باری ئیسپات
لە کاتی پێشھاتنی ناکۆکیدا، باری ئیسپات بریتییە لەو ئەرکەی ئەخرێتە سەر شانی یەکێ لە لایەنەکان بۆ دابینکردنی پاساو و بەڵگەی سەلمێنەری ھەڵوێستەکەی. بە لاتینی onus probandi -ی پێ دەڵێن، کە کورتکراوی Onus probandi incumbit ei qui dicit, non ei qui negat -یە، بە مانای باری ئیسپات وا بە کۆڵی ئەوەوە کە قسە ئەکا، نەک ئەوە کە حاشای لێ ئەکا.
ھەڵگری بارەکە
دەستکاریکاتێ دوو لایەن لەگەڵ یەکترا بیروڕا ئەگۆڕنەوە و، یەکێکیان بانگەشە و ئیددیعایەک ئەکا کە ئەوی تریان وەری ناگرێ، زۆربەی جارەکان، ئەو کەسەی ئیددیعاکەی کردووە باری ئیسپاتیشی (ھیی ئیددیعاکەی) ئەکەوێتە سەر شانی. یانی خۆی بەرپرسیارە بۆ ئەوەی بانگەشەکەی بسەلمێنێ و، ناتوانێ لە لایەنی بەرامبەر داوا بکا ئەو بیسەلمێنێ کە ئەم ڕاست ناکا.
گوێزانەوەی باری ئیسپات
دەستکاریگوێزانەوەی باری ئیسپات واتە داواکردنی ئیسپات لە لایەنی بەرامبەر کە بەرھەڵستی بانگەشەیەک بووە. ئەمە چەشنێ بەھەڵەبردنی لۆژیکییە کە تێیدا بەھەڵەبەر بانگەشە و ئیددیعایەک دەکا بەبێ بەڵگە، ئینجا لە ئەم و ئەو داوا دەکا ئەگەر بەرھەڵستی بانگەشەکەن و بە دروستی نازانن، بەڵگەی خۆیان بخەنە ڕوو و پەرچی بدنەوە. ئەم بەھەڵەبردنە وای دادەنێ کە ھەموو شت شیاوی قەبووڵکردنە مەگەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی ئیسپات بکرێ. بەڵام، دروستەکەی ئەوەیە کە بوترێ ھیچ شتێ شیاوی قەبووڵکردن نییە، مەگەر ئەوەی کە خۆی ئیسپات بکرێ. نموونەیەکی ناسراو لە گوێزانەوەی باری ئیسپات چیرۆکەکەی مەلا نەسرەدینە: «لە مەلایان پرسی چەقی زەوی کوێیە؟ وتی: ھەر ئائێرە کە من وەستاوم. ئەگەر باوەڕ ناکەن، ئادەی بیپێون.» نموونەیەکی تر لە بابەت ئیسپاتکردنی ھەبوونی خواوەیە: «تۆ بەڵگەیەکت نییە بۆ نەبوونی خوا، کەوایە، خوا ھەیە.» ئەمە ھەڵەوێژییە، چونکە بە پێی لۆژیک، باری ئیسپات دەکەوێتە سەر شانی ئیددیعاکەر.
سەرچاوەکان
دەستکاری- سیدعلیاصغر خندان (۱۳۸۰)، مغالطات (ویراست سوم)، تهران: بوستان کتاب انتشارات دفتر تبلیغات اسلامی، ص. ۱۶۳