جیاکاری بەرامبەر بە ئافرەتانی دووگیان

پەڕەی ڕوونکردنەوەی ویکیمیدیا

جیاکاری بەرامبەر بە ئافرەتانی دووگیان (سکپڕ) جۆرێکە لە جۆرەکانی جیاکاری پیشەیی کاتێک ئافرەتان دووچاری دەرکردن، دانەمەزراندن لە کار یان جیاکاریی دەبنەوە بەھۆی سکپڕی یان ویستیان لەسەر سکپڕی. جۆرە باوەکانی جیاکاری دووگیانی بریتییە لە (دانەمەزراندن لە کار بەھۆی ڕووکاری سکپڕی ئاشکرا و دیارەوە، دەرکردن لە پیشەکانیان دوای ئاگادارکردنەوەی خاوەن ئیش لە دووگیانی کەسەکە، دەرکردن لە کار دوای مۆڵەتی دایکایەتی یان کەمکردنەوەی مووچە بەھۆی دووگیانییەوە) (ڕێکەوتنامەی نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی جیاکاری دژی ئافرەتان - Convention on the Elimination of all Forms of Discrimination Against Women - CEDAW)ی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەموو جۆرە لەکار دەکردن و دوورخستنەوەیەک قەدەغەدەکات کە ھۆکارەکەی دایکایەتی یان دووگیانی بێت و ھەڵدەستێت بە دڵنیابوونەوەی مافی مۆڵەتی دایکایەتی یان قەرەبووی کۆمەڵایەتی ھاوشێوە.[١] ھەرچەندە ئافرەتان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ھەندێک لە پشتگیری و پارێزگارییان پێ بەخشراوە بەھۆی (یاسای جیاکاری دووگیانی ١٩٧٨)ەوە بەڵام یاساکە لە توانایدا نەبووە بە تەواوی دیاردەکە بنبڕبکات.[٢] ھەمواری دەستووری ئەمریکا بە ناوی (ھەمواری مافە یەکسانەکان) دەتوانێت یەکسانی ڕەگەزیی پتەوتر بچەسپێنێت و دڵنیاببێتەوە کە ئافرەتان و پیاوانیش دەتوانن لە ھەمان کات دا ھەم کار بکەن ھەم منداڵیان ببێت.[٣]

پاڵنەرەکان دەستکاری

خاوەنکارەکان جیاکاری بەرامبەر بە ئافرەتانی دووگیان دەکەن بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە، ئەوانیش بریتیین لە:

  • پێشدادوەری بەرامبەر بە ئافرەتان و دایکانی فەرمانبەر.
  • ترسی لەدەستدان و کەمبوونەوەی ئاستی بەرھەم بەھۆی نەھاتن و ئامادەنەبوونی کارمەندێکەوە.
  • نەبوونی سەرچاوەی شیاو بۆ دانانی کارمەندی کاتی یان دابینکردنی داھاتی زیادە بۆ ئەو کارمەندانەی لە جێگەی کارمەندە ڕۆیشتووەکە کاردەکەن و ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.
  • ئەو باوەڕەی کە تەنانەت دوای گەڕانەوەی کارمەندەکە لە مۆڵەتەکەی، پێویستی بە ئامادەکاریی و ڕێکاریی زۆر ھەیە.
  • ترس لە کەمبوونەوەی قازانج بەھۆی کەمبوونەوەی بەرھەمەوە یان بەھۆی زیادبوونی نرخی بەرھەمەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستکاری

