سیستمی خۆگەڕێن (ئینتەرنێت)

(لە ژمارەی ASەوە ڕەوانە کراوە)

لە ئینتەرنێتدا، سیستمی خۆگەڕێن (Autonomous System یان AS) کۆمەڵەیەکە بریتی لە ڕێدۆزگەلی پێکەوەبەستراوی ژێر چاودێریی یەک یان چەند بنکەی بەڕێوەبەرایەتی کە نوێنەری سیاسەتێکی دیاریکراو و بەڕوونی-پێناسەکراوی ڕێدۆزییە.[١]

سەرەتا سیستمی خۆگەڕێن لە RFC 1771 -دا پێناسە کرا. لە پێناسەکەدا وا دانرابوو کە "چاودێری" بەدەستی تەنھا "یەک" بنکەوە بێ. وەک دابینکارێکی ڕاژەی ئینتەرنێت یان ڕێکخراوەیەکی زۆر گەورە کە لە ڕێگای پێوەندگەلی سەربەخۆ بە ژمارەیەک تۆڕی دیکەوە بەسترابێتەوە و ھۆگر و شوێنکەوتووی یەک سیاسەتی ڕێدۆزی بێ. بەڵام، لە پێناسەی نوێتردا (واتە RFC 1930) مەرجی "بەس یەک بنکەی چاودێر" لا براوە. ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەند بنکە یان ڕێکخراوە خۆیان دەتوانن بە بەکارھێنانی ژمارە تایبەتییەکانی سیستمی خۆگەڕێن (نەک ژمارە گشتییەکان)، BGP بخەنە گەڕ. ژمارە تایبەتییەکان ڕێکخراوەکان دەگەیێنن بە دابینکارێکی ڕاژەی ئینتەرنێت (ISP)؛ دابینکارەکەش ھەموو ئەو ڕێکخراوانە گرێ دەدا بە ئینتەرنێتەوە. بەم جۆرە، گەرچی لە پشتەوەی دابینکارەکە چەند سیستمی خۆگەڕێن بوونیان ھەیە، بەڵام ئینتەرنێت تەنھا سیاسەتی ڕێدۆزیی دابینکارەکە دەبینێ. پێویستە ئەو دابینکارە ژمارەیەکی تۆمارکراوی ڕەسمیی ھەبێ (بڕوانە: ئایانا).

ھەموو سیستمێکی خۆگەڕێن ژمارەیەکی تاقانە دەدرێتە پاڵی، بەو ژمارەیە دەوترێ "ژمارەی سیستمی خۆگەڕێن" (بە ئینگلیزی: Autonomous System Number یان ASN). گرنگیی ئەو ژمارانە لەوەدایە کە ھەرکامەیان تۆڕێکی سەر ئینتەرنێت دیاری دەکا. ھەتا ساڵی ٢٠٠٧ ژمارەکانی سیستمی خۆگەڕێن ١٦-بیت بوون کە زۆرینە ٦٥٥٣٦ ژمارەی لێکجیاوازی لێ دروست دەبوو. بەرپرسی ژمارە سپێردراوەکانی ئینتەرنێت (ئایانا) ژمارەکانی ٦٤٥١٢ ھەتا ٦٥٥٣٤ی داناوە بۆ نیازگەلی تایبەتی. ژمارەکانی ٠، ٥٦٣٢٠ ھەتا ٦٤٥١١، و ٦٥٥٣٥یش لەلایەن ئایاناوە گل دراونەتەوە و نابێ لە ھیچ وارێکی ڕێدۆزیدا بەکار بھێنرێن. بەڵام پێسپاردنی ھەموو ژمارەکانی تر ئازادە و ھەتا ئێستاش زۆریان لێ سپێردراون.

ئایانا دەستی کردووە بە تەرخانکردنی ژمارەگەلی ٣٢-بیت (RFC 4893 باسیان لێ دەکا). ئەم ژمارانە بە دوو شێواز دەنووسرێن: یەکەم، بە شێوازی ژمارەیەکی تەواوی سادە، دووھەم، بە شێوازی x.y، کە تێیدا x و y ژمارەگەلی ١٦-بیتن. ئەو ژمارانەی شێوازی ٠.y -یان ھەیە، ڕێک ھەمان ژمارە ١٦-بیتە کۆنەکانن. ژمارەکانی ١.y و ٦٥٥٣٥.٦٥٥٣٥ گلدراوەن و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ تەرخانکردن لەبەردەستە.[٢]

ژمارەی تۆڕە خۆگەڕێنەکان لە سیستمی ڕێدۆزیی ئینتەرنێتدا ساڵی ١٩٩٩ لە ٥٠٠٠، کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٠٨ لە ٣٠٠٠٠، و ناوەڕاستەکانی ساڵی ٢٠١٠ لە ٣٥٠٠٠ تۆڕ تێپەڕ بوو.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ RFC 1930, Definitions
  2. ^ AS Numbers

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری