مەستیزادە عەبدولمەجید

مەستیزادە عەبدولمەجید عەبدولمەجید بەرقی كوڕی ڕەسوول مەستی لە بەگەكانی كوردە و لە سولالەی چوتانلی یە. ساڵی 1289ی كۆچی، بەرامبەر 1872-1873ی میلادی لە ویلایەتی موسڵ لەدایك بووە. لە مەكتەبی ڕوشدییەی سلێمانی خوێندوویەتی و دەرسەكانی تەواو كردووە بەڵام نەیتوانیوە بڕوانامە وەربگرێ. لە ویلایەتی موسڵ لە مەكتەبی دۆمینیكان و فڕەنسییەكان خوێندوویەتی و عەرەبی، فارسی، توركی و فڕەنسی بە قسەكردن و نووسین و زمانی كوردیشی بەقسەكردن زانیوە. لە ساڵی 1305ی ڕۆمی چۆتە مەكتەبی فنوونی مولكییە و تا پۆلی سێ بەردەوام بووە و دواتر وازی هێناوە. وتاری لە ڕۆژنامەی موسلیمی شاری بۆمبای هیندستان بڵاوبۆتەوە. لە 21ی شەووالی ساڵی 1317ی كۆچی كە دەكاتە بەرامبەر 22/2/1900 بە ڕۆژانەی 20 قڕووش لە دیاربەكر بۆتە فەرمانبەر. دواتر بە مووچەی 1125 قڕووش لە ویلایەتی وان، لە سەنجاقی هەكاری لە بەڕێوەبەرایەتی تەحریرات دامەزراوە. لە 17/9/1907 لە دیاربەكر دەستی لە كار هەڵگرتووە و ڕۆژی 5ی ڕەمەزانی هەمان ساڵ لە هەكاری دەست بەكار بووە. هەر لەبەر لێهاتوویی و خزمەتە باشەكانی لە كاری فەرمانبەریدا، لە هەر یەكە لە ئەنجومەنی ویلایەتی دیاربەكر و ئەنجومەنی سەنجاقی هەكاری سوپاس و پێزانینی بۆ نێردراوە. لەبەر شارەزابوونی لە كاروباری سیاسیدا، حكومەتی مەشرووتییەی عوسمانی بە گونجاوی زانیوە ناوبراو لە شارەكانی خوی و سەلماس بكاتە فەرمانبەری شابەندەر لە وەزارەتی دەرەوە. هەندێ لە بۆچوونەكانی بۆتە جێی ڕەخنەی عوسمانییەكان، بە گوێرەی بەڵگەنامەكان چەند بەرهەمێكی نووسیوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان دیار نین و ناوبراو لە دوای خانەنشینبوونیشی لەبەر لێهاتوویی لە كارەكانیدا، ڕەزامەندی درا لە سنجاقی سینۆپ لە 24ی تەمموزی ساڵی 1329ی ڕۆمی لە ویلایەتی قەستەموونی دەست بەكاربێتەوە. تا ساڵی 1918ش لە ژیاندا بووە و ناشزانرێ كەی و لە كوێ وەفاتی كردووە (DH.SAİDd.00171 سەرچاوە: مەستیزادە عەبدولمەجید بەرقی، هێمن عومەر خۆشناو، گۆڤاری خاڵ