بەکارھێنەر:ZheenCenter/خۆڵەپەتانێ
ئەمین فەیزی (لەدایکبووی ١٨٦٢ - مردووی ٦ی ئایاری ١٩٢٩) کەسایەتی نووسەر و سیاسیی کورد بوو. ئەو ئەندامی ئەندامی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان. ئەو لە گۆڤارەکانی ژین و کوردستان نووسیویەتی.
سەرەتای ژیان
دەستکاریئەمین فەیزی کوڕی دەروێش عەبدولقادرئاغای مستەفائاغا و برازای حسکەی وەستای چەخماخساز و دروستکەری تفەنگی حسکەیە، لە ساڵی ١٨٦٢ لە سلێمانی چاوی بە دنیادا هەڵێناوە. لە سێچوار ساڵیدا، کەوتووەتە ناو ئاگر و هەردوو پێی سووتاوە. پاشتریش جارێکیتر لنگی ڕاستی تا ئەژنۆی لە قڵپبوونەوەی لامپادا سووتاوە. هەر بە منداڵی، ئەسپ پێی پێداناوە و ئازارێکی قورسی داوە.
بچووک بووە کە قورئانی خەتمکردووە. لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا لە ڕوشدییەی موڵکیی سلێمانی تووشی گرانەتێ هاتووە. لەبەرئەوە ساڵێکیتر لە هەمان پۆل خوێندوویە. مامۆستایان، شێخ عەبدولەتیف ئەفەندی و شێخ نەسیم ئەفەندی -بە قسەی خۆی- کارێکی زۆریان تێکردووە. تا ١١-١٢ ساڵی، براکانی مردوون و ئەمەیش دیسان کارێکی خراپی تێکردووە.
خوێندنی سەربازی
دەستکاریڕۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ١٨٧٥، گەواهینانەی سەرەتاییی وەرگرتووە و چووەتە بەغدا، لە ئەعدادیی عەسکەری قبووڵکراوە. لەبەر هەستکردنێکی زۆری بە غەریبی، لە دوادوای یەکەم ساڵدا نێردراوەتەوە بۆ سلێمانی و پاش ٣-٤ مانگ گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا. لە پۆلی سێیەمدا یەکەم بووە. لە پۆلی چوارەمدا جارێکیتر نەخۆشکەوتووە و چەند مانگێک لە خوێندن دواکەوتووە.
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ١٨٧٩ بە ڕێگەی حەڵەبدا ڕوویکردووەتە ئەستەمووڵ. لە موهەندیسخانەی قوتابخانەی ئیستیحکام و تۆپچێتی وەرگیراوە. لەوێ دوچاری نەخۆشیی کەمخوێنی بووە و لە نەخۆشخانە کەوتووە. ٢ی تەممووزی پلەی مولازمی یەکەمی بەدەستهێناوە. کە بۆ هەواگۆڕکێ چووەتە بەغدا، بووە بە مامۆستای عیلمیحاڵ و زمانی عوسمانی لە ڕوشدییەی عەسکەریی بەغدا. هاوینی ئەو ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. (١٨/٥/١٨٨٦) پلەی یووزباشی (نەقیب)ی دراوەتێ. جارێکیدی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەسەر دەستی مەلا وەسمان تەریقەتی نەقشبەندیی وەرگرتووە و پاشتر شیعریشی بۆ نووسیوە. تا (١٨٨٩) درێژەی بە مامۆستایەتی داوە و دەرسی قەواعیدی عوسمانیی داداوە. تا تشرینی دووەمی (١٨٩٠)یش دەرسی حیساب و جوگرافیای لە ڕوشدییەی موڵکییە گوتووەتەوە. (١٨٨٩) کچی نەقیبی بەغدا، سەلمان عەلیی هێناوە، بەڵام ژیانی خێزانیی هەر سێ مانگ بەردەوامبووە و دەستی لێهەڵگرتووە.
نووسین و مامۆستایی
دەستکاریبە دوو کتێبی »هوای نسیمی«-١٣٠٨ (١٨٩٢) و »اجمال نتایج«-١٣٠٨ دەستی بە نووسین کردووە. (٢٦/٤/١٨٩٢) بە پلەی قولئاغاسی (ڕائید) کراوە بە بەڕێوەبەری ڕوشدییەی عەسکەریی بەغدا، بە ڕێگەی سینۆپ، سامسوون (لە دەریاوە)، ئاماسیە، سیواس، مەڵاتیە، خەرپووت، دیاربەکر (بە ئوتومبیل) و مووسڵ (بە کەڵەک)دا چووەتەوە بۆ بەغدا. (١٨٩٥) عەبدولفەتاحی برای، کە قوتابیی مەکتەبی حەربییە بوو، لە ئەستەمووڵ مردووە و ئەمە زۆر کاری تێکردووە. (١٨٩٦) ماڵی لە گەڕەکی فەزڵ بووە. (١٥/١٠/١٨٩٧) بووە بە بینباشی (موقەدەم)ی لیوای تۆپخانەی بەغدا. تا ١٩٠٢ کاروباری بەڕێوەبردنی ئەو لیوایە و ڕوشدییەی عەسکەریی ڕاپەڕاندووە. لە قوتابخانەی کلدانیش، دەرسی عوسمانی و ماتماتیکی هەبووە. سێ ساڵ دەرسی فەننی مەکینە و موهەندیسی، ساڵێک دەرسی مێژوو و فەڕەنسزی، پێنجشەش ساڵ دەرسی قەواعیدی عوسمانیی گوتووەتەوە. (٤/١٠/١٩٠٢) بە بڕیاری دەستەی مەعاریف بووەتە مامۆستای زمانی تورکی لە ئەعدادیی موڵکییە. لەبەر دڵسۆزیی، چەند جارێک خەڵاتکراوە، نیشان و مەدالیای وەرگرتووە.
