دێنیسۆڤان یان دێنیسۆڤای هۆمینید جۆرێكی لەناوچووی مرۆڤی دێرینن لە ئاسیا ژیاون لە سەرەتا و ناوەڕاستی چاخی (پەیلیۆلیتیك – چاخی بەردینی). جۆری دێنیسۆڤان بەهۆی چەند پاشماوەیەکی کەمەوە ئاشکرابوون و زۆربەی ئەو زانیارییانەی لەسەریان بوونی هەیە دەگەرێتەوە بۆ بەڵگە (DNA)یەکان. بەهۆی دواکەوتن لە هاوڕایی لەسەر پێگە و شوێنی پۆلێنەکانیان ناوەکانی (هۆمۆ دێنیسۆڤا، هۆمۆ ئاڵتەیانسس یان هۆمۆ سەیپیەن دێنیسۆڤا)یان بۆ بەکارهاتووە.

یەکەمین تاکی دێنیسۆڤا لە ساڵی ٢٠١٠ ناسێنرا بەهۆی (DNAی مایتۆکۆندریا - mtDNA) کە وەرگیرابوو لە ئێسکی پەنجەی مێیەکی گەنج لە ئەشکەوتی دێنیسۆڤای سیبریا. جۆری مرۆڤی نێردەتاڵەکانیش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێبوون بەڵام دیار نییە ئەگەر نێردەتاڵەکان لەگەڵ دێنیسۆڤاکان پێکەوە ژیابێتن لە هەمان ئەشکەوت دا. هەروەها دواتر چەند نموونەیەکی دیکەی جۆری دێنیسۆڤا دۆزرانەوە لە ئەشکەوتی (بەیشیا کارست) لە ناوچەی تبتی وڵاتی چین کە ئەمە پیشانی دەدت لە ناوچە نیشتەجێیە فراوان و هەمەجۆرەکان دا ژیاون وەك (دارستان، تەندرا و شاخەکان). بەڵگەکانی (DNA) پێشنیار دەکات کە خاوەنی پێست، چاو و قژی تۆخ بووبێتن، بنیاد و شێوە ڕووخساری نێردەتاڵانەیان هەبووبێت بەڵام خاوەنی ددانی کاکیلەی گەورەتر بووبێتن ئەمە جیاکەرەوەیە بۆ مرۆڤە دێرینەکان و ئەو جۆرانەی (ئاسترۆلۆپیسیسین) کە لە چاخی (پلیستۆسین)ی ناوەڕاست و (پلیستۆسین)ی کۆتادا ژیاون.  

وا دیارە (دێنیسۆڤان)ەکان لەگەڵ مرۆڤە نوێیەکان دا تێکەڵی زاوزێ بوون و دەکرێت لێكدانی نێوان دێنیسۆڤان و مرۆڤە نوێیەکانی ناوچەی (گێنیی نوێ) نزیکەی ١٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕوویدابێت. هەروەها بەڵگە بوونی هەیە لەسەر لێکدراووی نێوان نێردەتاڵەکان دێنیسۆڤادا کە بۆتە هۆی هاتنەکایەی یەکەمین وەچەی دووسەر بە ناوی "دێنیی" کە باوکی سەر بە جۆری دێنیسۆڤا و دایکی سەر بە مرۆڤی نێردەتاڵەکان بووە.

دەکرێت جیینەکانی (دێنیسۆڤا) یارمەتیدەری مرۆڤە نوێیەکان بووبێتن لە خۆگونجاندنی ژینگەیی لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا. گواستنەوەی جیینەکان لە جۆری (دێنیسۆڤا)دا لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا ڕوویداوە وەك لەوەی لە ناوچەی سەرەکی و ناوەندیی ئاسیا ڕوویدابێت. وە لەو کاتەدا بنەچەی مرۆڤەکانی ئاسیای ڕۆژهەڵاتی و ئەندەنوسییەکان بوونیان نەبوو لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت رۆژهەڵاتی ئاسیا لەلایەن مرۆڤە نوێیەکانەوە بە دوو کۆچی جیاواز ئاوەدانکراوەتەوە. ڕێژەی لە ٠،٢ % بنەچەی جۆری (دێنیسۆڤا) لە ناوچەی ناوەندی ئاسیا و ئەمریکییە ڕەسەنەکان دا دۆزراوەتەوە.

