ھیومن بی-ئین (بە ئینگلیزی: Human Be-In) ناوی کۆبوونەوەیەک بوو کە لە گۆڵدێن گەیت پارکی شاری سانفرانسیسکۆ دا، لە پاشنیوەڕۆ و ئێوارەی ١٤ی ژانویەی ساڵی ١٩٦٧ دا بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە پێشەکییەک بوو بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە بە ناوی ھاوینی ئەوینی سانفرانسیسکۆ کە ژیانی ھیپی و ھەروەھا وشەی سایکێدێلیکی بە ھەموو ئامریکاییان ناساند و ناوچەی ھایت ئاشبێریی سانفرانسیسکۆی وەکوو ناوەندی دژەفەرھەنگی ئامریکایی، مەشھوور کرد.

بزووتنەوەی ھیپی دوو چاوگەی ھەبوو. یەک چاوگە خوێندکارانی زانکۆکان بوون کە لەو ڕێگایەی وڵات سەری تێکردبوو ناڕازی بوون. ئەوان دژ بوون بەو ھەڵسوکەتەی کە لەگەڵ ئامریکاییانی بە ڕەگەز ئافریقایی، لە ئەیالەتەکانی باشوور دا دەکرا و دژ بوون بەو شیوەیە کە لاوەکان ھەڵدەبژێردران بۆ جەنگی ڤیێتنام. چاوگەکەیتری بزووتنەوەی ھیپی بەرەی بیت بوو.

لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ دا، خوێندکارانی زانکۆ، کە بەرامبەر بە سیاسەتگەلی دووچاوەکیی ڕەگەزی لە باشووری ئەیالەتە یەکگرتووەکان دا وەستابوون، بەرەو باشوور کەوتنە ڕێ تا لە مانگرتنەکان و خۆپیشاندانەکانی ئامریکاییانی بە ڕەگەز ئافریقایی دا بەشداری بکەن. لەو سەردەمە دا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، خەڵک زۆرتر و زۆرتر ناڕەزایەتییان لە جەنگی ڤیێتنام دەردەبڕی.

سانفرانسیسکۆ خەریک بوو ببێت بە ناوەندێک بۆ ئەو لاوانەی کە حەزیان دەکرد دەوا ھۆشبەرەکان تەجروبە بکەن و ھەروەھا ناوەندێک بۆ شانۆی مۆسیقایی. بەھۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکان دا، ئەوان ئەم فکرە دای لە مێشکیان کە لە مانگی ژانویە دا کۆبوونەوەیەک بە ناوی Human Be-In (لە جێی Sit-in کە لە ئینگلیسی دا واتە: مانگرتن) بەڕێوە ببەن بەڵکوو تا ڕادەیەک بیری خەڵک لە سیاسەت و شەڕ دوور بخەنەوە.

ھەواڵی بەڕێوەچوونی Human Be-In لەسەر بەرگی ڕۆژنامەی سانفرانسیسکۆ ئۆراکێل لەژێر سەردێڕی "A Gathering of the Tribes for a Human Be-In" ڕاگەیێندرا. وتاربێژانی کۆبوونەوەکە ئەمانە بوون:

لە درێژەی ساڵی ١٩٦٧، لاوەکانی سەرانسەری ئەیالەتە یەکگرتووەکان، زۆرتر و زۆرتر بەرەو سانفرانسیسکۆ بەڕێدەکەوتن. لە ھاوین دا ژمارەیان گەیشتە ١٠٠٬٠٠٠ تا ٢٠٠٬٠٠٠ کەس و لە ھاوینی ئەوین دا بەشدارییان کرد.