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لە ساڵی ١٩٧٨ەوە، خاوەنکاران بەپێی یاسا دەبێت ھەستن بە دابینکردنی (بیمەی تەندروستی، مووچە لە کاتی مۆڵەت دا لەگەڵ ھەر پشتگیرییەکی دیکە کە مافی کارمەندی ئافرەتانی خاوەن مۆڵەتی تەندروستی یان کەم ئەندامی بێت) لەگەڵ ئەوەی زیاد لە ٧٠٪ ئەو ئافرەتانەی لە ھێزی کاردان خاوەنی منداڵن بۆیە دیاردەی جیاکاری دووگیانی یەکێکە لە خێراترین جۆرەکانی جیاکاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا و لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دیاردەکە نزیکەی ٦٫٥٪ ی ھەموو دۆسیە یاسایییەکانی جیاکاری پێکدەھێنا کە تۆمارکرابوون. بۆ ئەم مەبەستە (ئەنجومەنی دەرفەتی پیشەی یەکسان - Equal Employment Opportunity Commission - EEOC) ھەڵدەستێت بە نێوەندگیری کردن لەنێوان کارمەندان و خاوەنکارەکان دا و تەنھا لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دەزگاکە ٤٬٩٠١ داوای بەڕێوەبردووە کە بڕی قەرەبوو و پێژماردنە دارایییەکان لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە جیاوازەکانەوە گەیشتووەتە ١٠٫٤ ملیۆن دۆلار.

لە ساڵی ١٩٧٨دا کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان ھەستا بە پەسەندکردن و تێپەڕاندنی (یاسای جیاکاری دووگیانی) لە ھەموارێکی بەشی جیاکاری ڕەگەزی بوو لە (یاسای مافە مەدەنییەکان ١٩٦٤).[٤]

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢دا، بەرنامەی بیمەی (مۆڵەتی مووچەی خێزان - Paid Family Leave - PFL)ی ویلایەتی کالیفۆرنیا ھەڵدەستا بە فراوانکردنی مەودای قەرەبووی کەسانی کەمئەندامی بێکار بۆ گرتنەوەی ئەو کەسانەشی کە مۆڵەت وەردەگرن بەمەبەستی بەخێوکردنی منداڵێکی ساویلکەی تازەلەدایکبوو. ئەم بەرنامەیە ئەو جۆرە کارمەندانە دەگرێتەوە کە ھەڵدەستن بە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی خۆیان، منداڵی تۆمارکراو لە ھاوسەرەکانیان یان منداڵی ھەڵگیراوە.

چەندەھا شار و ویلایەتی جیاواز لە وڵاتەکەدا ھەستاون بە تێپەڕاندنی یاسای زیادە بەمەبەستی پاراستنی کارمەندانی دووگیان. لە ساڵی ٢٠١٤دا شاری نیوۆرک ھەستا بە دەرکردنی (یاسای یەکسانی کرێکارانی دووگیان - Pregnant Workers Fairness Act) کە بەرپسیارێتی دەخاتە سەر خاوەنکاران ھەستن بە پێشکەشکردنی ڕێکار و ڕێوشوێنی گونجاو کە شیاوبێت لەگەڵ پێویستییەکانی دووگیانی کارمەندەکە کە ڕێخۆشکەر دەبێت لە ئاسانکردنی شوێن و بارودۆخی کارەکە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واشنگتۆنی پایتەخت ھەستا بە پەسەندکردنی (یاسای یەکسانی لە پارێزگاریکردنی کرێکارانی دووگیان - Protecting Pregnant Workers Fairness Act) کە لە ڕێکەوتی ٣ی ئازاری ٢٠١٥ەوە دەچووە بوار جێبەجێکردنەوە [٦] و دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ دا بەھەمان شێوە ویلایەتی ماسەچوستز ھەمان کاری ئەنجامدا لەڕێی (یاسای یەکسانی کرێکارانی دووگیان - Pregnant Workers Fairness Act)ەوە و لە ڕێکەوتی ١ی نیسان ٢٠١٨ یاساکە دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination against Women, Article 11
  2. ^ Byron, Reginald; Roscigno, Vincent. (2014). "Relational Power, Legitimation, and Pregnancy Discrimination." Gender & Society 28(3): 435-462. http://journals.sagepub.com/doi/abs/10.1177/0891243214523123
  3. ^ Neuwrith, Jessica (2015). Equal Means Equal. New York, Ny: The New Press. p. 34. ISBN 978-1-62097-048-5.
  4. ^ Bernstein, Robert; Goldberg, Jerrold; Klein, Zachary; Slocum, Michael (11 October 2013). "New York City Extends Human Rights Law to Pregnant Women with 'Pregnant Workers Fairness Act'". The National Law Review. Retrieved 25 April 2015.