیان دانا و سەگێکیش لە تەنیشتیەتی.

فەلسەفە

دەستکاری

دیۆژن لەگەڵ ئەنتیستەنیس وەک دامەزرێنەرانی سینسیزم پێناسە دەکرێن. بۆچوونەکانی دیۆژن وەک بۆچوونی زۆرێکی دیکە لە هاوبیرەکانی دیکەی ڕەمزاوین و پێویستە ناڕاستەوخۆ پێیان بگەی. ئەگەرچی دەڵێن دە بەرگ کتێب و حەوت شانۆنامەی تراژێدیای نووسیوە بەڵام هیچ نووسراوەیەکی لێ نەماوەتەوە. بیر و بۆچوونەکانی ئەو کۆمەڵە لە شێوازی ژیانیان جودا ناکرێتەوە بۆیە کۆی ئەو شتانەی لەسەر ناوبراو ئەوڕۆ لە بەردەستدایە دەگەڕێتەوە سەر ئەو سەرچاوە کلاسیکانەی کە بە شێوەی پەرژ و بڵاو باسیان کردووە.


زۆرێک لە وتە و چیرۆکەکان لەسەر دیۆژن ئاماژە بەوە دەکەن کە دیۆژن هەڵسوکەوتی وەک سەگ بووە و ستایشی چاکە و تایبەتمەندییە باشەکانی سەگی کردووە. دیار نییە ئایا بەناوی سەگەوە سووکایەتی پێکراوە و ئەمەی کردۆتە چاکە و فەزیلەت یان هەر بۆ خۆی سەرەتا سەگی کردۆتە تەوەری بیر و فەلسەفەکەی. کاتێک ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە لەبەرچی پێی دەڵێن سەگ، لە وەڵامدا دەڵێت: "سوپاسی ئەو کەسانەی دەکەم کە شتێکم دەدەنێ بۆ خواردن، حەپەحەپ دەکەم لەوانەی ڕەتم دەکەنەوە و بەرامبەر بە شەیتانەکانیش ددانم تیژە"

لەبەر چوار هۆکار سینکییەکان وەک کەلبیگەر ئاماژەیان بۆ دەکرێت. یەکەم لەبەر ئەوەیکە شێوازی ژیانیان هێندە لایان گرنگ نییە، و وەک سەگ لەبەردەم خەڵکدا دەخۆن و خۆشەویستی دەکەن و ڕووت و ڕەجاڵ لە شەقامەکاندا دەخولێنەوە و دەخەون. دووهەم ئەوەیکە سەگ ئاژەڵێکی بێشەرمە و ئەمانیش وەک سەگ شەرم لە ژیان ناکەن، ئەڵبەت ئەو بێشەرمییە واتای بێ حەیابوون نییە بەڵکوو ئەو جۆرە ژیانە پێگەی بەرزتری لە بێشەرمی هەیە. سێهەم ئەوەیکە سەگ پاسەوانێکی باشە و ئەمانیش وەک سەگەکان پاسەوانی بنەما و بناغەکانی فەلسەفەی خۆیان دەکەن. چوارەم ئەوەیکە سەگ ئاژەڵێکی ژیر و لێزانە و دۆست و دوژمنەکانی خێرا لێک جودا دەکاتەوە و ئەمانیش وەک سەگ چاک و خراپ و یار و نەیارەکان خێرا دەناسنەوە و بۆ وەرگرتنی یاران ئامێزیان ئاوەڵایە و بەرامبەر نەیارانیش وەک سەگ لێیان دێنە جواب. هەر بەم بۆنەوە ئەو کاتەی خەڵکی کۆرینس پەیکەرەیان بۆ ساز کرد، پەیکەرەی سەگێکیشیان لە تەنیشتی داناوە.

کەلەپوور

دەستکاری

دەرکەوتنی فەلسەفەی سینیسیزم لە هونەردا

دەستکاری

هەم لە سەردەمی کۆندا و هەمیش لە سەردەمی نوێدا، کەسایەتی دیۆژن تا ڕادەیەکی زۆر سەرنجی پەیکەرتاشان و شێوەکارانی ڕاکێشی خۆی کردووە. پەیکەرە کۆنەکانی دیۆژن لە مۆزەخانەکانی ڤاتیکان، لۆڤەر و کاپیتۆلدان. چاوپێکەوتن و دیداری ئەسکەندەر و دیۆژن لە کەتیبەیەکی مەڕمەڕینی کۆندا لە ئەلبانی دۆزراوەتەوە. لە تابلۆیەکی سەردیواری ڕافائێلدا کە ناوی قوتابخانەی ئەتینای پایتەختە، کەسایەتییەک لە پێشەوە دانیشتووە کە نوێنەرایەتی دیۆژن دەکات.


دەروونناسی

دەستکاری

ناوی دیۆژن وەک ئاماژەیەک بۆ نەخۆشینێکی دەروونی دەکارهێنراوە.