ناوی بچووککراو

ناوی بچوککراوە بریتییە لە بەکارهێنانی ناوێک بۆ کەسێک یان شتێک، بە مەبەستی بچووکردنەوەی،یان دەربڕینی خۆشویستن و دۆستایەتی.

ناوی بچووککراو بریتییە لە وەرگرتنی ڕەگی وشەیەک و دروستکردنی وشەیەکی تر کە مانەیەکی بچووکتر بدات بەدەستەوە، بە مەبەستی بچووکردنەوەی، یان دەربڕینی خۆشویستن و دۆستایەتی و نازپێدانی.[١][٢][٣][٤][٥]

ھەندێک جار ناوە بچووککراوەکە ھەر ھەمان بێژەی ھەیە وەک نازناو یان ناو نازداریی کە لە خۆشەویستی و دۆستایەتیی بۆیان بەکار دێت.

لە ھەندێک کاتدا ناوی بچووککراو بۆ شکاندن و بێھێز پشاندانی شتەکە یان کەسەکە بەکار دێت، بۆ ئەوەی وا پشان بدرێت کە لاوازە، وەک مناڵۆچکە.

پێچەوانەی ئەم ناوی گەورەکراوە کە شتەکان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەکات.

بۆ زۆربەی وشەکان بە زیادکردنی پاشگر دروست دەکرێن، کە زۆربەی پاشگرەکانیش لە وشەی (چکۆلە)ەوە وەرگیراون، وەک ناسک+ۆڵە دەبێتە ناسکۆڵە.

بەکارھێنانەکانی لە زماندا دەستکاری

ناوی بچووککراو بە ئەم مەبەستانە بەکار دێت:[٣][٤][٥]

  • ئەگەر ئەو شتەی ناوەکەی لێ دەنرێت، لە ڕووی قەبارە و جەستەیییەوە بچووک بێت. وەک، (مێشوولە، داسوولکە، باخچە)
  • لەبەر نازپێدان و دەربڕینی خۆشەویستی و دۆستایەتی و دەربڕێنی لەنێوان برادەری نزیکدا. وەک (برالە، خەپۆکە)
  • بۆ شکاندن و کەمکردنەوەی نرخ و تانە لێدانیان، یان گاڵتە و پێکەنین. وەک (منداڵۆچکە)

چۆنییەتی دروسکردنی ناوی بچووککراو دەستکاری

ناوی بچووککراو بە دوو شێوە دروست دەکرێت:

  • بۆ ئەو ناوە گشتیانەی کە توانایی بچووککردنەوەیان ھەیە: لەڕێگەی زیادکردنی یەکێک لەو پاشگرانەی کە زۆربەیان لە پیتەکانی وشەی «چکۆلە»وە وەرگیراون، وەک پاشگرەکانی (ۆکە، ڵە، ۆڵە، ولە، وولە، ۆل، ۆڵ، یلە، ولکە، چە، چکە، ۆچکە، ک، ۆڵکە، ۆک، ۆشک، لە، یلکە)
  • بۆ ناوە تایبەتییەکان لە ئەگەری بچووککردنەوەیاندا، شوێن ھیچ ڕێسایەک ناکەون و بنامەیەکی جێگیری نییە، بەپێی شوێن و ناوچە دەگۆڕێت.

نموونە دەستکاری

نموونە لە ناوە تایبەتییەکاندا دەستکاری

  • فاتمە: فاتمۆک، فاتمۆکێ
  • برایم: برایمۆک
  • ئەحمەد: ئەحۆک.

نموونە لە ناوە گشتییەکاندا دەستکاری

ناوەکە پاشگر ناوی بچووککراوە
کەپر ۆکە کەپرۆکە
گۆزە ڵە گۆزەڵە
بەرخ ۆلە بەرخۆلە
جام ۆڵە جامۆڵە
کیژ ۆڵە کیژۆڵە
کرم ۆڵ کرمۆڵ
کار یلە کاریلە
مێش وولە مێشوولە
جام وولکە جاموولکە
دەریا چە دەریاچە
ڕێ چکە ڕێچکە
منداڵ ۆچکە منداڵۆچکە
گرد ۆڵکە گردۆڵکە
گوند ۆک گوندۆک
برا لە برالە
جام یلکە جامیلکە

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Glossary – D to F". The Standards Site. Department for Children, Schools and Families, The Crown. 2008. Archived from the original on 2008-12-27. ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ Shorter Oxford English Dictionary, 6th edition
  3. ^ ئ ا پۆلی 8 کوردی ڕێزمان وانەی 6 ناوی بچووککراوە (بە ئینگلیزی), retrieved 2021-09-22
  4. ^ ئ ا زمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی ھەشتەمی بنەڕەتی. کوردستان: وەزارەتی پەروەردە. 2015. pp. ٣٦–٣٨.
  5. ^ ئ ا ھاشمی, ئیدریس (2021/03/27). "ڕێزمانی کوردی". یاگەی زمان. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)CS1 maint: url-status (link)