هۆزی ئێلیان Êliyan هەندێک جاریش بە ئەلیان ناودەبرێن.

هۆزێکە جاران سەر بە کۆهۆزى زیلان (زیل) بوو و زێدى سەرەکیان دەشتایی نێوان قارس-ئەرزەڕۆمە، هەروەها لە بازید و ئاگرى و درێژایی لێوارەکانى ڕووباری ئاراس (دیوى سنجەقى سورمەلی) و شارورى سەر بە خۆی، لە نەخچەوانی ئازەربایجان و لە یەریڤان (رەوان)ى ئەرمینیا و کەنار دەریاچەی سیڤان و بنار چیاى ئەلەگەز و کە دەبێتە باکوورى ڕۆژهەڵاتی نەخشەى کوردستان .

شاعیرى ناودار ئەحمەد خانی باس لەوە دەکات کە کورد دەبن بە سێ بەرە: بۆختی، مەحمەدی و سلیڤی. (شەرەفخانى بەدلیسی)ش دەڵێت سلیڤی لەناو خۆیاندا بەسەر سێ لق دا دابەش بوونە: زیلان (زیلى)، میلان (ملى) و کوردى ڕۆش (رۆژکان).

لە شەرەفنامەدا، لە بەشی میرنشینى سلیمانی (فارقین)دا لە باسی هۆزەکانى دەڤەرەکەدا ناوى هەشت هۆز دێنێت کە سەر بە (سلیڤی)ن ؛ ئەوانیش: زیلان، بانۆکی، هەوێدی، دلخیران، بوجیان(؟)، بازیان، زختیان و بەرازان.

کوردى ڕۆش لە شەرەفنامەدا ئاماژەیە بە هەندێک عەشیرەتی کورد کە یەکگرتوو نین و هێز و شەرکەریان نییە. بە گوتەی توێژەر و نووسەر ئیبراهیم بۆزکورت، وشەی مل و زیل ئاماژەیە بە سنووری نیشتەجێ بوونى جوگرافی هۆزەکان لە خاکى باکوورى کوردستان ودەڵێت مل (میلان) هاوتایە لەگەڵ ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵات و زیل ئاماژەیە بۆ ئەو هۆزانەى لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ نیشتەجین، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆزەکانی باشووری ڕۆژهەڵات میلین و هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ زیلین. [١]

جەنەڕاڵ و دیپلۆماتکاری ڕووس نیکۆلای نیکۆلایڤیچ موراڤیۆڤ کە لە ساڵی ١٨٤١ دا وەک مەیجەر جەنەراڵ لە بەرەى قارس (باکوورى کوردستان) سەرلەشکر بووە و لە ساڵی ١٨٤٧ حوکمدارى گشتی سیبیریای ڕۆژهەڵات بووە و نازناوى کارسکى ( Karsky ئاماژە بۆ شەڕى قارس) لەلایەن قەیسەرى ڕووسیاوە وەک رێزلێنان پێبەخشراوە، چونکە سەرکردایەتی گرتنی قارسى کردووە لە ساڵی ١٨٥٥دا. ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی (زانیاری ورد لەبارەی هۆزە کوردەکانی ناوچەکە، هێزى چەکداریان، ژممارەی خێزانەکانیان ، سەرکردەکانیان کێن و چۆن دەکرێ لە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەکاربهێنرێن)

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی پێشتر باسمان کرد، ١٠ هۆزی کورد لەناو سنوورەکانی ژێردەسەڵاتى ڕووسیادا دەژیان و ناوی ئەو هۆزەکان بەم شێوەیە بوو: [٢]

1. ڕەدکی (ڕەدکان) 2. جەلالى 3. برووکی 4. ئێزدی 5. میلان 6. جونکی 7. ئێلیان 8. دلخیران 9. جەمالدینى 10. کاسکان

کاتێک لە زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دەکۆڵرێتەوە؛ دەردەکەوێت کە ٤ هەزار بنەماڵەی کوردى کۆچەری لە ناوچەى رەوان (یەریڤان) و قارس و (سەنجاق)دا دەژیان و پێش دەستپێکردنی شەڕ، کوردەکانی پارێزگای یەریڤان (رەوان) لە ناوچەى سەرداراباد دەژیان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەرمینیا (ئێستا بە ئارماڤیر ناودەبرێت)و قەزایەکی سەر بە یەریڤانە، هەروەها لە سنجەقى سورمەلی (سورمالین -سورمالینسکی)، و لە ناوچەى شارور (شارور) لە رۆخ ئاوى ئاراس بە درێژایی سنووری ئازەربایجان /نەخچەوان دەژین و هەندێک جاریش بەهۆی کەمی لەوەڕگەوە ڕوو لە چیای دارىلەیزى نەخچەوان دەکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی " کۆمیسیۆنی تەحدیدى حدود" ، کە لە نێوان ساڵانی ١٨٤٩ بۆ ١٨٥٣ لەلایەن نوێنەرانى دەوڵەتى عوسمانى (دەروێش پاشا)ى سەرۆک و خورشید پاشاى سکرتێر و جەعفەر خانى نوێنەرى دەوڵەتی قاجار (ئێران) ئامادەکراوە ؛ باس لە کۆنفدراسیۆنی هۆزەکانى جەلالی و کۆنفیدڕاڵی زیلان کراوە. دەڵێت کۆنفدراسیۆنی زیلان لە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ ماڵ پێکهاتووە و لە یەکگرتنى ١٩ هۆز پێکهاتووە. لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی " کۆمیسیۆنی تەحدیدى حدود" دا؛ زۆر بە وردیى باس لە شوێنی هۆزەکان دەکات ، ژمارەی دانیشتوانیان، ژمارەی ماڵ یان رەشماڵ و پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچەکە [٣]

بەپێی ڕاپۆرتەکانی " کۆمیسیۆنی تەحدیدى حدود" ; ناوی ئەو ١٩ هۆزەی کە کۆنفیدڕاڵی زیلان پێکدەهێنن بەم شێوەیەن. [٤]

ئێلیان ( Êliyan )، ڕەدکی ، ئایان ، بروکان ، دلخیران ، قەرەچۆرى ، کوردکان ، میلیان (یان میلیڤان) ، گلتوران، ئازیزی ، شێخ بزێنی ، چەکمان ، جەمالدینى ، مۆتان (مۆدان) ، بێزکان ، سەلان ، سوێدان ، قەرەحاجیلەر و هازەکان.

عەشیرەتی ئێلیان هەرگیز پەیوەندی بە کۆنفیدراسیۆنەکانی میلان، هڤێرکان و زندەوە نەبووە، نە بیروراى ئەهلی هەقیان پەسندکردووەو و نە بە زازاکی قسەیان کردووە بەڵکو گشتیان موسڵمانى شافعین و بە کورمانجى دەدوێن.

لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ بۆ ١٨٥٠ دەسبەردارى ژیانى کۆچەرى بوونە بە نیمچە کۆچەر ١یاون و لە دوای ساڵی ١٨٥٠ بە یەکجارى بە فەرمانى دەزڵەتى عوسمانى نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەم هۆزە کە لە پارێزگاکانی ئاگری، قارس، ئەرزەروم دەچین و بەشێکى پەرتەوازەیان لە ئەستانبوڵ، ئەزمیر، ئەنقەرە، بورسا، قۆنیا، بیلەجیک، دوزجە، قەیسەری و ناوچەی تراقیا بڵاوبوونەتەوە پێکەوە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکە لە ٥٠ هەزار کەس.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Tarih boyunca aşiretçilik ve Şanlı Urfa Aşiretleri Tarihi- İbrahim BOZKURT- Sayfa- 22-23. لە ڕەسەنەکە لە 7 Ocak 2023 ئەرشیڤ کراوە. لە 7 Ocak 2023 ھێنراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date= و |archive-date= (یارمەتی)
  2. ^ XIX. ve XX. YY Rus Tarih ve Siyasetinde Kürtler- Sayfa 165.
  3. ^ Mehmed Hurşid Paşa - Seyehatnâme-i Hudûd Layihası. لە ڕەسەنەکە لە 7 Ocak 2023 ئەرشیڤ کراوە. لە 7 Ocak 2023 ھێنراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |access-date= و |archive-date= (یارمەتی)
  4. ^ Mehmed Hurşid Paşa - Seyehatnâme-i Hudûd Layihası– Vr.150a.