بەردی زراو (بە ئینگلیزی: Gallstone) یەکێکە لە نەخۆشیەکانی تورەگەی زراو کە تێیدا بەرد لە ناو تورەگەی زراو لە پێکھاتەکانی زەرداو دروست دەبێت. زۆربەی خەلکی توشبوو بە بەردی زراو (نزیکەی ٨٠٪) ھیچ نیشانەیەکی ئەو نەخۆشیەیان نیە. تورەگەی زەرداو بەشێکی کۆئەندامی ھەرسە دەکەوێتە ژێر جگەر، فەرمانی لە خۆگرتن و عەمیارکردنی ماددەی زەرداوە، کە لە کاتی پێویست دەریدەدات بۆ یارمەتی ھەرس کردنی چەوری. کاتێک بەردەکانی زراو رێرەوەکانی زراو دەگرن، ھەندێک جار دەبێتە ھۆی دروست بوونی ژانەسکی لەناکاو لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک. . ئەمەش ساڵانە لە ١–٤٪ ی نەخۆشەکانی زراو دەردەکەوێ. ماکەکانی بەردی زراو بریتیە لە ھەوکردنی کیسەی زراو (cholecystitis) , ھەوکردنی پەنکریاس (pancreatitis) , زەردوویی (jaundice) و ھەروەھا ھەوکردنی رێرەوەکانی زراو (cholangitis). نیشانەکانی ئەو لێکەوتانە بریتیە لە ژانە سک بۆ ماوەی درێژتر لە پێنج کاتژمێر، تا، زەردوویی، ڕشانەوە، تۆخبوونی میز، و کاڵ بوونی رەنگی پیسایی.

ھۆکارەکانی زیاد بوونی مەترسی بەردی زراو بریتیە لە: بەکار ھێنانی حەبی کۆنترۆڵی لەدایکبوون، دووگیانی، بۆماوەیی لە ھەبوونی نەخۆشی بەردی زراو، قەڵەوی، شەکرە، نەخۆشی جەرگ، و خێرا دابەزاندنی کێش. بەردی زراو لە کۆلیستڕۆڵ , زەرداو، خوێ و بیلیروبین (bilirubin) پێک دێت. خواردنی تەندروستی پڕ لە ڕیشاڵ و پاراستنی کێشی لەش لە رێگەی وەرزش کردن مەترسی دروست بوونی بەردی زراو کەم دەکەنەوە. کاتێک ھیچ نیشانەیەکی ئەو نەخۆشیە نەبێت ئەوا پێویست بە چارەسەر ناکات. بەڵام بۆ ئەوانەی کە ژانیان ھەیە نەشتەرگەری لابردنی تورەگەی زراو ھەندێکجار پێویستە. ئەو نەشتەرگەریەش لە رێگەی چەند برینێکی بچووک یانیش لە رێگەی برینێکی گەورە و بە بەکارھێنانی سڕکردنی گشتی ئەنجام دەدرێت. لە دوای نەشتەرگەری بە گشتی ئەنجامەکە باش دەبێت. لەو کاتانەی کە نەشتەرگەری ناتواندرێت ئەنجام بدرێت ئەوا ھەندێک دەرمان بەکار دێت بۆ شکاندن و توانەوەی بەردەکە. بەڵام نەخۆشەکە دەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵیک دەرمانەکە وەرگرێت .

لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا ١٠–١٥٪ ی گەورەکان تووشی بەردی زراو بوون. بەڵام ئەم تێکڕایە لە ئەفریقیا کەمترە تا ڕادەی ٣٪. لە ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ١٠٤ میلیۆن کەس (١٫٦٪) تووشی نەخۆشیەکانی زەرداو بوون کە بە ھۆیەوە نزیکەی ١٠٦٬٠٠٠ مردن. ڕەگەزی مێ زیاتر تووشی بەردی زراو دەبن لە نێر، و بە گشتی لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی دەبێت. کەمی ھۆڕمۆنی خەو (مێلاتۆنین) بەشداری دەکات لە دروست بوونی بەردی زراو، لەبەر ئەوەی دەردانی کۆلێستڕۆڵ لە ناو تورەگەی زراو کەم دەکاتەوە.

نیشانەکاندەستکاری

گرنگترین نیشانەی بەردی زراو بریتی یە لە ژانە سک، کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای راستی سک، بەشێوەیەکی گشتی کاتی خواردنی چەوری دوای نزیکەی ١–٢ کاتژمێر دەست پێدەکات، ھەندیک جار ژانەکە دەگوازێتەوە شانی راستی نەخۆشکە، ئەگەر تورەگەی زراو تووشی ھەوکردن بێت ئەوکات ھێڵنج و رشانەوەی لەگەڵ دەبێت، ھەروەھا نەخۆش پلەی گەرمی لەشیشی بەرز دەبێت. وە ئەگەر رێرەوەکانی زەرداویش گیران بە ھۆی خزانی بەردەوە ئەوا نەخۆش تووشی زەردوویی دەبێت.

دەشتنیشانکردندەستکاری

نیشانە کلینیکیەکان بەشێکی گرنگی دەستنیشان کردنە، ھەندێک لە پشکنینی خوێن دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت وەکو رێژەی خرۆکە سپیەکان و ماددەی بلوروبین لە خوێن. سۆناری سک یەکێکە لە ئامرازە ھەرە گرنگەکانی دەست نیشان کردن، کە تییدا رێژەی ئەستووری دیواری توورەگەی زەرداو و قەبارەی توورەگەکە و ژمارە و قەبارەی بەردەکان و ھەروەھا تیرەی رێرەوی سەرەکی زەرداوی دەست نیشان دەکرێت.

دەستنیشان کردنی نەخۆشی بەردی زراو زۆرجار لەڕێگەی سۆناری سک دەبێت، ھەندێک جار ڕێگەی تریش بەکار دێت. دەکرێ ھەندیک لە لێکەوتەکانی بەردی زراو لەڕێگەی پشکنینی خوێن دیاری بکرێت. بەردی زراو کە ١٫٩ سم دەبێت، کە دەبێتە ھۆی ھەوکردنی کیسەی زراو، دەتواندرێت لە سۆناردا ببیندریت. ھەندێکجار (٢٠٪) بەردی زراو لە تیشکی ئێکسی ئاسایی دەردەکەوێت .

چارەسەردەستکاری

لە کاتی ھەورکردن نەخۆش پێویستە بخەوێندرێت لە نەخۆشخانە و دەرمانی دژەبەکتریا وەربگرێت، نەشتەرگەری بە ناخبین (نازوور) باشترین چارەسەرە بۆ ئەوانەی ژانیان ھەیە، ئەگەر نەشتەرگەری نەکرێت، لە وانەیە بەردێک یان چەند بەردێک بخزێنە ناو رێڕەوی سەرەکی زەرداو و نەخۆش تووشی زەردوویی یان ھەوکردنی پەنکریاس بێت، ئەو کات چارەسەری قوڕستر دەبێت.

سەرچاوەکاندەستکاری