بەرزەجێبوون (ئایین)

لە فەلسەفەی ئاییندا، بەرزەجێبوون یا بەرزنشینی[١] (بە ئینگلیزی: transcendence؛ بە عەرەبی و فارسی: تعالی) ئاماژە بەو لایەنە لە زات یا ھێزی خوا دەکا کە بەتەواوی لە دنیای ماددی و یاسا فیزیکییەکانی دابڕاوە و لە ئەوپەڕیانەوە جێی گرتووە. بەرزەجێبوون یا بەرزنشینی پێچەوانەی «نێونشینی»یە کە تێیدا دەوترێ خوا لە جیھانی فیزیکیدا حازرە و مەخلووقەکانی بە شێوەگەلی جۆربەجۆر دەستیان دەگاتێ.

ھەندێ کەسیش دەڵێن لە ئەزموونە ئایینییەکانی خۆیاندا بە حاڵەتێکی تایبەت لە «بوون» دەگەن کە تێیدا سنوورەکانی واقیعی فیزیکی دەبەزێنن و بەستراوی و ھەڵواسرانی خۆیان بە جیھانی ماددییەوە دەپچڕێنن، ئەو حاڵەتەش ھەر بەرزبوونەوە یا بەرزنشینیی پێ دەڵێن. گوایە ئەمە بەتایبەت لە دۆعا و نزا و نوێژ و تێڕامان و بیناو (کەشف و شوھوود)دا خۆ نیشان دەدات.[٢]

ئایینە ئیبراھیمییەکانی وەک ئیسلام و مەسیحییەت و جوولەکایەتی تێکڕا خوا بە پاک و بەرزەجێ (منزه و متعالی) دەزانن، بەو مانایە کە لە جیھان و ھەموو ئەو شتانەی کە تیایا دەژین بەرزترە.

سەرچاوە دەستکاری

  1. ^ بەرامبەر بە transcendence: سەجادی, بەختیار. فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. ماڵی وەفایی.
  2. ^ "Transcendence (religion)", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2023-07-24, retrieved 2023-11-14