کۆیلایەتی لە یاسای نێونەتەوەیی

کۆیلایەتی لە یاسای نێونەتەوەیی (بە ئینگلیزی: Slavery in international law) بەپێی چەند ڕێککەوتنامە، پەیماننامە و ڕاگەیاندنێک بەڕێوەدەبرێت. گرنگترین و لەپێشینەترینیان بریتییە لە ڕاگەیاندنی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨، بڕگەی ٤ دەڵێت «نابێت ھیچ کەسێک لە کۆیلایەتی بھێڵدرێتەوە و دەبێت ھەموو جۆرەکانی کۆیلایەتی بسڕدرێتەوە.»[١]

مێژوو ھەڵوەشاندن و سڕینەوەی دیاردەی کۆیلایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٠٧ لە بەریتانیا، بەپێی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی. چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر لە بوارەکانی مرۆڤایەتی و کۆیلایەتی ئەم یاسایە بە سەرەتای کۆتاییھاتنی شێوازی باوی کۆیلایەتی دادەنێن. لە سەدەی ١٩یەم بەریتانیا دەستی گرتبوو بەسەر زۆرینەی جیھان لەڕێی ناوچەی داگیرکراو(Colony)ەوە. دوای تێپەڕاندن و پەسەندکردنی ئەم یاسایە پەرلەمانی بەریتانیا بەھەمان دیاردەی کۆیلایەتی لە زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی ھەڵوەساندەوە.

ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و ھاووڵاتی فەڕەنسی، پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەفریقا لەگەڵ دەستووری باشووری ئەفریقا، ھەموو ئەم بڕیارانە پیشانی ئەو بۆچوونە دەدەن کە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت لە ھەر چەوساندنەوە و ستەمێک. تەنانەت دوای دەرکردن و نووسینی یەم بڕیارانەش بەڵام ھێشتا دیاردەی کۆیلایەتی لە چەند وڵاتێک ھەر بەردەوام بوو.[٢]

پەیمانامەی کۆیلایەتی دەستکاری

یەکەمین ھەوڵی ئاست فراوان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەلایەن کۆمەڵی نێونەتەوەیییەوە لە ساڵی ١٩٢٦ بوو لەڕێی کۆنگرەی کۆیلایەتی (Slavery Convention). کۆنگرەکە یەکەمین پێناسەی نێونەتەوەییی کۆیلایەتی دەکات:

«بارودۆخ یان ڕەوشی کەسێک کە ھەموو دەسەڵات و مافەکانی خاوەندارێتی بەسەر جێبەجێ بکرێت و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت … لەگەڵ ھەموو کردەکانی گرتن، بەدەستھێنان یان دەستەبەرداربوون لە کەسێک بەمەبەستی کەمکردنەوەی بۆ کۆیلە. ھەروەھا ھەموو ئەو کردانەی پەیوەندییان ھەیە بە بەدەستھێنانی کۆیلەیەک لەڕێی کڕین یان گۆڕینەوەیەوە وە ئەو ھەموو کردەکانی پەیوەندیان ھەیە بە دەستبەرداربوون لە کەسێک لەڕێی فرۆشتن یان گۆڕینەوەیەوە. بەگشتی ھەموو کردەکانی مامەڵەپێکردنی بازرگانی یان گۆڕینەوەی کەسێک بە کۆیلایەتی ھەژمار دەکرێت.» [٣]

ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەستکاری

ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێکەوتننامەی نێونەتەوەییی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)ەوە بەڕێوەدەبرێت کە ڕێکەوتنامەکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئازاری ١٩٧٦ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕگەی ٨ لە ڕێکەوتننامەکە دەڵێت «نابێت ھیچ کەسێک لە کۆیلایەتی بھێڵدرێتەوە، کۆیلایەتی و بازرگانیی کۆیلە بە ھەموو شێوەکانییەوە قەدەغەکراوە. نابێت ھیچ کەسێک لەژێر فشاری ھێز و بەزۆرەملێ کاری پێ بکرێت.» ھەروەھا ئەنجومەنەکە کردوویەتی بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی وڵاتان کە ھەر جۆرە دیاردەیەکی کۆیلایەتی نەھێڵن و لەسەر ھەموو وڵاتێک پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام و ھەمیشەیی ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجومەنەکە بکەن کە چۆن مافە ئاماژەپێکراوەکانی ناو ڕێکەوتننامەکە پەیڕەو دەکەن.

دوای بوون بە ئەندام لە ڕێکەوتننامەکە، یەکەمین ڕاپۆرتی وڵاتێک دەبێت لە ماوەی ساڵێک پێشکەش بە ئەنجومەنەکە بکرێت و لەدوای ئەوەوە ھەر کاتێک ئەنجومەنەکە داوای ڕاپۆرت بکات دەبێت پێشکەش بکرێت، کە بەشێوەیەکی گشتی ھەر چوار ساڵ جارێک داوای دەکات. سەرەڕای ئەمە، بەندی ٤١ لە ڕێکەوتننامەکە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنەکە کار لەسەر سکاڵای ناو ھەمان وڵات بکات. تەنانەت ئەنجومەنەکە دەسەڵاتی ھەیە کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکات لە سکاڵای تاکەکەسی دژی پێشێلکارییەکانی لایەنە ئەندامەکان.[٤]

لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، ئەنجومەنەکە چەندین لێدوانی داوە دەربارەی ڕەوشی کۆیلایەتی لە چەند وڵاتێک و ھەروەھا چەندین پێشنیاری کردووە لەسەر چۆنیەتی ھەڵوەشاندنەوەی دیاردەکە. ئەنجومەنەکە لە مالی تێبینی کردبوو کە لایەنی دەوڵەت ڕێککاری ڕوونیان نەبووە بەرامبەر ڕاپۆرتەکان لەسەر مامەڵە و دیاردەکانی کۆیلایەتی لە وڵاتەکە. لە ئەنجام، ئەنجومەنەکە پێشنیاری بۆ وڵاتەکە کرد کە لێکۆڵینەوە بکات کە ئایا دیاردەی کۆیلایەتی ھێشتا ھەیە یان نا، و لە کاتی ھەبوونی چارەسەری بکەن.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ United Nations. "Universal Declaration on Human Rights." General Assembly of the United Nations. 1948.
  2. ^ General Assembly. "International Covenant on Civil and Political Rights." 2200A (XXI). Office of the United Nations High Commissioner for Human Rights, 1966.
  3. ^ "African Charter on Human and Peoples' Rights." African Union, June 27, 1981
  4. ^ "Constitution of South Africa." South Africa, May 6, 1996