ویکیپیدیا:ڕێنووسی زمانی کوردی

بنەماڵەکان

ناوبڕەکان:
ویکیپیدیا:نووسینی کوردی
ویکیپیدیا:خاڵبەندی

ئەلفبێ

ژمارەی پیتەکانی ئەلفبێی کوردی ٣٤ دانەن و بریتین لە:

ئـ - ا - ب - پ - ت - ج - چ - ح - خ - د - ر - ڕ - ز - ژ - س - ش - ع - غ - ف - ڤ - ق - ک - گ - ل - ڵ - م - ن - و - ۆ - وو - ھ - ە - ی - ێ

بزوێنەکان

بزوێنەکان لەڕاستیدا ٨ دەنگن، بەڵام بە ئەلفبێی سۆرانی (بە نووسەی عەرەبی) تەنھا ٧ دەنگیان نووسەیان بۆ دانراوە و دەنووسرێن؛ کە بریتین لە:

ا - و - ۆ - وو - ە - ی - ێ

  • یاسا: ھەر وشەیەکی کوردی لانیکەم یەک پیتی بزوێنی تێدایە: ناو؛ کورد؛ کۆمار؛ سوور؛ بەرد؛ کوردی؛ سێ


بزرۆکە

ھەندێ وشەی کوردی ھەن کە لە ڕواڵەتدا بزوێنیان تێدا نابینرێت وەکوو: بردن، من، ژن، مردن، بزن، خستن. بەڵام لەڕاستیدا دەنگی بزوێنیان تێدایە. ئەو بزوێنە لە ئەلفبێی کوردیی لاتیندا بە پیتی «i» دیاری کراوە، بەڵام لە ئەلفبێی بە نووسەی عەرەبیدا، ھیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە؛ دیار نییە و بزر بووە، بۆیە ناوی نراوە «بزرۆکە». نموونە:
(بردن birdin) ، (من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستنxistin)

وشەی «مشک» لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بە دوو شێوازی (mişk) و (mişik) دەوترێت، بەڵام کاتی نووسین ھەردوو بە یەک شێوە و بە «مشک» دەنووسرێن.

کەوا بێت ھەشتەمین دەنگی بزوێنی کوردی بە ئەلفبێی کوردی نانووسرێت و «بزرۆکە»یە.


ئەلفبێی کوردی بە لاتین

لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێین بۆ ئەوەی لە ئەلفبێی کوردی کە بە پیتی عەرەبی دەنووسرێ، باشتر تێ بگەن، زۆر گرنگە ئەلفبێی کوردیی لاتینی بناسن. ئەم ئەلبێیە بریتیە لە:

A - B - C - Ç - D - E - Ê - F - G - H - I - Î - J - K - L - M - N - O - P - Q - R - S - Ş - T - U - Û - V - W - X - Y - Z

بزوێنەکانی بریتین لە ٨ دەنگی و ھەموویان دەنووسرێن: (A - E - Ê - I - Î - O - U - Û)

  • پاشکۆ: لە ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا: (ڕ = rr) و (ڵ = ll)، لە:

(پەڕۆ = perro)، (کەڕ = kerr) یان (کەڵک = kellk)، (ساڵ = sall)

پێویست ناکات لە سەرەتای وشە بە ئەلفبێی لاتینی، بۆ نووسینی (ڕ) کەڵک لە (rr) وەرگرین، چونکوو زۆر ناشیرین دێتە پێش چاو، بۆیە ھەر (r) بەسە. وەکوو: (ڕاز = raz)، (ڕێگا = rêga)، (ڕۆژ = roj). بەڵام لە سۆرانیدا ئەوھا نییە.

پیتی یاریدەر

بۆ ئەوەی دوو بزوێن بەدوای یەکتردا نەنووسین، کەڵک لە پیتێکی نەبزوێن وەردەگرین کە یارمەتی دەدات دوو بزوێن پێکەوە نەنووسرێن. بەو پیتانە دەوترێ «یاریدەر». کە بریتین لە (ی y) و (و w)‌:

نیە ---> نییە

بزوێن و نەبزوێن

لە ئەلفبێی سۆرانی عەرەبیدا پیتێکی تایبەت نییە کە بۆ «پیتی یاریدەر» بەکاربێت. بۆ ئەو مەبەستە ھەر کەڵک لە پیتەکانی «ی» و «و» وەردەگیرێ کە وەک بزوێنیش بەکار دەچن. واتە ئەو دوو پیتە ھەم بزوێنن ھەم نەبزوێن:

