گوڵاڵە

شارێک لە عێراق
(لە جەلەولاەوە ڕەوانە کراوە)

گوڵاڵە یان جەلەولا (بە عەرەبی: جلولاء‎) شارۆچکەیەکە لە قەزای خانەقین، پارێزگای دیالە، عێراق، و لە نزیک ڕووباری سیروان ھەڵکەوتووە. جەلەولا شوێنی شەڕی جەلەولا لە نێوان موسڵمانان و ساسانییەکان بووە.

گوڵاڵە
جلولاء
شارۆچکە
وڵات عێراق
پارێزگاپارێزگای دیالە
قەزاقەزای خانەقین

مێژوو دەستکاری

گوڵاڵە مێژوویەکی کۆنی ھەیە ھەروەک گشت ئاوایییەکانی ناوچەکە (خانەقین و کفری و مەندەلی). ناونانی بەم ناوە بۆ ئەو گوڵە سوورانە دەگەڕێتەوە کە لە مێرگەکانی کەناری ڕووباری سیروانەوە چرۆ دەکەن.

گوڵاڵە ھەر لەدوای دەستبەسەرداگرتنی شانشینی ماد لەلایەن فارسەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، و لە جەنگی گوڵاڵەدا، لە داگیرکاریی فارسەکانەوە دەکەوێتە ژێر داگیرکاریی عەرەبەکان. عەرەبەکان بەشانازییەوە باس لە جەنگی گوڵاڵە دەکەن (معرکە جلولاء)(٦٣٧ ز) چونکە ئەوان توانییان بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە بێنە ناوچەکە، و تاوەکو ئەمڕۆ ماونەتەوە کە ژمارەی زۆرینە پێک دێنن لەناوچەکە. کەوتنی گوڵاڵە بەھۆی کەوتنی فارسەکان بوو لە شەھرەبان (المقدادیە). عەرەبەکان بە گرتنی مەدائن و شەھرەبان و گوڵاڵە توانییان لەشکرکێشیەکەیان پەرە پێ بدەن بەسەرکردایەتیی عومەری کوڕی خەتاب تاوەکوو تەواوی خاکی کوردستان. ئیبن مستەوفی ئاماژە بەوە دەکات کە گوڵاڵە بڕبڕەی فارسە سەفەوییەکان بوو، بە لەدەستدانی نەیانتوانی لە ھیچ شوێنی تر خۆیان بگرنەوە. شارۆچکەی گوڵاڵە وەک ئەوەی کە ئێستا ھەیە دەگەڕێتەوە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، چونکە لەدوای جەنگی گوڵاڵە شارەکە چۆڵ کرا. کوردەکان ئەوەندە کەس و کاریان تێدا کوژرا جارێکی تر نەگەڕانەوە بۆی چونکە مێژوویەکی تاڵیان ھەبوو لەم شوێنە، تاوەکو بیستەکانی سەدەی ڕابردوو کە ئینگلیزەکان ھاتن عێراقیان داگیرکرد؛ ھێڵی شەمەندەفەری نێوان بەغدا و کەرکووکیان دامەزراند، و گوڵاڵە وەک وێستگەیەکی گەورەی دابەشکاری شەمەندەفەرەکان دەست نیشان کرا. جگە لە ھەبوونی نەوت لەناوچەکە، بەمە قۆناغ بە قۆناغ خەڵک خانوویان لە نزیکی وێستگەکە دروست کرد؛ بەتایبەت ئەو کرێکارانەی کە لە وێستگەکە کاریان دەکرد لەگەڵ کرێکارەکانی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی نەوت.

بەم شێوەیە جووتیارە کوردەکانی دەوروبەر بەمەبەستی ھەلی کار ڕوویان لەشارەکە کرد، پاشان جوولەکەکانی خانەقین، کەرکووک و فەیلییەکانی بەغدا بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانیان و ھەلی کاری زیاتر ھاتن. ئینگلیزەکانیش زیاتر گرنگییان بە شارەکە دا بەھۆی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان.

لە ساڵی ١٩٥٨، گوڵاڵە وەک ناحیەیەک سەر بەقەزای خانەقین دەستنیشان کرا، بووە شارێکی فرەئایین و فرەنەتەوە، ئەمیش بەھۆی ھەبوونی ھەلی کاری زۆر.

پاشان لە ١٩٦١ بەنداوی دەربەندیخان دروست کرا بەمەبەستی پاراستنی شارەکە و تەواوی ناوچەکە لە لافاوی ڕووباری سیروان، وە حکومەتی میری بەنداوی حەمرینی دروست کرد؛ بەمە گوندنشینە عەرەبەکانی خوار حەمرین و مقدادیەی ئەمڕۆ بە بیانووی قەرەبووی گوندە لەدەستچووەکانیان گواسترانەوە بۆ شارەکە، و ئەم ھەنگاوەیش بە ھەنگاوی یەکەمی بەعەرەبکردنی شارەکە دادەنرێت.

جوگرافیا دەستکاری

ڕووبەری شارۆچکەی گوڵاڵە (٤٦٧ کم دووجایە) کەوتۆتە بەری ڕۆژاوای خانەقین بە دووریی ٣٢ کم، ڕووباری سیروان کەوتۆتە خۆڕھەڵاتی، و زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمان. شارۆچکەی گوڵەجۆ کەوتۆتە باکوری، وە قەرەتەپە لە ڕۆژاوایەتی، لەباشووریش شارۆچکەی قزرەباتە (سەعدیە)، و ھەروەھا ناوچەکانی کێوی دراوشکە، ئاوزەژ، و مەرجانە نزیکیەتی.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ نجم عبداللە عباس، الجغرافیة السیاسیة لجلولاء، موقع خانقین الالکترونی www. khanaqin.com: الثلاثاء 25/6/2010.