موخڵیس

(لە موخڵیصەوە ڕەوانە کراوە)

موخڵیص:(١٩١٠-١٩٨٥) نووسەر ، شاعیر ، كەسایەتی ئاینی ، لەنەتەوەی كورد بووە.

موخڵیص

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

ناوی خەلیل کوڕی ڕەسووڵ کوڕی مستەفا و لە خێڵی سنجاوییە، ١٩١٠ لە دێی (شۆرەزەرتکە)ی ناوچەی دەشتی کەندێناوەی ھەولێر لەدایک بووە. تەمەنی پێنج ساڵ بووە کە بابی مردووە. دایکی پەروەردەی کردووە. سەرەتا لای مامی لە دێی (دووسەرە) دەستی داوەتە خوێندن. پاشان بە فەقێیەتی ڕووی کردووەتە گەلێک جێ؛ ١٩٣٢-١٩٤٣ لە دێی (کەنداڵ)ی نزیکی مەخموور و دێی (سوورێژە)ی سەر بە قوشتەپە و دێی (پیرداود). کە موستەعید بووە، لای مەلا شێخ جەلالی کانی کوردەیی لە دێی (ترپەسپیان) و دێی (چەغەمیرە)ی ناوچەی کەندێناوە خوێندوویە. ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٤ خوێندنی لای مەلا ساڵحی کۆزەپانکە لە ھەولێر تەواوکردووە و ئیجازەی مەلایەتیی لێ وەرگرتووە.[١][٢]

تەریقەتی نەقشبەندی دەستکاری

ناسناوی سەرەتای شیعرنووسینی "وافی" بووە تا ١٩٤٣. لە ١٩٤٤ەوە ناسناوی "موخڵیص"ی بەکارھێناوە. تەریقەتی لەسەر دەستی شێخ مستەفای ھەرشەمی وەرگرتووە و بووە بە سۆفیی نەقشبەندی. پاش ئیجازەوەرگرتن، گەڕاوەتەوە بۆ دێی (دووسەرە) و لە جێی مامی بووە بە مەلا. ١٩٥٢ لە ماڵ و منداڵ زویر بووە، ڕووی کردووەتە ھەولێر و دوای ماوەیەک بووەتە مەلای (مزگەوتی فەللووجە). دیسان گەڕاوەتەوە بۆ ھەولێر و (دووسەرە) و تا ١٩٧٥ مەلایەتیی کردووە. پاشان بە یەکجاری دێی بەجێ ھێشتووە و پاشماوەی ژیانیی لە خانەقای شێخ مستەفای ھەرشەمی لە شەقڵاوە بەسەربردووە.[١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

لەوێ نەخۆشیی تەنگەنەفەسی تەنگی پێ ھەڵچنیوە، تا لە ٥/٦/١٩٨٥دا لە نەخۆشخانەی ھەولێر کۆچی دواییی کردووە و تەرمەکەی لە دێی (پیرداود) نێژراوە.[١][٢]

بەرهەمەكانی دەستکاری

موخڵیص، جگە لە دیوانی شیعرەکانی، ئەم بەرھەمە لەچاپدراوەیشی ھەیە: مەولوودنامەی کوردی، چاپخانەی کوردستان- ھەولێر، ١٩٦٨.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8223-8224
  2. ^ ئ ا ب پ دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی لە ھەولێر و دەوروبەری، ئینسکلۆپیدیای ھەولێر، ب٨، ل٣٢٧٩-٣٢٨٠، ٣٤٨٠.