  • بزوێن: سلێمانی، تیر
  • نەبزوێن: کەی، بەیت


پیتە ئاڵۆزەکان

ھەمزە «ئـ»

ھەمزە،‌ لە زمانی عەرەبی و فارسیدا، بە چەند شێوازی جۆربەجۆر بەکار دەچێت، وەکوو: أ إ لأ لإ ؤ ء ئـ ، بەڵام لە زمانی کوردیدا تەنیا شێوازی ئـ بەکار دەبرێت، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی نەھێڵێ دوو بزوێن بەدوای یەکدا بنووسرێن.
ھەندێ لە زمانزانان ھەمزە بە بزوێن دادەنێن و لای ھەندێکیش بە نەبزوێن دەناسرێت، بەڵام لەڕاستیدا کورد، ھەمزەی بە شێوازی (ئـ) بەکار ھێنا و بڕیاری دا وەکوو نەبزوێنێک چاوی لێ بکات، بۆ ئەوەی نەھێڵێ دوو بزوێن بەدوای یەکدا، یان ھەندێ بزوێن لە سەرەتای وشەدا بنووسرێن، نموونە:

  • ناازاد = نائازاد
  • او = ئاو
  • ەو = ئەو
  • ۆخەی = ئۆخەی
  • ورووپا = ئورووپا
  • ێجگار = ئێجگار

قرتاندنی «ئـ»

ھەندێ جار ڕوو دەدات کە وشەیەک وا بە پیتێکی نەبزوێن کۆتاییی ھاتووە، وەکوو: «شەو»، لەگەڵ وشەیەک کە بە (ئـ) دەستی پێ کردووە، وەکوو «ئاھەنگ»، پێکەوە کۆدەبنەوە و وشەیکی نوێ پێک دەھێنن کە واتایەکی نوێتری ھەیە وەکوو: شەو + ئاھەنگ = شەوئاھەنگ.
لێرەدا پێویست ناکات (ئـ) بمێنێتەوە و دەتوانین بیقرتێنین، چونکوو پیتی پێش ئەو بزوێن نییە تا کێشە بێت. دەنووسین: (شەواھەنگ). ھەروەھا:

  • کارئاسانی = کاراسانی.
  • ماڵئاوایی = ماڵاوایی.
  • بانئەفشار = بانەفشار (ناوی گەڕەکێکە لە شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان).
  • کارئەندامزانی = کارەندامزانی (physiology).
  • تووڵئامراز = تووڵامراز (toolbar). (تووڵ، شیش = bar)، (ئامراز، کەرەستە = tool).

ھەروەھا: کەمەندام، چاوەسمەر، چاوەستێرە، گوڵەندام، گوڵەستێرە، شێرەندام، خاکەناز.


‌کێشەی بزوێنی «وو»

وو (û) دەنگێکی بزوێنە و ھەرگیز نابێ لە سەرەتای وشەدا بنووسرێت. زۆر ھەڵەیە بنووسی: ووشە ûşe، وورچ ûrç، وون ûn، ووس ûs و ھتد. بەڵکوو دەبێ بە «و»ی نەبزوێن بنووسرێت، چونکوو دوای ئەو پیتە، بزرۆکە ھەیە، کەوا بێت دوو بزوێن پێکەوە نانووسرێن و دەبێ وا بنووسرێن‌: وشە wişe، ورچ wirç، ون win، وس wis و ھتد.

بەڵام لە ناوەڕاست و کۆتاییدا دەنووسرێ: سوور sûr، نوور nûr، چوو çû، توو tû.

زۆر کەس بە ھەڵە دەنووسن: کەرکوک، مەحمود، حوکومەت و ھتد. کە ڕاستییەکەی ئاوایە: کەرکووک، مەحموود، حوکوومەت و ھتد.


کێشەی بزوێنی «ە e»

ە (e) سەرەڕای ئەوەی کە دەنگێکی بزوێنە، کردارێکیشە (فعل verb) کە لە «سێیەم کەسی تاک»دا، واتای (is)ی ئینگلیزی دەدات: (It is could = ھەوا ساردە). لە ئەلفبێی لاتیندا، کرداری ە (e) بەجیا دەنووسرێت: ‌(Hewa sard e)، بەڵام لە ئەلفبێی عەرەبیدا، دەلکێت بە وشەکەی پێشیەوە: «ھەوا ساردە». نموونەی تر:
برامە، ھاوڕێمە، کوڕە، کچە، پێنووسە، دەستە، ڕێزمانە، کوردە، بەردە.

کێشەی «یە»

جاری وایە وشەکەی پێش «ە» بە پیتێکی بزوێن «ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ە ـ ی ـ ێ»، کۆتاییی ھاتووە، وەکوو: «مامۆستا»؛ ئەو کاتە ئیتر لە جیاتیی «ە» دەنووسین «یە»: «مامۆستایە mamosta ye».

  • تێبینی: کرداری «یە»ش ھەر وەکوو «ە» دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە: «مامۆستایە»، نەک «مامۆستا_یە». تەنانەت ئەگەر وشەکە بە «یی»ش کۆتاییی ھات ھەر پێکەوە دەنووسێنرێت. ھەروەھا:
  • «سپییە»، نەک «سپیە، سپی‌یە، سپی یە»
  • «چییە»، نەک «چیە، چی‌یە، چی یە»
  • «نییە»، نەک «نیە، نی‌یە، نی یە»
  • «کوردییە»، نەک «کوردی‌یە، کوردی یە»
  • «کۆیەیەیییە»، نەک «کۆیەیە، کۆیەییە، کۆیەیی‌یە، کۆیەیی یە»
  • «سنەیییە‌» نەک «سنەیی یە، سنەییە»


کێشەی «ی»

سەیری ئەم وشانە بکەن: «مەی mey»، «بی bî».

لەو دوو نموونەیەدا، (ی y) نەبزوێنە و دەنگێکی کورتە‌، بەڵام (ی î) بزوێنە و دەنگێکی درێژە. گەر سەرنج بدەن دەبینن کە لە ئەلفبێی عەرەبیدا، ھەر دوو دەنگی بزوێن و نەبزوێن، وەکوو یەکن: (ی)، بەڵام لە لاتینیدا دوو جۆرن (y) و (î). واتە لە ئەلفبێی عەرەبیدا جیاکردنەوەی بزوێن و نەبزوێنی (ی) تۆزێ وردبوونەوەی دەوێ.

  • سەیری ئەم وشەیە بکەن: (کوردی kurdî) + (ەکان ekan) = (کوردیەکان kurdîekan).

ئایا لەو نووسینەدا ھەڵەیەکی گەورەمان نەکردووە؟ با؛ ئەویش ئەوەیە کە دوو بزوێنمان پێکەوە نووسیوە: یــە (î-e). چار؟ دەبێ کەڵک لە پیتی یاریدەر وەرگرین و بنووسین: (کوردیـیـەکان kurdîyekan). لە ئەلفبێی عەرەبیدا (ییـ) وەکوو یەکن، بەڵام لەڕاستیدا یەکەمیان بزوێنە و دووەمیان نەبزوێنە. ئەگەر سەیری لاتینییەکەی بکەین باشتر بۆمان ڕوونە: (îy). بۆیە گەر بزانین بە لاتینی چۆن دەنووسرێن، زۆر بەئاسانی لێک جیا دەکرێنەوە.


کێشەی بزوێنی «یی î»

«یی î» دەنگێکی درێژە و بەداخەوە لە ئەلفبێی عەرەبیدا ھیچ پیتێکی جیاوازی بۆ دانەنراوە. ھەندێ لە نووسەران بۆ بزوێنی «î» ھەموو کاتێ کەڵکیان لە «یی» وەردەگرت، تەنانەت لە ناوەڕاست و کۆتاییی وشەشدا و، وا دەیاننوسی:

«تییر tîr»، «سییر sîr»، «چییمەن çîmen»، «کوردیی kurdî»، «سیی sî»، «سلێمانیی Silêmanî»، «کفریی Kifrî».

بەڵام چونکوو ناشیرین بوو، لە ناو نووسەر و خوێنەری کورددا جێی نەگرت و بەناچاری ھەر یەک «ی» بۆی بەکار ھێنرا: «تیر tîr»، «سیر sîr»، «چیمەن çîmen»، «کوردی kurdî»، «سی sî»، «سلێمانی Silêmanî»، «کفری Kifrî».

  • لەم شوێنانەدا کەڵک لە «یی yî» وەردەگیرێ:

«ڕەشایی reşayî»، «بەرایی berayî»، «دوایی diwayî»، «کۆتایی kotayî»، «پانایی panayî»، «شێنەیی şêneyî»، «کۆیەیی Koyeyî»، «سنەیی Sineyî»، «ھەڵەبجەیی Hellebceyî»، «ڕانیەیی Ranyeyî»، «ورمێیی Wirmêyî» و «تەنیایی tenyayî».

«ی»ی پێوەندی

«ی»ی پێوەندی ئەو دەنگی «ی»یەیە کە دەکەوێتە نێوان دوو ناو، یان ناو و ئاوەڵناوێکەوە: مامۆستای قوتابخانە، کچی شۆخ.

کێشەکە لەوەدایە کاتێ وشەیەک خۆی بە «ی» کۆتاییی بێت، وەکوو: «کوردی، ئیسلامی، کرماشانی، سنەیی، کۆیەیی»، ھەندێ کەس ئیتر «ی»ی پێوەندییەکەیان لەبیر دەچێ بینووسن، کە ھەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نموونە لەباتی "یەکێتی نیشتمانی کوردستان" دەبێ بنووسرێت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

دەبێ وردبین بین و نەھێڵین «ی»ی پێوەندی بقرتێنرێت، لەم نموونانەی خوارەوەدا «ی»ی پێوەندی ڕەچاو کراون:

داری سەوز، قوتابخانەی سەرەتاییی کچان، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کرماشانیی دڵسۆز، پەپوولەی خۆشەویستیی من، کۆیەییی ھونەرمەند، کاکەییی کوردپەروەر، زاراوەی ھەورامیی کۆن.

«ی»ی سێیەم کەسی تاک

ھەندێ لە جێناوە لکاوەکان بریتین لە:

  • ...م
  • ...مان
  • ...ت
  • ...تان
  • ...ی
  • ...یان
وەکوو:

خواردم؛ خواردمان؛ خواردت؛ خواردتان؛ خواردی؛ خواردیان

جێناوی لکاوی سێیەم کەسی تاک، «ی»یە. لە کاتی گەردانکردنی ئەو دۆخەدا، ئەگەر "بنە"ی کردارەکە خۆی بە «ی» کۆتاییی ھات، «ی»ی جێناوی لکاو لەبیر مەکەن، نموونە:

پرسیم؛ پرسیمان؛ پرسیت؛ پرسیتان؛ پرسیی؛ پرسییان؛

دەبێ وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئەو پرسیی. نەک «ئەو پرسی».

  • نموونەی تر: «دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین»، کە لە سێیەم کەسی تاکدا دەبنە «ئەو دزیی، ئەو بڕیی، ئەو کڕیی، ئەو گۆڕیی، ئەو نووسیی».


کێشەی پیتی «ڕ»

"ڕ" دەنگێکی گڕە کە لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا دێت:

ڕاز، ھەڕا، مەڕ.
  • تێبینی: نابێ «ڕ»ی گڕ لەگەڵ «ر»ی سادە تێکەڵ بکرێت.
  • یاسا: «ھەموو دەنگێکی «ڕ» لە سەرەتای وشەدا گڕە و دەبێ بە «ڕ»ی گڕ بنووسرێت، نەک بە «ر»ی سادە.

ھەندێ کەس لە سەرەتادا بەشێوەی «ر» دەینووسن و ھێماکەی بۆ دانانێن. «ر» دەنگێکی سادەیە و زۆر جیاوازە لە «ڕ». لە سەرەتای وشەدا ھەموو دەنگی «ڕ»ی زمانی کوردی، گڕە، دەبێ ھەموو کاتێ بە ھێماکەیەوە بنووسرێت. نابێ بوترێت:

ئێمە دەزانین ھەموو دەنگێکی سەرەتا گڕە، کەوا بێت با بە «ر» بنووسرێت و خۆمان تێی دەگەین کە گڕە.

