Kurdinet
ته‌كنۆلۆژیای نانۆ دەستکاری
ریچارد فاینمه‌ن، به‌رله‌وه‌ی خه‌لاتی نۆبڵ له‌بواری فیزیا له‌ساڵی (١٩٦٥)دا وه‌ربگرێت، یه‌كێك بوو له‌ناودارترین زانایانی بواری فیزیای شه‌سته‌كان، كه نازناوی باوكی ته‌كنۆلۆژیای نانۆی پێدرا، ساڵی (١٩٦٠) له‌كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی فیزیای ئه‌مریكا وتارێكی پێشكهشكردو تێیدا پێشبینییه‌كی هه‌ژێنه‌رو سه‌رنجڕاكێشی هێنایه ئاراوه، ئه‌و وتی: شوێن (بۆشایی)یه‌كی زۆر له‌خواره‌وه بوونی هه‌یه، ئه‌م رسته‌یه بووه بنه‌ڕه‌تی زانستی ته‌كنۆلۆژیای نانۆ، ئه‌و له‌و وتاره‌دا ئه‌و باسه‌ی هێنایه ئاراوه كه: بنه‌ماكانی زانستی فیزیا جگه له‌توانای گۆڕینی ئه‌تۆم بهئهتۆم (واته بچووككردنه‌وه‌ی شته‌كان تا قه‌باره‌ی ئه‌تۆم) هیچی دیكه‌ی مه‌به‌ست نییه، ئه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و پێشنیازه‌ی هێنایه ئاراوه كه ده‌كرێ ئه‌تۆمه‌كان به‌جیاجیا ده‌ستكاریی بكرێن و ماده‌و پێكهاته‌گه‌لی بچووك بهێنرێنه‌دی كه‌خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی جیاواز بن، ئه‌گه‌رچی پێشبینییه‌كه‌ی فاینمه‌ن لای زانایانی هاوچه‌رخی خۆی به‌باشی وه‌رنه‌گیرا، به‌لام ئه‌و پێشبینییانه ئه‌مڕۆ هاتوونه‌دی.
گه‌رده كانزاییه‌كان
له‌په‌نجاكان و شه‌سته‌كاندا كاری زۆر كرا له‌سه‌ر گه‌رده كانزاییه‌كان، له‌و كاته‌دا به‌و چه‌شنه چالاكییانه ئه‌وترا ته‌كنۆلۆژیای نانۆ، به‌رهه‌مهێنانی گه‌ردی نانۆمه‌تری كانزا تفته‌كان به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن لهههڵماندنی سۆدیۆم و پێتاسیۆم و هه‌ڵماندنی خێـرایان له‌و چه‌شنه چالاكییانه بوو. به‌م پێیه فاینمه‌ن هه‌رگیز له‌باره‌ی وشه‌ی ته‌كنۆلۆژیای نانۆوه باسی نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌و وشه‌یه بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن تانیگۆچییهوه ساڵی (١٩٧٤) و له‌په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ (ته‌كنۆلۆژیی به‌رهه‌مهێنانی به‌رووبوومه‌كان به‌وردبینی ئاستی سه‌ره‌وه‌و باشترین قه‌باره‌كان بۆ نموونه وردبینانه‌ترین و بالاترین ئاست له‌قه‌باره‌ی یه‌ك نانۆمه‌تر واته یه‌ك له‌سه‌ر میلیار لهمهترێكدا، له‌یه‌كێك له‌وتاره‌كانیدا به‌كاربراوه.
نانۆ چییه؟
پێشگری نانۆ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌وشه‌یه‌كی یۆنانی وه‌رگیراوه، كه هاو واتا لاتینهكهی (Dwarf) واته قه‌باره بچووك یان كورته بالایه، ئه‌م پێشگره له‌زانستی به‌راوردكاری (قیاس)دا به‌واتای یه‌ك لهمیلیارد (١٠-٩)ه به‌م پێیه یه‌ك نانۆمه‌تر یه‌ك له‌سه‌ر میلیاردی یه‌ك مه‌تره، بۆ نموونه، به‌راوردكردنی ئه‌ستووری تاڵه موویه‌كی مرۆڤ به‌شێوه‌ی مامناوه‌ندی نزیكه‌ی (٥٠٠٠٠) نانۆمه‌تره، یان ته‌نیا نزیكه‌ی (١٠) ئه‌تۆمی هایدرۆژن كه له‌پاڵ یه‌ك و لههێڵێكدا دانرێن یه‌ك نانۆمه‌تر پێكده‌هێنن.