توێکاری و پێکهاتەی جەستەیی دەستکاری

خەسڵەتە توێکاریی و جەستەییە وردەکانی جۆری دێنیسۆڤا زۆر بە کەمی زانراوە چونکە ئەو پاشماوە جەستەییانەی هەتا ئێستا دۆزراونەتەوە بریتیین لە (ئێسکی پەنجەیەك، سێ ددان، پارچەی ئێسکی درێژ، نیوەی ئێسکی شەویلگە و پارچەی ئێسکی لاتەنیشتی کەلەسەر.) ئێسکی پەنجەکە لە مەودای درێژی ئێسکی پەنجەی مێی مرۆڤی نوێدایە.[١]

ددانی کاکیلەیی سێیەم لە مەودای هیچ جۆرێکی (هۆمۆ)دا نییە جگە لە جۆرەکانی (هۆمۆ هابیلس و هۆمۆ رودۆلفێنسیس) نەبێت و بە ڕادەیەکی زیاتریش هاوشێوەیە لەگەڵ ددانەکانی جۆری (ئاسترۆلۆپیسیساین). ددانی کاکیلەیی دووەم هاوشێوەی ددانی جۆرەکانی (هۆمۆ ئێرکتس و هۆمۆ هابیلس)ە. هاوشێوەی مرۆڤە نێردەتاڵەکان، لە شەویلگەی خواروودا بۆشاییەك لە دواوەی ددانە کاکیلەییەکان بوونی هەبووە و ددانەکانی پێشەوە تەختکرابوون. [٢]

توانراوە دروستکردنەوە و پێکهاتەیەکەی ڕووخساری بۆ جۆری (دێنیسۆڤا) بەرهەمبهێنرێت. هەڵسەنگاندنی ئەم دروستکردنەوەیە پێشنیار دەکات کە جۆری (دێنیسۆڤان)ەکان هاوشێوەی مرۆڤە نێردەتاڵەکان خاوەنی دەموچاوێكی درێژ، پان و هاتووە پێشەوەیان هەبووە لەگەڵ لووتێكی گەورەتر، ناوچەوانێکی لار، شەویلگەیەکی دەرپەڕیوو، کەلەسەرێکی درێژبوو و تەخت وە سنگێکی پان و کلۆتێكی پان. لەگەڵ ئەوەش دا جۆری دێنیسۆڤا ڕیزی ددانی دڕێژتربووە بە بەراورد بە نێردەتاڵەکان و مرۆڤە نوێیەکان (لەڕووی توێکارییەوە نوێ).[٣]

جینۆمی (دێنیسۆڤان)ی دۆزراوە لە ئەشکەوتی دێنیسۆڤادا گۆراوی بۆماوەیی (جینی) لەخۆدەگرت کە ئەو جۆرە گۆراوە بۆماوەییانە لە مرۆڤی نوێ دا پەیوەستە بە پێستی تۆخ، قژی قاوەیی و ڕەنگی چاوی قاوەیی. هەروەها لە جینۆمی (دێنیسۆڤان)دا ناوچەیەکی گۆراو هەیە نزیك لە جینی ( EPAS1 – وەڵامدەرەوەی جەستەیی بەرامبەر چڕی ڕێژەی ئۆکسجین) کە لە دانیشتوانی ناوچەی تبت دا (تبتییەکان) یارمەتییان دەدات لە خۆگەنجاندنیان بەرامبەر ڕێژەی کەمی ئۆکسجین لە ژینگە و ناوچە بەرزەکان دا.[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Zubova, A.; Chikisheva, T.; Shunkov, M. V. (2017). "The Morphology of Permanent Molars from the Paleolithic Layers of Denisova Cave". Archaeology, Ethnology & Anthropology of Eurasia. 45: 121–134. doi:10.17746/1563-0110.2017.45.1.121-134.
  2. ^ Ovodov, N. D.; Crockford, S. J.; Kuzmin, Y. V.; Higham, T. F.; Hodgins, G. W.; van der Plicht, J. (2011). "A 33,000-Year-Old Incipient Dog from the Altai Mountains of Siberia: Evidence of the Earliest Domestication Disrupted by the Last Glacial Maximum". PLoS ONE. 6 (7): e22821. Bibcode:2011PLoSO...622821O. doi:10.1371/journal.pone.0022821. PMC 3145761. PMID 21829526.
  3. ^ Krause, J.; Fu, Q.; Good, J. M.; Viola, B.; Shunkov, M. V.; Derevianko, A. P.; Pääbo, S. (2010). "The complete mitochondrial DNA genome of an unknown hominin from southern Siberia". Nature. 464 (7290): 894–897. Bibcode:2010Natur.464..894K. doi:10.1038/nature08976. PMID 20336068. {{cite journal}}: Unknown parameter |lastauthoramp= ignored (help)
  4. ^ Douka, K. (2019). "Age estimates for hominin fossils and the onset of the Upper Palaeolithic at Denisova Cave". Nature. 565 (7741): 640–644. doi:10.1038/s41586-018-0870-z. PMID 30700871.