تەنانەت لەناو تەختەکلیلی کوردیشدا دوگمەیەک بۆ «ڕ» دیاری کراوە، زۆر سەیرە بێین دوگمەیەکی تر لەباتیی ئەو دوگمەیە بەکار بھێنین کە دەنگێکی ترە!

ڕاست، ڕێگا، ڕۆخ، ڕژد، ڕەنج، ڕزگار، ڕەش، ڕەنگ، ڕۆڵە.

کێشە جۆربەجۆرەکان

کێشەی پێشگرەکانی «ھەڵ، دا، ڕا، وەر، دەر»

ئەم پێشگرانە کاتێ دەچنە سەر چاوگ یان فەرمان یان ھەر شێوازێکی تر، پێیانەوە دەلکێن بەمەرجێ جێناوی لکاو نەکەوتبێتە نێوان پێشگر و وشەکەی دوای خۆی. وەک:

  • چاوگ:
    • ھەڵ: ھەڵکردن، ھەڵگرتن، ھەڵکورمان، ھەڵکێشان، ھەڵبڕین، ھەڵخستن
    • دا: دابڕان، داخستن، داڕمان، داگرتن، داکردن، دابەزین، داخورپان
    • ڕا: ڕ‌اگرتن، ڕ‌اکێشان، ڕاپەڕین، ‌ڕاخستن، ڕاگوێزان، ڕاگواستن
    • وەر: وەرگرتن، وەرسووڕان، وەرگەڕان
    • دەر: دەرکردن، دەرھێنان، دەربڕین، دەرخستن، دەرپەڕاندن
  • فەرمان:
    • ھەڵ: ھەڵگرە، ھەڵخە، ھەڵمەخە، ھەڵکشێ
    • دا: دانێ، دامەبڕە، دابەزێنە، داگرە
    • ڕا: ڕاکێشە، ڕاپەڕێنە، ڕامەپەڕێنە. ڕاگرە
    • وەر: وەرگرە، وەرسووڕێنە، وەرگەڕێ، وەرچەرخێ
    • دەر: دەربێنە، دەرخە، دەرکە، دەرچۆ
دۆخی تر: ھەڵکشاو، ھەڵخراو، ھەڵنەکشاو، ھەڵخزێنراو؛ دانراو، داسەپاو، دابڕاو؛ ڕاپەڕێنراو، ڕاپەڕیو، ڕ‌اگوێزراو، ڕ‌اکشاو؛ وەرگیراو، وەرگرتوو، وەرگرتە، وەرسووڕاو، وەرگێڕاو؛ دەرھێنراو، دەرخراو، دەرکراو، دەرچوو.


پێشگر و جێناوی لکاو

ئەگەر جێناوی لکاو «...م، ...ت، ...ی، ...مان، ...تان، ...یان» کەوتە نێوان پێشگر و فرمانەکەی دوای خۆی، ئەوا بەجیا دەنووسرێن و جێناوەکە بە پێشگرەوە دەلکێنرێ:

  • ھەڵ: ھەڵم گرن، ھەڵت گرن، ھەڵیان کێشن، ھەڵمان مەواسن، ھەڵتان بڕن.
  • دا: دامان نەنایە، دایان خەن، دای بڕە.
  • ڕا: ڕایان دەگرن، ڕام کێشە، ڕاتان پەڕێنن، ڕاشیان پەڕێنن.
  • وەر: وەرمان گرتایە، وەری نەگری، وەریان سووڕێنە، وەرمان گەڕێنە.
  • دەر: دەریان پەڕاندین، دەری خە.


گیروگرفتی فرمانی لێکدراو «فعل مرکب» یا «compound verb»

فرمانی لێکدراو بەو فرمانانە دەوترێن کە لە دوو یان چەند وشە پێک ھاتوون. وەک: «ڕێک + کەوتن = ڕێـکـکەوتن»، «پێک + ھێنان = پێکـھێنان».

