ئەدەبی نووسراوی کوردی لە زەمینەی تەنز و گاڵتەدا بەداخەوە زۆر دەوڵەمەند نیە؛ ژمارەی ئەو بەرهەمانەی کە لەم ژانرەدا خوڵقاون و بایەخی ئەدەبی و هونەری‌یان هەیە، لە ژمارەی ئەنگوستەکانی دەست زیاتر نین. یەکێ لەم بەرهەمە کەمانە، ڕۆمانێکە بە ناوی 'کەمانچەژەن' کە گوایە لە زمانی ئاڵمانی‌یەوە کراوەتە تورکی و لە زمانی تورکی‌یەوە وەرگەڕاوەتە سەر کوردی.

کەمانچەژەن بەسەرهاتی کوڕێکی هەژارە بە ناوی ئالفرێد موولێر کە ماڵی باوکی بەجێ دە‌هێڵێ و دەکەوێتە شوێن بەختی خۆی. ئالفرێد ئەگەر لە ماڵی دنیا بێ‌بەشە، خودا بۆی تێ‌هەڵێناوەتەوە و بەهرەی مۆسیقای پێداوە. هەر ئەوەش ڕێگەی بۆ خۆش دەکا وردە وردە لە تەنگانە بێتە دەرەوە و بکەوێتە فەرعانە و خۆشی. ئەڵبەتە بەسەرهاتی ئالفرێد موولێری ڤیۆلۆن‌ژەن ئەوندەش سادە و بێ‌گرێ نیە. ئەم چیرۆکە پڕیەتی لە ڕووداوی سەیر و سەمەرەی ئەوتۆ کە لەپەستا خوێنەر دەخەنە پێکەنین.

زمانی تەرجەمە کوردی‌یەکەی کەمانچەژەن زۆر ڕوون و ڕەوان و شیرینە؛ دیارە هەر دەبێ وایش بێ چونکە وەرگێڕی ئەم بەرهەمە، شاعیر و نووسەر و قسەخۆشی بەناوبانگی کورد 'پیرەمێردی نەمر'ە. پیرەمێرد بەوجۆرەی خۆی لە پێشەکی‌ی کتێبەکەدا دەڵێ، کاتێ لە ئەستەمبووڵ دەبێ تەرجەمەی تورکی‌ی ئەم چیرۆکە، بە زنجیرە لە ڕۆژنامەیەکی ئەوسەردەمەدا دەخوێنێتەوە. دوایی کە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی نوسخەی کامڵی تورکی‌یەکە کە ناوی 'چاڵغی‌چی' بووە پەیدا دەکا و بەرەبەرە وەریدەگێڕێ و بڵاوی دەکاتەوە. لە دوایی‌شا بە شێوەی کتێبێک بە ناوی 'کەمانچەژەن' لە چاپی دەدا(1942).

ڕۆمانی کەمانچەژەن بە ڕاوێژێکی کوردانە تەرجەمەکراوە و ئەگەر ناوەکان و هەندێ لایەنی ژیان و فەرهەنگی ڕۆژاوایی نەبوونایە، دژوار بوو خوێنەر بزانێ کە ئەم چیرۆکە تەرجەمەیە. پیرەمێرد جاری وایە بۆ خۆماڵی‌تر بوونی کارەکە کەڵکی لە هەندێ وشە و زاراوەی وا وەگرتووە کە بە هیچ بارێ لەگەڵ زەمینەی ڕۆژاوایی داستانەکە ناگونجێن بەڵام بەم کارە باری گاڵتەی چیرۆکەکەی زیاتر کردووە بە چەشنێ کە خوێنەر کاتێ تووشی ئەم شتانە دەبێ ناتوانێ پێشی پێکەنینی خۆی بگرێ!

رۆمانی 'کەمانچەژەن' بە ئاڵمانی ناوی چ بووە و بەرهەمی زەوقی کام تەنزنووسی ئاڵمانە، دیار نیە. مامۆستا پێرەمێرد لە پێشەکی‌ی تەرجەمەکەدا زۆر تاریفی قەڵەمی شیرینی نووسەر ئەکا و لە قەڵەمی گاڵتەنووسانی تری ئورووپا بە تواناتری دەزانێ کەچی ناوی نووسەرەکە ناهێنێ و پێمان ناڵی ئەم نووسەر گەورەیە کێ‌یە! بۆ وەرگێڕانە تورکی‌یەکەش هەر ئەوەندە دەڵێ کە تەوفیق ناوێکی کوردی کەرکووکی لە ئاڵمانی‌یەوە کردوویە بە تورکی. دڵخۆشی خۆیشی بۆ ئەوە دەربڕیوە کە وەرگێڕی تورکی و کوردی‌ی ئەم بەرهەم هەردووک کوردن و ناوی هەردووکیشیان بە ڕێکەوت 'تەوفیق'ە.

'کەمانچەژەن' کە یەکێ لە بەرهەمە کۆنەکانی مێژووی تەرجەمەی کوردی‌‌یە و دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ئێستەش بەرهەمێکی تەڕ و پاراوە و خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە پڕ لە گاڵتە و گەپە هەم دەبێتە مایەی شادی و پێکەنین، هەم کلاسی دەرسێکە بۆ ئەوانەی گەرەکیانە فێری وشە و زاراوەی و ڕێزمانی ڕەسەنی کوردی بن.