جەنگی سیاسی
جەنگی سیاسی بریتییە لە بەکارھێنانی شێوازی سیاسی بۆ سەپاندنی ویستی کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو لەڕێی نیەتێکی توندوتیژەوە. واتای دەستەواژەی «سیاسی» کارلێکی پێوانەکراوی نێوان حکوومەت و لایەنی ئامانجگیراو دەگەیەنێت کە دەکرێت لایەنە بە ئامانجگیراوەکە حکوومەتی وڵاتێکی دیکە، سوپا یان دانیشتووانی گشتی بن. حکوومەتەکان چەند شێواز و ڕێگایەکی جۆراوجۆر بەکاردەھێنن بۆ ئەنجامدانی ھەندێک کردەی دیاریکراو کە لە ئەنجامدا دەکرێت ئەو کردانە سوودێکی ڕێژەیییان پێ ببەخشێت بەرامبەر بە ڕکابەرەکانیان. شێوازە جیاوازەکان پڕۆپاگەندە و کردە دەروونییەکان لەخۆ دەگرێت کە خزمەت بە ئامانجە نەتەوەیی و سەربازییەکان دەکەن. پڕۆپاگەندە چەندین ڕەھەندی جیاوازی ھەیە و ئامانجێکی سیاسیی توندوتیژ و ملکەچکردنی لە پشتەوەیە، بەڵام کردە دەروونییەکان کردەی نەخشەبۆداڕێژراون و، مەبەست لێیان ئامانجی سەربازیی وردە کە دەکرێت بۆ ھەردوو لایەنی سەربازی و مەدەنی بەکار بھێنرێت.[١]
سروشتی ناچارکەری جەنگی سیاسی دەبێتە ھۆکار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایییەکانی لایەنی بەرامبەر و پەستان خستنەسەریان. جەنگی سیاسی دەکرێت بە توندوتیژی، پەستانی ئابووری، لەناوبردن و دیپلۆماسی ئاوێتە بکرێت، بەڵام کەرستەی سەرەکیی لەم جۆرە جەنگە بریتییە لە بەکارھێنانی وشە، وێنە و بۆچوون. بنیادنان، چالاککردن و بەردەوامبوونی ئەم شێوازانەی ناچارکردن بە ئەرکی دەوڵەتمەداران دادەنرێت و وەک جێگرەوەی کردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ دادەنرێت. بۆ نموونە، مەبەست لە سەپاندنی ئابلۆقە و گەمارۆی ئابووری بریتییە لە خستنەوەی زیانێکی ئابووریی پێویست کە ببێتە ھۆی گۆڕانکاریی سیاسی. شێواز و ڕێگا بەکارھێناراوەکان لە جەنگی سیاسی بەندە لەسەر پێکھاتە و دیدگای سیاسیی وڵاتەکە و، شێوازی جەنگەکە بەپێی ئەوەی کە وڵاتەکە وڵاتێکی تاکڕەو، دیکتاتۆری، دەسەڵاتخواز، یان دیموکراتییە دەگۆڕێت.[٢][٣]
شێوازە توندوتیژەکان
دەستکاریبەھەمان شێوە جەنگی سیاسی چالاکیی توندوتیژ و جەنگخوازییش لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن لایەنی یەکەمەوە دەکرێت، بە مەبەستی بەدەستخستنی سوودێکی ڕێژەیی یان دەستبەسەرداگرتن بەسەر لایەنی بەرامبەر و دووەم. ئەم جۆرە ناکۆکیی و ململانێیە لەنێوان لایەنی ھێرشکەر و قوربانی لە چوارچێوەی ھەمان وڵاتیش تێبینی کراوە کە دەکرێت ئەم شێوازانە لەخۆ بگرێت: خافڵکوژی، چالاکیی نیمچەسەربازی، کاری تێکدەرانە، کوودەتا، یاخیبوونی شۆڕش، شەڕی چەتەیی و شەڕی ناوخۆ.[٤][٥]
١- چوونەناوەوەی ھێزێکی بیانی یان ئازادکردن: ڕوودەدات کاتێک حکوومەتی وڵاتێک لەڕێی ھێزێکی سەربازی، دیپلۆماسی یان نھێنیی بیانییەوە لادەبرێت. مەبەستی سەرەکیی کردەکە بریتییە لە بەدەستھێنانی دەسەڵات بەسەر بنیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی دیکەدا؛ کردەکە دەکرێت سەرپەرشتی و سەرکردایەتی بکرێت لەلایەن ھێزی نیشتمانیی ھێرشکەر یان لایەنێکی سیاسیی وڵاتی قوربانی کە لایەنگریی ھێرشکەرەکە دەکات. بەرجەستەکردن و درێژکردنەوەی کردەی دەستبەسەرداگرتنەکە لەلایەن ھێرشکەرەوە بۆ سەر قوربانییەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، ئەوانیش:
- چوونەناوەوە لەڕێی دزەکردنەوە
دزەکردنی مەبەستداری کۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لایەنی ھێرشکەر بۆ ناو وڵاتی قوربانی بە ئامانجی بەھێزکردن و درێژکردنەوەی کاریگەری و دەسەڵات.
- ھەڵوەشاندنەوەی زۆرەملێیانە
لەناوبردنی بنیاد و پێکھاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لایەنی قوربانی ھەتا ئەو کاتەی ڕەوشت و بەھا نەتەوەیییەکان بەتەواوی ھەڵدەوەشنەوە و، دەوڵەت لە ئاستێک نامێنێت کە بتوانێت بەرگەی دزەکردنی و دەستتێوەردانی پتر بکات. ئەگەری ھەیە لایەنی ھێرشکەر ململانێیە ناوخۆیییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، نەژاد و ڕەگەزەکان، ئاینییەکان و کۆمەڵانی دیکەی لایەنی قوربانی بقۆزێتەوە و، ئەم ڕێگایەش ھاوشێوەیە لەگەڵ چەمکی «دابەش بکە و داگیر بکە».[٦]
- بە گۆڕین
بریتییە لە گۆرین یان کاڵکردنەوەی وەفاداری لایەن و کۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان لە وڵاتی قوربانی، لەگەڵ گواستنەوەیان بۆ ناو لایەنە سیاسی و ئامانجە فیکرییەکانی وڵاتی ھێرشکەر.
- کوودەتا: بریتییە لە ڕووخاندنی حکوومەتێک لەڕێی دزەکردنەناوەوە بۆ کۆمەڵە سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی بەشێکی یەکجار بچووکی دەزگا حکومییەکان.
- کردەی نیمچە سەربازی
- یاخیبوون