ته‌كنۆلۆژیای نانۆ
به‌زمانێكی ساكار، زانستی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ره‌كیی گه‌ردیله‌كان و پێكهاته‌كانه به‌قه‌باره‌ی (١-١٠) نانۆمه‌تر، به‌وته‌یه‌كی دیكه نانۆ ته‌كنۆلۆژی شێوازێكی نوێی به‌رهه‌مهێنانی مادده‌یه به‌هۆی كۆنترۆڵكردن و ده‌ستكاریكردنی یه‌كه‌ی پێكهاته‌كه‌یان له‌قه‌باره‌ی نانۆدا. به‌هۆی بچووككردنه‌وه‌ی ماده‌وه له‌قه‌باره‌ی نانۆدا ده‌كرێ سوود له‌تایبه‌تمه‌ندیی و دیارده‌گه‌لێكی نوێ وه‌ربگرین، كه ته‌نیا له‌قه‌باره‌ی نانۆدا دێنه‌دی، نانۆ ته‌كنه‌لۆژی زانستێكی نوێ نییه، به‌ڵكو له‌بنه‌ڕه‌تدا زانستێكه كه چه‌ندین بوار ده‌گرێته‌وه، به‌و واتایه‌ی كه لهگۆشهڕوانینێكی نوێوه هه‌موو بواره‌كانی وه‌ك ژینگه‌ناسیی، فیزیا، كیمیا‌و... هتد ده‌گرێته‌به‌ر، ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه له‌زۆربه‌ی پیشه‌سازییه‌كاندا كه‌ڵكی تایبه‌تی لێوه‌رده‌گیرێت، پیشه‌سازیی ئۆتۆمبێل، گه‌ردوونگه‌ڕی، ژینگه، رستن و چنین، به‌رهه‌مهێنانی ماده‌و كه‌ره‌سته‌كان، كیمیا، ئه‌له‌كترۆنیك، ده‌رمانسازیی و ته‌ندروستی، پیشه‌سازیی سه‌ربازیی و ئاسایش تا ئێستا سوودی زۆریان له‌تایبه‌تمه‌ندییه بێ وێنه‌كانی ته‌كنۆلۆژیای نانۆ وه‌رگرتووه.
پێشكه‌وتنی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه
له‌ساڵی (١٨٥٧)دا مایكل فارادی گیراوه‌ی كلۆیدیی زێڕی دۆزییه‌وه، له‌ساڵی (١٩٠٥)دا ئا‌لبێرت ئهنێشتاین كرده‌ی گیراوه‌ی كلۆییدی شیكرده‌وه، دواتر لانگیمۆر له‌ساڵی (١٩٣٢) توێژاڵه‌كانی ئه‌تۆمی له‌قه‌باره‌ی یه‌ك گه‌ردیله‌دا به‌دیهێنا، له‌ساڵی (١٩٥٩)دا ریچارد فاینمه‌ن بیرۆكه‌ی (بۆشایی به‌رفراوانی له‌ڕووبه‌ری خواره‌وه‌دا) هێنایه ئاراوه، له‌ساڵی (١٩٧٤)یشدا نۆریۆ تانیگۆچی بۆ یه‌كه‌مجار وشه‌ی ته‌كنۆلۆژیای نانۆی بهركاهێنا، پاشان له‌ساڵی (١٩٨١)دا كۆمپانیای (IBM - ئه‌ی بی ئێم) كه‌ره‌سته‌یه‌كی چێككرد، كه به‌هۆیه‌وه ده‌كرێ تاك به‌تاك جێگۆڕكێ بهئهتۆمهكان بكرێت، له(١٩٨٥)یشدا دۆزینه‌وه‌ی پێكهاته‌یه‌كی نوێی كاربۆنی (٦٠) راگه‌یه‌نرا، له(١٩٩٠)دا هه‌مان كۆمپانیا توانای كۆنترۆڵی چۆنیه‌تی جێگیربوونی ئه‌تۆمی خسته‌ڕوو، له‌ساڵی (١٩٩١) بۆریه كاربۆنییه نانۆییهكان دۆزرایه‌وه، دواتر له‌ساڵی (١٩٩٣)دا یه‌كه‌م خاڵه‌كانی كوانتۆمی بهكوالیتیی بالا به‌رهه‌مهێنرا، له(١٩٩٧)دا یه‌كه‌م نانۆ ترانزیستۆ به‌رهه‌مهێنرا، له‌ساڵی (٢٠٠٠)یشدا یه‌كه‌م مۆدێلی (DNA - دی ئێن ئه‌ی) چێككرا، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا توێژینه‌وه‌و گه‌شه بۆ پێشخستنی بواری نانۆ ته‌كنۆلۆژی خێرایی زیاتری به‌خۆوه بینی.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نانۆ
نانۆ مادده‌و نانۆ پێكهاته نانۆییهكان، پوتانسیهلێكی به‌رفراوان بۆ به‌كارهێنان نانۆ مادده‌یان به‌گشتیی و پێكهاته نانۆییهكان، ئه‌و ماده‌یه‌ن كه پێكهاته‌كه‌یان یان به‌شێكیان قه‌باره‌ی نانۆی هه‌بێت، لهڕوانینێكی گشتیی‌دا، نانۆ مادده برتییه لهگهردهكان، فۆلرینهكان (پێكهاته گۆئاساكان كه لهئهتۆمهكانی كاربۆن پێكهاتوون) نانۆ بۆرییه‌كان (ئه‌و پێكهاته بۆری ئاسایانه‌ی كه بریتین لهئهتۆمهكانی كاربۆن یان ئه‌تۆمی دیكه) نانۆ ریشاڵ، نانۆ وایه‌ره‌كان، نانۆ كامپوزیت (رووكه‌ش)ه‌كان و ماده‌ی پێكهاته نانۆ له‌شێوازی داپۆشهرهكاندا یان مادده بهستۆكهكان كه پێكهاته‌یان نانۆییه.
تایبه‌تمه‌ندیی فیزیایی، كیمیایی و میكانیكی زۆر تایبه‌تی نانۆ مادده ده‌بێته هۆی به‌دیهاتنی پتانسیهلێكی به‌كه‌ڵكی به‌رفراوان له‌و ماددانه‌دا.
ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه زۆر تایبه‌تانه به‌هۆی نیسبه‌تی رووبه‌ر بهقهبارهوه پێكهاتوون، واتا كاتێ كه مادده بچووكترو بچووكتر ده‌بێته‌وه، تا ده‌گاته قه‌باره‌ی نانۆمه‌تر، له‌به‌ر به‌رفراوانبوونی به‌رچاوی رووبه‌ره‌كه‌یان، ماده ده‌ستده‌كات به‌گۆڕانكاریی لهكردهو جووڵهداو كرده‌ی رووبه‌ره‌كان زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر كرده‌ی كۆی مادده‌كه‌دا، بۆ نموونه كاتێ زێڕ به‌قه‌باره‌ی نانۆمه‌تری بچووك ده‌كرێته‌وه، تایبه‌تمه‌نییه فیزیكییه‌كه‌ی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ره‌نگ و پله‌ی گه‌رمای توانهوهشی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و نانۆ گه‌رده‌كانی زێڕ به‌نیسبه‌ت قه‌باره‌یانه‌وه ره‌نگه‌كه‌یان بۆ پرته‌قاڵیی، ئه‌رخه‌وانیی، سوور یان شینی مێمڵ بهكهسك ده‌گۆڕێت، هه‌ر به‌م پێیه مادده‌كانی دیكه‌ش بهبچووكبوونهوهی قه‌باره‌یان چالاكیی زیاتر له‌ئاستی رووبه‌ردا ده‌كه‌ن و تایبه‌تمه‌ندیی فیزیكی بێ وێنه له‌خۆیاندا نیشان ده‌ده‌ن.
وه‌رگێڕانی: ئاكۆ عومه‌ر
سه‌رچاوه: کوردستانی نوێ