باشبوزوق ، هێزێکى سەربازى نانیزامى ناو سوپای عوسمانی بوون . بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەلبان و چەرکەس و کورد پێک دەهاتن بە هەیتەش ناسرا بوون ، بەڵام دواتر هەموو نەتەوەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گرتەوە وەک تەتەرەکانى کریمیا و موسڵمانەکانى ئەوروپا و باکوورى ئەفریقا . هەیتەى باشبوزوق بە نەترس و ئازا ناویان دەرکردبوو ، بەڵام وەک گروپێکی هەڕەمە و دڕندەش بەناوبانگ بوون. کە دەوڵەت بژێوى نەدەدان دەستیان بە تاڵانکردن و راونان و رووتاندنەوەى خەڵکی مەدەنی دەکرد. وشەى تورکى باشى بوزوق başıbozuk بە واتاى سەر شێت یان بێ سەرکردە و نانیزامى دێت.

وێنەى باشبوزوقێکى ئەرنائووت لە میسر سەدەى نۆزدەهەم
کۆمەڵێک لە هەیتەى باشبوزوق، پۆستکارتی عوسمانی
هەیتەى ئەفریقی بە فلچەى ژان لیۆن جێرۆم

بنەچە و مێژوو

دەستکاری

هەرچەندە سوپای عوسمانی هەمیشە نانیزامى و سەربازی ئاسایی لەخۆدەگرت، بەڵام ئەو فشارەی لەسەر سیستەمى دەرەبەگى عوسمانی کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی فراوان بوونى سنوورى ئیمپراتۆریەتەکەوە دروست بوو، پێویستی بە پشتبەستنی زیاتر بوو بە سەربازە ناڕێکخراوەکان . لەلایەن حکومەتەوە چەکپۆش دەکران و پشتیوانى دەکران، بەڵام مووچەیان وەرنەدەگرت و یەکپۆشی و نیشانەی جیاوازیان لەبەردا نەبوو. مووچە و بژێویان زیاتر لەسەر تاڵانکردنى ئەو شوێنانە بوو کە شەڕیان تیا دەکرد. . زۆربەیان بریتى بوون لە هێزى پیادە . سووارەکان بە ئاقنجى دەناسران. بەهۆی کەمى مەشق، توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورەیان نەبوو، بەڵام بۆ ئەرکەکانی دیکەی وەک سیخوڕی و هەواڵگرى و نژدەیی باشبوون . هەر کاتێکیش پشێویان خولقاندبایە دەوڵەتى عوسمانی بە زۆر چەکی لێ دا دەماڵین.

سوپای عوسمانی لەمانەی خوارەوە پێکهاتبوو:

  • سەربازانی ماڵى سوڵتان کە پێیان دەگوترا قاپى قولو / خوڵامى بەر دەرگا ، کە مووچەخۆر بوون، دیارترینیان فەیلەقی یەنیچەری بوو.
  • سەربازى ویلایەتەکان، یان تیمارلى و بە سوارەى سیپاهی دەناسران و سەرپەرشتەکانیان دەوترا جبەلو ( cebelu . واتە چەکدار، پیاوی چەکدار)،
  • سەربازانی هەرێمە ژێردەستەکان، یان هاوپەیمانەکان (گرنگترینیان خاناتى کریمیا/ کریمە )
  • باشبوزوقەکان، کە مووچەی ئاسایییان وەرنەدەگرت و لەسەر تاڵان دەژیان. لە کوردستان پێیان دەگوترا هەیتە و زۆربەیان لە نەتەوەى ئەرنائووت/ ئەلبان یوون . بە سەرکردەکانیان دوگوترا هەیتەباشى. . ناوودەنگیان زۆر خراپ بوو تا ئێستاش لە یادى خەڵکدا ماون. هێزى جەندرمە شوێنگرەوەیان بوو.


وێناکردن لە هونەردا

دەستکاری


سەرچاوەکان

دەستکاری
  • Houtsma، Martijn Theodoor، ed. (1993). E.J. Brill's First Encyclopaedia of Islam 1913-1936 (بە ئینگلیزی). BRILL. ISBN 978-90-04-08265-6.
  • Vizetelly، Edward (1897). The Remininiscences of a Bashi-bazouk. J.W. Arrowsmith.
  • Ottoman warfare, 1500–1700 by Rhoads Murphey. London : UCL Press, 1999.
  • Özhan Öztürk (2005). Karadeniz (Black Sea): Ansiklopedik Sözlük. 2 Cilt. Heyamola Yayıncılık. İstanbul. ISBN 975-6121-00-9.
  • Montgomery, Viscount Bernard (1968). A History of Warfare, The World Publishing Company. ISBN 978-0-688-01645-6.