شنەی ئازادی، گرووپێکی تێلێگرامییە، [١] هەوڵ دەدا پەرە بە وتارە سەرەکییەکانی ویکیپیدیا بدات و هەروەها بەکارهێنەرانی نوێ فێری نووسین لە ویکیپیدیا بکات.
«
|
ئێمە مەلین:
بە قەفەسەوە ھەڵدەفڕین،
مرۆڤین و
بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین،
شاعیرین و
بە چەکەوە گوڵ دەنووسین.
شەڕ نەیھێشتووە بە لاوی دڵداری بکەین،
ڕەنگە لە سەردەمی پیری
لە پیرێژنێکی جیرانمان، ماچێکی حەرام بفڕێنین؛
گوللە نەیھێشتووە چریکەی بولبولێکمان گوێ لێ ببێ،
ڕەنگە لە ئاگربەسێکدا بۆ نەواری دەنگی بولبولێک
گوێ ھەڵخەین؛
دووکەڵ نەیھێشتووە گوڵ بۆن کەین
ڕەنگە بەناچاری، عەتر
بەسەر گوڵە نایلۆنییەکاندا بپژێنین....
خۆ من ناڵێم، شێعر دەڵێ:
چەکی نێو دەستی پێشمەرگە
ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە
گەر داینێ لە برسان دەمرێ.
خۆ من ناڵیم، شێعر دەڵێ:
فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە
-کاکڵە گوێزە-
فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ.
خۆ من تاوانێکم نییە
شێعر پرسیارم لێ دەکا:
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی،
نیشتمان، زیندانی گشتی،
ڕۆژئاوا، تاراوگەیەکی ھەمیشەیی
ئەتۆ کامیان ھەڵدەبژێری؟
ئێمە گەڵاین
ھەر بە سەوزی ھەڵدەوەرین؛
مناڵین و
ھەر لە لاویدا پیر دەبین.
جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.
جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین»
کاتێ دەمبیست بەتاو ھەڵدەھاتمە شەقام،
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!
مارف ئاغایی
|
»
|