مۆسیقای فۆلکلۆر جۆرێکی مۆسیقایە کە مۆسیقای فۆلکلۆری سونەتی و مۆسیقای هاوچەرخ دەگرێتەوە و وەک سەردەمی بووژانەوەی فۆلکلۆر لە سەرەتاکانی قەڕنی بیستەمەوە پەرەی سەندووە. ڕەنگە هەندێ لە جۆرەکانی مۆسیقای فۆلکلۆر وەک مۆسیقای جیهانی ئاماژەیان بۆ بکرێت. مۆسیقای سونەتی یان نەریتی چەندین جۆرە پێناسەی بۆ کراوە: وەک مۆسیقای گوازراوەی زارەکی، مۆسیقایەک کە ئاوازدانەری دیار نییە، مۆسیقایەک کە بە ئامێرە نەریتییەکان دەژەنرێت، مۆسیقایەک کە باسی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیەک دەکات، مۆسیقایەک کە نەوە لە دوای نەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت (پرۆسەی فۆلکلۆر)، مۆسیقایەک کە پێوەندیی بە دابونەریتەوە هەیە و بۆ ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە و پێشکەش دەکرێت. مۆسیقای فۆلکلۆر وەک جۆرێک مۆسیقای بەرامبەر مۆسیقای کلاسیک و مۆسیقای بازرگانیپێکراو دانراوە. دەستەواژەکە لە قەڕنی نۆزدەیەمەوە هاتۆتە نێو زمان و بۆتە باو بەڵام مۆسیقای فۆلکلۆر مێژوویەکی دوور و درێژتری هەیە.


لە ناوەڕاستەکانی قەڕنی بیستەمەوە جۆرێکی نوێی مۆسیقای فۆلکلۆر لە مۆسیقای نەریتییەوە وەرگیراوە و پەرەی سەندووە. ئەم پرۆسە وەک قۆناغی دووهەم ئاماژەی بۆ دەکرێت و لە شەستەکانی قەڕنی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە و بەرزترین ئاستی خۆی. هەندێ جار وەک مۆسیقای فۆلکلۆری هاوچەرخ ئاماژەی پێدەدەن و یان بۆ جیاکردنەوەی لە جۆرەکانی پێشووی فۆلکلۆر پێی دەڵێن مۆسیقای بووژێنراوی فۆلکلۆر. شیاوی باسە کە لە شوێنەکانی دیکەی جیهانیشدا گۆڕانکاریی هاوشێوە بەردەوام بووە، بەڵام بە گشتی دەستەواژەی مۆسیقای فۆلکلۆری هاوچەرخ تایبەتە بە سەردەمی بووژانەوە و گۆڕانکارییە گەورەکان. ئەم جۆرە فۆلکلۆرە فۆڕمەکانی وەک فۆلکلۆر ڕۆک، فۆلکلۆر مێتاڵ و ... دەگرێتەوە. ئەگەرچی مۆسیقای فۆلکلۆری هاوچەرخ بە گشتی لە مۆسیقای فۆلکلۆری کۆن و نەریتی جودایە بەڵام ئەمریکییەکان هەمان ناوی لەسەر مۆسیقای فۆلکلۆر بەگشتی دادەنێن و زۆر جار هەمان پێگە و جێگەی مۆسیقای فۆلکلۆری کۆن و نەریتی هەیە.

مۆسیقای فۆلکلۆری کۆن یان نەریتی

دەستکاری

پێناسە

دەستکاری

دەکرێ بڵێین دەستەواژەکانی مۆسیقای فۆلکلۆر، گۆرانی فۆلکلۆر و سەمای فۆلکلۆر تا ڕادەیەک نوێن. ئەم چەند دەستەواژەیە دەگەڕێنەوە سەر وشەی فۆلکلۆر کە ساڵی 1846 لەلایەن ئارکیۆلۆژیست یان کەونینەناسی بەریتانی واتە ویلیام تۆمسەوە داهێنراوە و ئاماژە بووە بۆ "دابونەریت و خەرافەکانی چینە بێ کەلتوورەکان". ئەم وشەیە بۆ خۆی لە وشەی volkی ئەڵمانییەوە وەرگیراوە و واتای دەبێتە "گەل و خەڵک وەک عام و گشتی" و پاشان لە ناوەڕاستەکانی قەڕنی ڕابردووەوە لە لایەن یوهان گاتفرید هێردەر و ڕۆمانتیکە ئەڵمانییەکانەوە کراوەتە ئاماژە بۆ مۆسیقای باو و نیشتمانی.


ڕوانگەیەکی مێژوویی مۆسیقای فۆلکلۆری کۆن و نەریتی وەک هەڵگری کۆمەڵێک کاراکتەر و تایبەتمەندی دەبینێت کە بریتین لە: [١]

  • بەشێوەی زارەکی گواستراوەتەوە. پێش سەردەمی نوێ و سەدەی بیستەم زۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی ئاسایی نەخوێندەوار بوون و گۆرانییەکانیان لەبەر دەکرد. کە واتە سەرەتا کتێب یان بەرهەمی تۆمارکراو بوونی نەبووە.
  • ئەو جۆرە مۆسیقایە زۆر جار پێوەندیی بە کەلتووری نەتەوەییەوە هەبووە. تایبەت بووە بە ناوچە و کەلتوورێکی دیاریکراو. پاشان لە چوارچێوەی گرووپی کۆچەردا مۆسیقای فۆلکلۆر دەرفەتی زیاتر بۆ یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەداتە دەستەوە. بەتایبەت لەو شوێنانەی کە کۆچبەر و پەنابەر زۆرن وەک یۆنانییەکانی ئۆسترالیا، سۆمالییەکانی ئەمریکا، پەنجابییەکانی کەنادا و ... ئەم تاقمانە هەوڵ دەدەن جەخت لەسەر جیاوازییەکان بکەنەوە. بۆیە فێری گۆرانی و سەما دەبن کە ئەو گۆرانی و سەمایە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی باب و باپیرانیان.
  • یاد و بیرئانینن بۆ ڕووداوێکی مێژوویی یان تاکەکسی. بۆ نموونە گێڕانی گۆرانی و جێژنی تایبەت لە هەندێ ڕۆژ و بۆنەی وەک کریسمەس، جێژنی ئیستەر و ڕۆژی ئایار و هتد. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە ساڵۆگەڕی لەدایکبوون و یان ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری یان پرسە گۆرانی و سەما و جلوبەرگی تایبەتی خۆیان هەبێ. زۆر جار فستیڤاڵە ئایینییەکان پێکهاتەیەکی مۆسیقای فۆلکلۆریان لەگەڵە.
  • ئەو گۆرانییانە وەک دابونەریت ماونەتەوە و پێشکەش کراون و بۆ چەند نەوە گواستراونەتەوە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Mills، Isabelle (1974). «The Heart of the Folk Song». Canadian Journal for Traditional Music. 2.