ئەم فرمانانە:

  • ئەگەر لە دۆخی چاوگدا بن پێکەوە دەنووسرێن، وەک: ڕێکخستن، شەڕکردن، کۆڵنەدان، خەباتکردن، تاڵانکردن، تێکدان، سەربڕین.
  • ئەگەر لە دۆخە جۆربەجۆرەکانی فرمان «ئێستە، ڕابردووی سادە، ڕابردووی گێڕاوەیی، ڕابردووی دوور» بەکار ببرێن بەجیا دەنووسرێن:
    • ئێستە: ڕێک دەخەم ـ ڕێک دەخەی ـ ڕێک دەخات ـ ڕێک دەخەین ـ ڕێک دەخەن ـ ڕێک دەخەن
    • ڕابردووی سادە: ڕێکم خست، ڕێکت خست ـ ڕێکی خست ـ ڕێکمان خست ـ ڕێکتان خست ـ ڕێکیان خست
    • ڕابردووی گێڕاوەیی: ڕێکم خستووە ـ ڕێکت خستووە ـ ڕێکی خستووە ـ ڕێکمان خستووە ـ ڕێکتان خستووە ـ ڕێکیان خستووە
    • ڕابردووی دوور: ڕێکم خستبوو ـ ڕێکت خستبوو ـ ڕێکی خستبوو ـ ڕێکمان خستبوو ـ ڕێکتان خستبوو ـ ڕێکیان خستبوو

ئەگەر لە دۆخەکانی تردا بن ھەروەکوو دۆخی چاوگ پێکەوە دەنووسرێن: پێکھاتن، پێکھاتوو، پێکھاتە، پێکھێنراو؛ سەرکەوتن، سەرکەوتوو.

نموونەی تری گەردانی فەرمان: فرمان «verb» لە دۆخی چاوگدا پێکەوە دەنووسرێت: «ڕوونکردنەوە». بەڵام لە دۆخەکانی تردا جیا دەکرێنەوە:

  • تاک، دۆخی ئێستە: ڕوونی دەکەمەوە، ڕوونی دەکەیتەوە، ڕوونی دەکاتەوە
  • کۆ، دۆخی ئێستە: ڕوونی دەکەینەوە، ڕوونی دەکەنەوە، ڕوونی دەکەنەوە
  • تاک، ڕابردووی سادە: ڕوونم کردەوە، ڕوونت کردەوە، ڕوونی کردەوە
  • کۆ، ڕابردووی سادە: ڕوونمان کردەوە، ڕوونتان کردەوە، ڕوونیان کردەوە
  • تاک، ڕابردووی گێڕاوەیی «نقلی»: ڕوونم کردبووەوە، ڕوونت کردبووەوە، ڕوونی کردبووەوە
  • کۆ، ڕابردووی گێڕاوەیی: ڕوونمان کردبووەوە، ڕوونتان کردبووەوە، ڕوونیان کردبووەوە
  • تاک، ڕابردووی دوور: ڕوونم کردبوو، ڕوونت کردبوو، ڕوونی کردبوو
  • کۆ، ڕابردووی دوور: ڕوونمان کردبوو، ڕوونتان کردبوو، ڕوونیان کردبوو


كێشەی «و»ی پێوه‌ندی

پیتی «و» (and) وشەیەکی سەربەخۆیە و دەبێ سەربەخۆ ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێ و نەڵکێندرێ بە وشەکانی پێش و پاشی خۆی. بۆ نموون دەبێ بنووسرێ:

  • «من و تۆ» نەک «منو تۆ» یان نەک «من‌و تۆ».
  • «سەر و ماڵ» نەک «سەرو ماڵ» یان نەک «سەروو ماڵ».
  • «ھیوا و ئاوات» نەک «ھیواو ئاوات».
سەرنج: نموونەکانی سەرەوە ھەر کامەیان سێ وشەی جیاوازن و پێکەوە مانایەکی نوێ پێک ناھێنن و ھەر بەتەنیا مانای خۆیان پاراستووە و جیاوازییان ھەیە لەگەڵ وشەی لێکدراو کە لە خوارەوە باسیان دەکرێ.


وشەی لێکدراو «مرکب»

ھەندێ جار دوو یان چەند وشە، کە ھەر کامەیان بۆ خۆی واتایەکی ھەیە، پێکەوە کۆ دەبنەوە و سەرجەم واتایەکی نوێتر پێک دەھێنن، بەم متوربەبوونە دەڵێن «وشەی لێکدراو». وشەی لێکدراو دەبێ بلکێن بە یەکەوە و نابێ بەجیا بنووسرێن؛ بە چەند شێوە پێک دێن:

١. بێ ھیچ یارمەتییەک:

جاری وایە "وشەی لێکدراو‌، بێ ھیچ یارمەتییەک دروست دەبێت و تەنیا وشەکان پێکەوە دەلکێن:

ڕەش + ماڵ = ڕەش ماڵ، کە پێکەوە واتایەکی تر پێک دەھێنن و ئەو کاتە دەبێ پێکەوە بنووسرێن: ڕەشماڵ.

