جوگرافیای شاری

(لە جوگرافیای شارەوە ڕەوانە کراوە)

توێژینەوەی جوگرافیایی فەزای شار و شێوەی هەبوونی شارەکانە و جوگرافیای شار، لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بە شوێن و ناوچە شارییەکانە و وەکوو لقێکی جوگرافیای مرۆڤی لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ دەرکەوت و بە خێرایی ناوبانگی ئەم بەشە پەرەی ستاند و گەشەی کرد. لە کۆتایی ساڵانی١٩٧٠، جوگرافیای شار بەشێکی پسپۆڕیی پێشەنگ لە ئەنجومەنی جوگرافیناسانی ئەمەریکا بوو کە دامەزراوەیەکی پسپۆڕانی جوگرافیایە. جوگرافیای شار تا کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ پێگەی خۆی پاراست، تا ئەو کاتەی بواری سیستەمی زانیاریی جوگرافی بە خێرایی گەشەی کرد و ژمارەیەکی زۆر لەم بوارە، پسپۆڕی خۆیان تۆمار کرد.

شاری نیۆیۆرک یەکێک لە گەورەترین ناوچە شارییەکانی جیهان

جوگرافیای شار، دوو تەوەری گرنگی لێکۆڵینەوەی هەیە: یەکەم لەسەر شێوازی بڵاوبوونەوەی ناوچە شارییەکان و پەیوەندی ئەوان لەگەڵ یەکتر جەخت دەکاتەوە. کریستالەر بیردۆزی شوێنی ناوەندیی(Central Place) بۆ ناوچە شارییەکانی لەم بوارە داناوە. لە بیردۆزی شوێنی ناوەندی، شوێنەکان(شار و گوند)، بۆ دەستنیشان کردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر لە سیستەمێکی پلە بەرزبوونەوە(زنجیرە قۆناغ – Hierarchy) ڕێکخراون و لێیان دەکۆڵدرێتەوە. دووهەمین تەوەری توێژینەوەی جوگرافیای شار، سەرنج دەداتە شێوازەکانی بڵاوبوونەوەی ناو شار و ناوچە شارییەکان؛ واتە لێکدانەوە و شیکردنەوەی بیچم و فۆڕمی ناوەندە شارییەکان و کردی(Function) ناوخۆیی ئەم ناوەندانەیە. سێ مۆدێلی پێکهاتەی شار(Urban Structure)، نموونەیەکن بۆ تەوەری لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای شار:

١- مۆدێلی بازنەی تاک ناوەند

٢- مۆدێلی کەرتی

٣- مۆدێلی چەند ناوکی

ئەم سێ مۆدێلە، شێوە جیاوازەکانی پێکهاتەی ناوخۆیی ناوچە شارییەکان پێناسە دەکەن. خوێندنەوە و توێژینەوەکانی جوگرافیای شار بە شێوەیەکی نزیک لەگەڵ بواری نوێی بیردۆزی شوێنی(Location Theory) پەیوەندییان هەیە، و ئەمەش بوو بە پێگەیەکی گرنگ بۆ بەکارهێنانی مۆدێلە ئاماری و بیرکارییەکان لە سەردەمی شۆڕشی چەندایەتی(Quantitative Revolution) لە جوگرافیای شار.

سەرچاوە دەستکاری

Pitzl, Gerald R. (2004), Encyclopedia of Human Geography, Greenwood Press; USA.