دوادوای ١٩٠٤ چووە بۆ حەج، هەرچەندە شێخ ڕەزای تاڵەبانی هانیداوە نەچێ. (١٠/١١/١٩٠٤) لە بەغداوە بەڕێکەوتووە. لە بەسڕە بە کەشتی چووەتە بۆمبای و پاشان هەرێمی قەرەچی. ئەمجا بە کەشتییەک ڕوویکردووەتە جددە. پاش حەجکردن، چووەتە پۆرسەعید، بەیرووت، یافا، زیارەتی مزگەوتی ئەقسا، خەلیلوڕەحمان، بەیتەلەحم، شام. نزیکەی ساڵێک لە شام ماوەتەوە و (٣/١١/١٩٠٦) گەیشتووەتەوە بەغدا. (٣٠/٩/١٩١٠) بووە بە قوماندانی لیوای ٣٥هەمی تۆپخانە و چووەتە ئەستەمووڵ و نزیکەی حەوت مانگی لێماوەتەوە. ئەو ماوەیە »شعاعات« و »تفرقە ریاضیە«ی لەچاپداوە. پاش گەڕانەوە بۆ بەغدا، چووەتە مووسڵ بۆ پێکهێنانی لیوای تۆپخانە وەک وەکیلی فیرقەی ٣٥هەمی ئۆردووی ١٢هەم. (٢٤/١١/١٩١٢) بە بڕیاری ژمارە ٥٥٦ لە وەزیفە دوورخراوەتەوە. هەموو پەڵپگرتنێکی لەو بڕیارە، بێهوودە بووە. تا پلەی میراڵای بەرزبووەتەوە و (٢٤/٥/١٩١٣) بە مووچەی ٢٥٢٢ قرۆش خانەنشینبووە. (٢٨/٤/١٩١٤) ویلایەی مووسڵی بەجێهێشتووە. بە حەڵەب و بەیرووتدا چووەتە ئەستەمووڵ.
(١٣/٧/١٩١٤) کەوتەڕێ بە ئەدرنە، سۆفیا، ئالەکسنجاق، نیش، بەلگراد، بوداپێستدا (١٦/٧/١٩١٤) گەیشتە ڤیەننا. پاش سیازدە ڕۆژ ڕوویکردە پاریس. کە لەوێ بووە، یەکەم جەنگی جیهانی قەوماوە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەمووڵ و (٢٦/٨/١٩١٤) گەیشتووەتە جێ. بە داوای خۆی بەشداری جەنگ بووە. تا دوادوای ١٩١٤ هەر لە ئەستەمووڵ ماوەتەوە و لە مارتی ١٩١٥دا چووەتە حەڵەب و ئەمجا بەیرووت. ساڵێک لە حەڵەب گیرساوەتەوە و (١٥/٥/١٩١٦) چووەتە مووسڵ. مایسی ١٩١٨ گەڕاوەتەوە بۆ حەڵەب و سێچوار مانگی لێماوەتەوە. پاشان ڕوویکردووەتە ئەستەمووڵ. ٢٣/١١ چووەتە قۆنیە و بەهاری ١٩١٩ چووەتە ئەستەمووڵ. لە گەڕەکی مەحموودپاشا، خانی باڵتەجی هۆدەیەکی بەکرێگرتووە و پاشماوەی ژیانیی تێدا بەسەربردووە.
ئەمین فەیزی، ئەندامی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بووە و لە »ژین«، »کوردستان« و »ترجمان حقیقت«دا نووسیویە.
مردن
دەستکاریئەمین فەیزی لە ٦ی ئایاری ١٩٢٩ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا، لە خانەی پیرانی ئەستەمووڵ سەرینایەوە و گۆڕی لە نزیکی تەکیەی خوارووی مەیدانی قاسمپاشایە.
بەرهەمەکان
دەستکاری- لغتچەسی ضروب أمثال فرنسوی، قصبر مطبعەسی، استانبول، ١٣٠٨
- هوای نسیمی، اختر مطبعەسندە طبع اولنمشدر، استانبول، ١٣٠٨
- اجمال نتایج یاخود مخطرەء فنون اعدادیە، قرەبت مطبعەسی، استانبول، ١٣٠٩
- علم و ارادە: مادیون مذهبنک ردینی محتویدر، نجم استقبال مطبعەسی، ١٣٢٤
- تفرقە ریاضیە، شرکت طبیە مطبعەسی، استانبول، ١٣٢٧
- شعاعات، قشان-بابکیان مطبعەسی، درسعادت، ١٣٢٨
- ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد، چاپخانەی تەرجومانی حەقیقەت، ئەستانبووڵ، ١٣٣٩
- أثر حیات فیضی، نجم استقبال مطبعەسی، استانبول، ١٣٤٠
- علاوەی شعاعات، نجم استقبال مطبعەسی، استانبول، ١٣٤١.
لەچاپنەدراون
دەستکاری- حیوانات مائیە
- شئون کردستان
- طوپجو جوزدانو
- گرفیک تعلیم و تربیە پروغرام
- یاخود وظیفە خریطەسی، ١٣٢٩
- وەسێتنامەیێکی دەستنووسیشی لەپاشبەجێماوە.[١]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ گۆڤاری کوردستان ١٩١٩-١٩٢٠، ئەستەمووڵ، ئامادەکردنی سدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٢٠-٢٢