  • خوێندن + گە = خوێندنگە.
  • زانست + پەروەر = زانستپەروەر.
  • پاش + بنەما = پاشبنەما.
  • کتێب + خانە = کتێبخانە.
  • مەلە + گە = مەلەگە.

٢. بە یارمەتیی پیتی «و‌»:

جاری وایە "وشەی لێکدراو"‌،‌ بە یارمەتیی پیتی «و» پێکەوە دەلکێن:

  • ئاڵ + و + گۆڕ = ئاڵوگۆڕ.
  • مشت + و + مڕ = مشتومڕ.
  • ئەلف + و + بێ = ئەلفوبێ.
  • دەنگ + و + باس = دەنگوباس.

٣. بە یارمەتیی پیتی «ە»:

جاری وایە "وشەی لێکدراو"‌،‌ بە یارمەتیی پیتەبزوێنی «ە» پێکەوە دەلکێن:

  • بەرد + ە + قارەمان = بەردەقارەمان.
  • گوڵ + ە + گەنم = گوڵەگەنم.
  • بەرز + ە + فڕ = بەرزەفڕ.
  • ئاگر + ە + دیوار = ئاگرەدیوار.


نموونەی تری وشەی لێکدراو: خۆترنجێنەر، خۆکوژ، بەردباران، کاروبار، ئەلفوبێ، ھاتوچۆ، زانستپەروەر، زانستخواز، ئازادیخواز، وڵاتپارێز، سێشەممھ، ڕاستەوخۆ، نیشتمانپەروەر، گوڵەگەنم، ڕێنووس، باوکمردوو، یەکگرتوو، ئاڵوگۆڕ، ڕۆژنامەنووس، ھەواڵنێر، پەیامنێر، بەرزەفڕ، جەرگبڕ، مناڵپارێز، چەمچەماڵ، بێکەس، جێبەجێ، دەستبەجێ، کانیکەوھ، ھەڵگورد، تاقبۆستان «تاقۆسان»، ملھوڕ، تەختەکلیل، پاشبنەما، بنکەدراوە «databa»، بەستھێڵ «dash»، ڕوومێز «desktop»


پیتی «ت» لە کۆتاییی فەرماندا

پیتی «ت» لە کۆتاییی فەرماندا ھەم دەتوانرێ بنووسرێ و ھەمیش دەتوانرێ نەنووسرێت، وەکوو:

  • «دێ و دەڕوا» یان «دێت و دەڕوات»
  • «نان دەکا» یان «نان دەکات»


وشەی بیانی

ھەر وشەیەکی بیانی ھاتبێتە ناو کوردییەوە دەبێ بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێت یان ئەگەر پێویست بوو وەکوو خۆی بنووسرێتەوە دەبێ بخرێتە ناو دوو کەوانەوە.

  • ئەڵڵا، قەڵەم، ئەکبەر.
  • لە زمانی کوردیدا بە «مذھب» دەڵێن "ڕێباز".


ئامرازی «تر» و وشەی «تر»

«تر، ترین» وەک ئامرازی بەراوردکردن، دەبێ بلکێن بە وشەکانی پێشیانەوە، وەکوو:

  • جوان، جوانتر، جوانترین
  • گەرم، گەرمتر، گەرمترین

وشەی «تر» بە واتای «دی، دیکە»‌، وشەیەکی سەربەخۆیە و دەبێ بەجیا بنووسرێت:

  • کابرایەکی تر، شەوێکی تر، نووسەرێکی تر.


پاشگرەکانی «دا، ڕا، وە، ەوە»

دەبێ بلکێن بە وشەکانی پێشیانەوە، وەکوو:

  • دا: لە ماڵدا چاوم پێ کەوت.
  • ڕا: لە کوێڕا ھاتی؟
  • وە: لە کوێوە بۆ کوێ؟
  • ‌وە: لە ھەوەڵەوە بیگێڕەوە.


