ئەژنۆ جومگەیەکە، ئێسکەکانی سەرەوە و خوارەوەی قاچی بەیەکەوە بەستووەتەوە. لە جومگەی ئەژنۆدا سێ ئێسکی ڕان، کەشکەژنۆ و بەلەک بەشداری دەکەن، ئەم جومگەیە بە کەپسوولی جومگە، پەردەی سینوڤیاڵ ( لەخۆگری شلەی سینوڤیاڵ) و بەندۆکەکانەوە دەورگیراوە؛ شلەی سینوڤیاڵ دەبێتە ھۆی کەمتر کردنەوەی لێکخشانەکان و ژیواندنی کرۆژنەکانی ناو جومگە. لە جومگەی ئەژنۆدا کۆتایی ئێسکی ڕان و سەری بەلەک جووت دەبن. دوو قوتی لە کۆتایی ئێسکی راندا ھەیە بە ناوی کۆندیل، کە دەنیشنە سەر تەختایی سەری بەلەک.

ئەژنۆ
دیاگرامی جومگ‏‏‏ە‏‏‏ی ئەژنۆ

ئێسکی باریکی لابەلەک لە پێکھاتەی جومگەی ئەژنۆدا بەشداری ناکات. لابەلەک لە ژێر جومگەی ئەژنۆدا سەر بە بەلەکەوە دەنێت و جومگەی بەلەک پێک دێنێت، کە جووڵەیەکی وای نیە.

ناوەکانی تر دەستکاری

چۆک، وژنگ، زرانی، ژنۆ، ھەنگۆڵ، کورک، زانوو، وژینگ، و ورزنگ

بەندۆکەکانی ئەژنۆ دەستکاری

ھەروا کە لە ناوەکەیەوە دیارە بریتییە لە کۆمەڵێک تیسماڵک کە سەری ئێسکەکان پێکەوە دەبەستێ و ناھێڵێ لێک بترازن.دوو بەندۆکی سەرەکی لە دوو لای ئەژنۆدا بریتین لە:

  • بەندۆکی لای دەر(LCL)
  • بەندۆکی لای ناو (MCL)

لە نێو جومگەی ئەژنۆشدا دوو بەندۆکی سەرەکی ھەن کە ئێسکی ڕان بە بەلەکەوە دەبەستنەوە، بریتین لە:

  • بەندۆکی یەکبڕی پێشەوە (ACL)
  • بەندۆکی یەکبڕی پاشەوە (PCL )

بەندۆکە لاییەکان، بەر بە ترازانی ئەژنۆ بەرەو ڕاست و چەپ دەگرن. بەندۆکە یەکبڕەکان کە بە خاچیش دەناسرێن بەر بە ترازانی ئەژنۆ بۆ بەر و دوا(پاش) دەگرن.

منیسکەکانی ئەژنۆ دەستکاری

لە جومگەی ئەژنۆدا دوو جۆر شانەی تایبەت، بە ناوی منیسک ھەن کە دەکەونە نێوان ڕان و بەلەک و بڕێجار بە کرۆژنەی جومگەش ناویان دەبەن ، بەڵام لە ڕاستیدا لە گەڵ کرۆژنەی سەر ئێسکەکان جیاوازن. منیسکەکان لە بەر دوو ھۆ زۆر گرنگن:

  • ١. وەک زەربە گرێک کار دەکەن لە ھەمبەر کێشی لەش و دەبنە ھۆی بڵاو بوونەوەی تەوژمەکەی.
  • ٢. یارمەتی بەندۆکەکانی ئەژنۆ دەدەن لە خۆڕاگری ئەژنۆ.

تۆپێکی خڕ وێنا بکەن کە لە سەر ڕووبەرێکی تەخت دانراوە، تۆپەکە وێنەی کۆتایی ئێسکی ڕانە و تەختاییەکە، سەری ئێسکی بەلەکە؛ منیسکەکان بۆشایی بەتاڵی دەوری ئێسکی ڕان پڕ دەکەنەوە و دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی کێشی لەش لە سەر ئێسکی بەلەک، ئەگەر منیسکەکان نەبوایێن، ئەم تەوژمە لە دوو خاڵدا دەکەوتە سەر بەلەک و دەبووە ھۆی سوان و لەناوچوونی کرۆژنەی سەر ئێسکەکان و ئازاری ئەستەم.

تاندۆن (ڕەفیسکە) و ماسوولکەکانی ئەژنۆ دەستکاری

تاندۆنەکان لە بەندۆکەکان دەچن بەو جیاوازییەوە کە ئەمان سەری ماسوولکەکان بە ئێسکەکانەوە دەبەستن. گەورەترین تاندۆنی لەشی مرۆڤ، تاندۆنی کەشکەژنۆیە

ڕیگاچوون و جوڵەکانی ئەژنۆی ئێمە بە پێکھاتەیەکی جموجووڵەوە بەستراوە، کە بە پێکھاتەی ڕاست کردنەوەی ئەژنۆ دەناسرێت.ئەم پێکھاتە کە لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆدایە پێکھاتووە لە: کەشکەژنۆ، تاندۆنی کەشکەژنۆ، تاندۆنی چوارسەر و ماسوولکەکانی چوارسەر. ماسوولکە چوارسەرەکان ئەو ماسوولکانەن کە لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆدا بە تاندۆنی جوارسەرەوە دەلکێن و لە کرژ بوونەوەدا دەبنە ھۆی ڕاست بوونەوەی ئەژنۆ.

ماسوولکەکانی ھامسترینگ لە پشتەوەی ڕان و بەلەکەوە دەبنە ھۆی نووشتانەوەی ئەژنۆ.

وتاری پێوەندیدار دەستکاری

سەرچاوە دەستکاری

[بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردوو]