بنزاری ھەولێری

ئەو ژێرزاراوەی کە لە شاری ھەولێر قسەی پێدەکرێ
(لە ھەولێری (ژێرزاراوە)ەوە ڕەوانە کراوە)

ھەولێری (بە کوردیی باکووری: Hewlêrî) بنزارێکی کوردیی ناوەندییە کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەندێک ناوچەی دەورووبەری قسەی پێ دەکرێ.[١] هەولێری چەندین تایبەتمەندیی تێدایە کە جیای دەکاتەوە لە شێوەزارەکانی تری کوردی.

بێژەکردن و فۆنەتیک

دەستکاری

بنزاری هەولێری زۆر تایبەتمەندیی فۆنەتیکی جیاوازی هەیە، کە لە کوردیی سۆرانیی ستاندارد (کوردیی پەتی) جیای دەکاتەوە. یەکێک لە جیاوازییە فۆنۆلۆژییە دیارەکان بێژەکردنی پیتی "ڵ"ە، کە لە کوردیی پەتی و بنزاری سلێمانی بە دەنگی "ɫ" بێژەدەکرێ. لە هەولێریدا، "ڵ" بە /ɾ/ [ر] یان /l/ [ل] دەخوێندرێتەوە.[٢]

گۆڕانی فۆنەتیکیی تریش ڕوودەدات لە بنزاری هەولێری، وەک گۆڕینی "وو" بۆ "ی" و "و" بۆ "ف". بۆ نموونە "شووتی" دەبێتە "شفتی"، "مزگەوت"یش دەبێتە "مزگەفت."[٣] ئەم گۆڕانکارییە فۆنەتیکیانە جیاوازیی بێژەکردنی بنزارەکە زیاتر دەکەن.

ڕێزمان و ڕستەسازی

دەستکاری

هەولێری جگە لە جیاوازییە فۆنەتیکییەکانی، گەلێک تایبەتمەندیی ڕێزمانی و ڕستەسازییش لەخۆدەگرێ. هاوشێوەی کرمانجی، هەولێری جێناوی ناڕاستەوخۆ بەکاردەهێنێت، و تەنانەت جێناوە کەسییە سەربەخۆکانیشی جیاوازیان لەگەڵ کوردیی پەتیدا هەیە.[٤] ئەم تایبەتمەندییەش لە بنزارەکانی دیی کوردیی ناوەندی جیایدەکاتەوە. خەسڵەتێکی تری بنزارەکەش بەکارهێنانی پاشگری "ەک"ّە لە شوێنی "ێک"ی ستاندارد.

جێناوە کەسییە سەربەخۆکان
ھەولێری سلێمانی (کوردیی پەتی) کرمانجی
ئەمن من ئەز
ئەتو تۆ تو
ئەو ئەو ئەو
ئەمە ئێمە ئەم
ئەنگۆ ئێوە هوون\هنگۆ
جێناوە ناڕاستەوخۆکان
ھەولێری سلێمانی (کوردیی پەتی) کرمانجی
من من من
تو تۆ تە
وی ئەو وی\وێ
مە ئێمە مە
نگۆ ئێوە وە

کاریگەری و بەکارهێنان

دەستکاری

هەولێری، زاری سەرەکیی شاری هەولێرە، نەک تەنیا کوردانی هەولێر بەڵکو نەتەوەکانی دیکەی وەک تورکمان و ئاشووریش قسەی پێدەکەن.[٥] جگە لەوەش، بەربڵاویی زارەکە بووەتە هۆی کاریگەریی لەسەر شێوەزاری سۆرانیی ستاندارد.[٦]


سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Sheyholislami، Jaffer (January 2015). «Language Varieties of the Kurds».
  2. ^ Ebadi، Saman (April 2015). «The Realization of Address terms in Sorani Kurdish (Jafi Dialect)» (PDF). International Journal of English and Education. 4: 265.
  3. ^ «Hamad». conferences.koyauniversity.org. لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  4. ^ Sanaddin، Kawar (Winter 2020). «Diglossic Situation In Sorani Kurdish Dialect». QALAAI ZANISTSCIENTIFIC JOURNAL. 5: 870–872.
  5. ^ Sherwani، Kawa Abdulkareem. «The discourse of civic pride: Hawleri identity as one of the oldest Kurdistani cities in the Middle East». PLOS ONE (بە ئینگلیزی). 16 (11).
  6. ^ Rasheed، Minwas (September 2021). «Diglossia: A Mixed-Mode Survey Analysis on the Use of Formal and Informal Speech among Sorani Kurdish Speakers» (PDF). International Journal of Social Sciences & Educational Studies. 8: 260. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ھێنراوە.