فرمانی «دا»: وشەی «دا» کە ڕابردووی «دان، دایین»ە جیاوازیی ھەیە لەگەڵ پاشگری «دا» و، دەبێ بەجیا بنووسرێت:

  • لە ماڵدا نامەکەم پێ دا. «نەک پێدا».
  • لە کوردستاندا لاوان گوێیان لە دوژمن نەدا. «نەک دوژمننەدا، نەک دوژمن نە دا».
  • بەڵێنم دا سبەی بیبینم. «نەک بەڵێمندا».
  • ئاخری وەڵامی دایەوە. «نەک وەڵامیدایەوە».

کێشەی «لە»

«لە»، ھەندێ جار سەربەخۆ دەنووسرێت: "شۆڕش لە کوردستاندا گەرمە."

ھەندێ جار دەلکێ بە وشەکەی پاشیەوە و وشەیەکی لێکدراو پێک دێنێ: «لەگەڵ with»، «لەسەر on»، «لەژێر under». لەو دۆخانەدا نابێ بە دوو وشە جیا کرێنەوە و بنووسرێ: «لە گەڵ، لە سەر، لە ژێر».

«لە»، ھەندێ جار لەگەڵ «ئەوێ» و «ئێرە» کۆ دەبێتەوە و ئەو کاتە، «ـە» و «ئـ» دەقرتێنرێن:

  • لە ئەوێ = لەوێ
  • لە ئێرە = لێرە

بەراوردکاری

«بێ» یان «بەبێ»؟

لێرەدا‌ دەمانەوێ بەراوردکارییەک لەگەڵ زمانە ئەورووپییەکاندا بکەین، بۆ ئەو مەبەستە باشترە بە نموونەیەک دەست پێ بکەین:

جیاوازیی «بێکار‌» لەگەڵ «بێ کار‌» لە چیدایە؟ لکاندن یان نەلکاندنی «بێ» بە وشەکەی پاشی خۆیەوە بەتەواوی واتای وشەکە دەگۆڕێ:

  • ئەو پیاوە دوو ساڵ‌ بێکار بوو‌.
  • بێ کار ژیان ئەستەمە. (دەکرێ ئاواش بینووسینەوە: بەبێ کار ژیان ئەستەمە.)

ھەر کاتێ ناوێکت ھەبوو و خاوەنێتییەکی لێ سەندرابێتەوە «بێ» دەلکێنین بە سەرەتای وشەکەوە:

  • بێباوک، بێخانوو، بێکەس، بێوڵات، بێنیشتمان، بێپارە، بێتام‌.
واتە: کەسێ کە باوکی نییە. کەسێ کە خانووی نییە و ھتد.

ئەم مەبەستە،‌ لە زمانە ئەورووپییەکاندا، زۆر جار بە پاشکۆیەک کە دەلکێ بە وشەکەوە دیاری دەکرێت:

  • بێخانوو = homeless
  • بێتام، بێچێژ = tasteless

کە جیاوازیی‌ ھەیە لەگەڵ «without»:

  • بێ تۆ ناچم بۆ ئەوێ = I do not go there without you

پوختەی باسەکە:

«بێـ...» = «less...»
«بێ، بەبێ» = «without»


ئاوەڵکار «قید»

کاتێ وشەیەک چۆنێتیی فرمان یان کردارێک (verb)، ڕوون کاتەوە پێی دەوترێ ئاوەڵکار (adverb). نموونە:

  • ئاسۆ بەخێرایی قسەی دەکرد. «چۆن قسەی کرد؟ "بەخێرایی"»
  • سۆما بەتووڕەیی وەڵامی دایەوە. «چۆن وەڵامی دایەوە؟ "بەتووڕەیی"»
  • لانە بەئەسپایی ھاتەوە. «چۆن ھاتەوە؟ "بەئەسپایی».

ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجڕاکێشانە،‌ ئەوەیە کە "بە" دەلکێ بە ئاوەڵناوەکەی پاشیەوە‌ و، نابێ لێک دوور خرێنەوە. نموونەی تر:

بەجوانی، بەشادی، بەبەرزی، بەھێواشی، بەتوندی.

ئەم شێوازە لە زمانی ئینگلیزیدا «ly» دەگرێت و دەلکێ بە ئاوەڵناوەکەوە: «بەھێواشی slowly».


ئەمانەش ببینە

بەستەری دەرەکی

سەرچاوە

  • زانستپەروەرانی کورد[١]